کوردستان فردا
چهارشنبه ۰۴ مهر ۱۳۹۷ ۰۲:۲۰

به‌شداری نه‌کردنی ده‌نگده‌ر له‌ ده‌نگدان له‌ قازانجی کێیه‌؟

ئومێد مستەفا

گومانی تێدانییه‌ هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌وه‌ ده‌کرێ تا ئه‌و دۆخه‌ی که‌ پێشتر له‌ ئارادبووه‌ هه‌وڵی گۆڕانکاری بدرێت جا له‌ بواری سیاسی بێت یان ئابووری یان کۆمه‌ڵایه‌تی یان هتد….، گرنگ نابێ هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێ که‌چی بارودۆخه‌ باوه‌که‌ هه‌روه‌کو خۆی بمێنێته‌وه‌ و درێژه‌ی هه‌بێت، به‌ڵکو ده‌بێ ئه‌گه‌ر دۆخه‌که‌خراپه‌ هه‌وڵی چاککردنی بدرێ و ئه‌گه‌ر چاک و باشیشه‌ باشتر و چاکتر بکرێ و زیاتر به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ببرێت، ئه‌وه‌ش دیاره‌ له‌ خۆوه‌ ناکرێ و ئاوا به‌ ئاسانی مه‌یسه‌ر نابێت، به‌ڵکو به‌ره‌نجامی هاتنه‌پێشی که‌سانی تره‌ له‌ هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان که‌ به‌ عه‌قڵییه‌ت و نه‌هج و میتۆدێکی تازه‌ و به‌ شێواز و ئالییه‌تی تره‌وه‌ به‌رخورد له‌گه‌ڵ دۆخی پێشوو بکه‌ن، به‌مه‌به‌ستی ده‌رباز کردنی ره‌وشه‌که‌ و هێنانه‌ ئارای که‌ش و هه‌وایه‌کی تر که‌ جیا بێت له‌ هی پێش خۆی، هه‌ر هه‌موو ئه‌م گۆڕنکارییانه‌ش بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیان و پته‌وکردنی ژێرخانی وڵات و گه‌شه‌پێدانییه‌تی له‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کانییه‌وه‌، تا به‌هۆیه‌وه‌ بتوانێت مواکبه‌ی په‌ره‌سه‌ندنه‌کان و گۆڕانکارییه‌کانی دونیا بکا و له‌ کاروانی پێشکه‌وتن و به‌ شارستانی بوونی وڵاتان دوانه‌که‌وێت .

که‌واته‌ بۆ ده‌نگده‌ران کاتی ده‌نگدان گونجاوترین ده‌رفه‌ته‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر توڕه‌یی و گله‌یی و گازانده‌کی له‌ ده‌سه‌ڵاتی پێشوو هه‌بووبێت، ئه‌وا زۆر به‌ ئازادانه‌ده‌توانێت ئیراده‌ی خۆی به‌گه‌ڕ بخا و بچێته‌ سه‌رسندوقه‌کانی ده‌نگدان، تا له‌وێوه‌ به‌و ده‌نگه‌ی ده‌یدات و به‌و کارته‌ی ده‌خاته‌ ناو سندوقی ده‌نگدانه‌وه‌، بڕیاری گۆڕانکاری یه‌کجاری و هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی ده‌م و چاوی تر به‌ عه‌قڵییه‌ت و تێڕوانین و فه‌لسه‌فه‌ی جیاوه‌ بدات بۆ خۆشکردنی ژیانی ئێستا و داهاتووی ئه‌م گه‌له‌، به‌ جۆرێک ببێته‌ هۆی قوتار بوون له‌ دۆخی چه‌قبه‌ستوو و هه‌نگاونان به‌ره‌و ئاسۆیه‌کی روونتر و پڕ له‌ ئۆمێد و هاتنه‌دی خه‌ونه‌کان.

ئاشکریه‌ له‌ماوه‌ی که‌متر له‌ ۳ مانگی تر که‌ ده‌کاته‌ به‌رواری ۱۲/۵/۲۰۱۸ بڕیاره‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئه‌نجام بدرێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌کرێ خه‌ڵکی به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ پێشوازییه‌کی گه‌رمی ئه‌و رۆژه‌ نین و هیچ گه‌رم و گوڕییه‌کیان لێ به‌دی ناکرێت له‌ چوونیان بۆ بنکه‌کانی تۆماری ده‌نگده‌ران تا ناویان له‌ سیسته‌می بایۆمه‌تری تۆمار بکه‌ن، تا دواجار کارتی ده‌نگدانیان پێ بدرێ، چونکه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر ده‌نگده‌رێک له‌ رۆژی ده‌نگدان ئه‌م کارته‌ی لا نه‌بێت مافی ده‌نگدانی ده‌فه‌وتێت، دیاره‌ پاساو و هۆکار زۆرن بۆ ئه‌و ساردوسڕییه‌ی جه‌ماوه‌ر، له‌ گرنگترینی پاساوه‌کان نه‌بوونی متمانه‌یه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی و ناشیرین بوونی سیاسه‌ته‌ له‌لای ده‌نگده‌ران که‌ له‌ ماوه‌ی بیست و شه‌ش ساڵی حوکمڕانی نه‌توانرا سیاسه‌ت وه‌کو خۆی موماره‌سه‌ بکرێت که‌ بریتییه‌ له‌ ئیداره‌دانێکی سه‌رکه‌وتووانه‌ی وڵات و پێشکه‌شکردنی چاکترین خزمه‌تگوزاری به‌ هاوڵاتیان که‌ ببێته‌ خۆشکردنی بژێوی ژیانیان و ئارام بوونی ده‌روونیان و دوورکه‌وتنه‌وه‌یان له‌ هه‌ر فشارێک که‌ ده‌خرێته‌ سه‌ریان.

تا ئێره‌ حه‌قیقه‌ته‌ن وایه‌ خه‌ڵکی به‌ تایبه‌تیش له‌م ساڵانه‌ی دوایی ژیانێکی کوله‌مه‌رگی و مه‌ژییه‌ و مه‌مره‌ ده‌باته‌ سه‌ر که‌ خراپی دۆخی ئابووری و دارایی که‌ ئه‌ویش به‌رهه‌می سیاسه‌ته‌ شکستخواردووه‌که‌ی حزبه‌ فه‌رمانڕه‌واکانی هه‌رێمه‌، ته‌نگی به‌ هاووڵاتیان هه‌ڵچنیوه‌ و ته‌واو له‌ ژیان بێ ئومێدی کردوون و ئینتیماشیان بۆ خاک و وڵات له‌ لێواری کاڵ بوونه‌وه‌ و نه‌مانی یه‌کجارییه‌، بۆیه‌ ناوه‌ ناوه‌ له‌ هه‌واڵه‌کان گوێ بیستی ئه‌وه‌ ده‌بین به‌ داخه‌وه‌ که‌ فڵان هاوڵاتی له‌ فلان شوێن له‌ هه‌رێمی کوردستان کۆتایی به‌ ژیانی خۆی هێناوه‌ جا به‌ خۆ خنکاندن بێت یان به‌ خۆکوژی بووبێت. هه‌روه‌ها به‌رده‌وام چوونی هاوڵاتیانی هه‌رێمی کوردستانیش بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و جێهێشتنی خاک و زێدی باوباپیره‌یان ئه‌مانه‌ش به‌رده‌وام هه‌واڵی گه‌رم و سه‌ردێڕی رۆژنامه‌کانن.

جا سه‌ره‌ڕای راستی و حه‌قیقه‌تی ئه‌م دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌ی که‌ باسمان کرد، به‌ڵام بابێین پرسیارێک له‌ خۆمان بکه‌ین ئایا به‌ ساردبوونه‌وه‌مان و نه‌چوونمان بۆ ده‌نگدان له‌ رۆژی هه‌ڵبژاردن، کێ سوودمه‌ندی سه‌ره‌کی ده‌بێت؟ ئایا به‌ به‌مانه‌وه‌مان له‌ ماڵه‌وه‌ و ده‌نگ نه‌دانمان ئه‌م بارودۆخه‌ تاقه‌تپڕوکێنه‌ سه‌ختگیره‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێ؟ بێگومان له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێین هه‌رگیزا و هه‌رگیز نه‌خێر، چونکه‌ به‌مانه‌وه‌ی ده‌نگده‌ران له‌ماڵه‌وه‌ و نه‌چوونیان بۆسه‌ر سندوقه‌کانی ده‌نگدان، درێژه‌ به‌ مانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌م و چاو و عه‌قڵییه‌ته‌ شکستخواردووانه‌ ده‌ده‌ن که‌ هه‌رێمی کوردستانیان به‌م رۆژه‌ تاڵ و شووم و پڕ له‌ قه‌یرانه‌ گه‌یاندووه‌، جا هه‌روه‌ک پێشتر ئاماژه‌مان پێدا تاکه‌ تروسکایی و ئومێدێک هه‌بێت بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی ریشه‌یی ته‌نها و ته‌نها ده‌نگدانی ده‌نگده‌رانه‌، واته‌ سندوقی ده‌نگدان ئه‌م پرسه‌ یه‌کلایی ده‌کاته‌وه‌ و بالانسه‌کان ده‌گۆڕێت و دۆخه‌ سیاسییه‌که‌ سه‌ره‌و خوار ده‌کات، که‌واته‌ مادام ئه‌وه‌ بایه‌خ و گرنگی و هه‌ستیاری ده‌نگدان بێت، پێویسته‌ هاوڵاتیان له‌ ئێستاوه‌ به‌ هیوا و دڵێکی پڕ له‌ حه‌سره‌ت و خۆزگه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی زوو هاتنی ئه‌و رۆژه‌ بکه‌ن، تا له‌ پرۆسه‌یه‌کی ئاوا دیموکرات و ئازاددا تۆله‌ی خۆیان له‌و حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ بکه‌نه‌وه‌ و ڕق و خه‌شم و بێزاری و ناڕه‌زایی و گله‌ییه‌کانیان له‌ رێی ده‌نگدانه‌کانییانه‌وه‌ وه‌رگێڕنه‌ سه‌ر واقیع و بیسه‌لمێنن که‌ ئه‌وان به‌و ره‌وشه‌ ناله‌باره‌ی که‌ هه‌رێم پێیدا گوزه‌ر ده‌کات رازی نینه‌ و خواستی گۆڕانی ریشه‌یی ده‌که‌ن.

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویسته‌ ده‌نگده‌ران وریا بن و به‌ چه‌واشه‌ و به‌لێنه‌ درۆینییه‌کان و خۆ خۆشه‌ویست کردنی حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێن و متمانه‌یان پێنه‌که‌ن که‌ له‌ هه‌ڵمه‌ته‌کانی هه‌ڵبژاردن ده‌یگرنه‌به‌ر له‌ زه‌وی و پاره‌ دابه‌ش کردن و سه‌ردان و هامۆشۆکردنی ماڵان، به‌ڵکو پێویسته‌ پاڵپشتی ئه‌و لیست و پاڵیوراوانه‌ بکه‌ن که‌ جێی ئومێدی ئاینده‌ی ئه‌وانن، تاکه‌ پێوه‌ریش بۆ ئه‌مه‌ په‌رێز پاکی و رابردووی لێوان لێو له‌ هه‌ڵوێستی شه‌ره‌فمه‌ندانه‌ی ئه‌و حزب و لایه‌نانه‌یه‌ که‌ به‌رده‌وام له‌ سه‌نگه‌ری به‌رگری کردن بوون له‌ ماف و داخوازییه‌کانی جه‌ماوه‌ر.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و کردستان فردا لێی بەرپرسیار نییە

یک پاسخ برای “به‌شداری نه‌کردنی ده‌نگده‌ر له‌ ده‌نگدان له‌ قازانجی کێیه‌؟