کوردستان فردا
چهارشنبه ۰۵ اردیبهشت ۱۳۹۷ ۱۰:۵۲

دەمیرتاش:

به‌ سه‌ربه‌رزی چومه‌ته‌ زیندان و وه‌هاش لێی ده‌رده‌چم

سەڵاحەدین دەمیرتاش رایدەگەیەنێت؛ ئه‌گه‌ر بوبێتە هۆکار بۆ رزگارکردنی گیانی یه‌ک مرۆڤیش ئاماده‌یە هه‌زار ساڵ له‌ زینداندا بمێنێته‌وه‌و دەشڵێت: به‌ سه‌ربه‌رزی چومه‌ته‌ زیندان و هه‌ر بەوشێوەیەش لێی ده‌رده‌چم.

ئەمڕۆ، دانیشتنێکی تری دادگایی کردنی سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆکی گشتیی پێشوی پارتیی دیموکراتیی گه‌لان – هه‌ده‌په‌ له‌ لایه‌ن نۆزده‌یه‌مین دادگای سزای توندی ئه‌نقه‌رەوە به‌ڕێوه‌چو. هاوشێوه‌ی رۆژانی پێشو، ته‌نها رێگه‌ به‌ (۵۰) که‌س درا به‌شداری بکه‌ن له‌ دانیشتنه‌کەدا، سه‌ره‌ڕای ئاماده‌بونی په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په‌، ته‌کین بینگۆل یاریده‌ده‌ری سه‌رۆکی گشتیی پارتیی گه‌لی کۆماری – جه‌هه‌په‌ش له‌ دانیشتنه‌که‌دا ئاماده‌بو.

لە دانیشتنەکەدا ده‌میرتاش ده‌رباره‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌ قسه‌ی کرد که‌ له‌ دۆسیه‌که‌یدا پێی تۆمه‌تبار کراوه‌، لە بەشێکی قسەکانیدا سەبارەت بە ئەحمەد داودئۆغڵوی سەرۆک وەزیرانی پێشوی تورکیا، وتی: ” داودئۆغڵو هیچ کاتێک باوه‌ڕی به‌ پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ری نه‌کرد، به‌ چاوێکی یه‌کسان سه‌یری گه‌لی کوردی نه‌کرد. له‌ شه‌ڕی ده‌خوارد و بۆ کۆتاییهێنانی پڕۆسه‌ی ئاشتی هه‌وڵی ده‌دا”.

ئاماژەی بەوەکرد، سیاسه‌تمه‌دارێک که‌ نه‌توانێت ئه‌وه‌ بکات، خوێنمژێکی بێ که‌ڵکی سیاسییه‌. سوپاس بۆ خودا له‌مباره‌یه‌وه‌ ویژدانمان ئاسوده‌یه‌، ئێمه‌ هه‌تا کۆتایی هه‌وڵماندا. ئه‌گه‌ر بوبمه‌ هۆکار بۆ رزگارکردنی گیانی یه‌ک مرۆڤیش، ئاماده‌م هه‌زار ساڵ له‌ زینداندا بمێنمه‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ڕێگریمان له‌ ته‌شه‌نه‌کردنی شه‌ڕ کردبێت، ئه‌گه‌ر ئێمه ته‌نیا بۆ رۆژێکیش‌ ته‌مه‌نی پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ریمان درێژکردبێته‌وه‌ و که‌سێکمان رزگار کردبێت، ئاماده‌م که‌ قوربانی له‌پێناودا بده‌م و هه‌زار ساڵ له‌ زینداندا بمێنمه‌وه‌.

دەمیرتاش وەک ئاماژەیەک بۆ دەسەڵاتدارانی تورکیا وتی: “ئه‌وانه‌ی له‌ کوشتنی هه‌زاران مرۆڤ به‌رپرسیارن و سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش به‌شێوه‌یه‌کی خۆشگوزه‌ران ده‌ژین، ده‌وڵه‌تیان به‌ده‌ستهێنا و به‌دوای خۆشی خۆیاندان، ئایا هێنده‌ی من دڵیان ئاسوده‌ و ئارامه‌ که‌ له‌ قاوشی پیتی ئێف-دام؟ نا، ئارام نین. دڵی من زۆر ئاسوده‌یه‌. له‌ قاوشی پیتی ئێف-ی ئه‌دیرنه‌ به‌ ئاسوده‌یی ده‌حه‌وێمه‌وه‌ که‌ له‌ جوانترین کۆشک باشتره‌. نه‌ چاوه‌ڕوانی دادپه‌روه‌ری له‌ دادگا‌ی ئێوه‌ ده‌که‌م، نه‌ باوه‌ڕیشم به‌ به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری هه‌یه‌ له‌ لای ئێوه‌”.

ئاماژەی بەو فشارانەش کرد کە دەخرێنە سەر دادوەران و ئەوەی خستەڕو “ئاگادارم بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ی سیاسه‌ت به‌سه‌ر مندا بسه‌پێنن، له‌ سه‌روی پارێزه‌رانه‌وه‌ فشار له‌ دادوه‌ران ده‌که‌ن. له‌وانه‌یه‌ سیاسه‌ت له‌ من قه‌ده‌غه‌ بکه‌ن، به‌ڵام به‌ مردویش حاڵی من ده‌توانێت له‌ هه‌ندێک که‌س زیاتر سیاسه‌ت بکات. کاتێک بڕیاری قه‌ده‌غه‌کردنی سیاسه‌ت به‌سه‌ر مندا ده‌سه‌پێنن، ئایا ناشنوسن که‌ “بڕیار درا ئیدی گه‌ل خۆشیان نه‌وێت؟” هه‌تا مردنیش سیاسه‌ت له‌ من قه‌ده‌غه‌ بکه‌ن، هه‌ر سیاسه‌تمه‌دارم. ئه‌وانه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماری تورکیا ده‌ستنیشان ده‌که‌ن ئێمه‌ین. کلیل ئێمه‌ین. قه‌ده‌غه‌ی سیاسه‌ت له‌سه‌ر من هه‌بێت یان نه‌بێت، ئێمه‌ هه‌ر ئێمه‌ین. کلیل له‌ ده‌ستی ئێمه‌دایه‌”.

ده‌میرتاش لە بەشێکی تری قسەکانیدا وەک ئاژانسی فورات نیوز بڵاویکردوەتەوە، قسه‌یه‌کی خۆی خوێنده‌وه‌ که‌ ببوە بابه‌تی تۆمه‌تبارکردن و له‌ ره‌شنوسی دۆسیه‌که‌یدا پیتی «ک»ی وشه‌ی «کورد» به‌بچوکی نوسرابو، لەوبارەیەوە وتی: “کورد وه‌ک هه‌مو گه‌لان کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی به‌هادارو سه‌ربه‌رزه‌. به‌مه‌به‌ستی بچوککردنه‌وه‌، پیتی «ک» به‌بچوکی نوسراوه‌. نوسین به‌م شێوازه، بچوککردنه‌وه‌یه‌. ده‌بێ راست بکرێته‌وه‌، من ئه‌وه‌ قبوڵ ناکه‌م”.

لە کۆتایشدا وتی: “من به‌سه‌ربه‌رزی چومه‌ته‌ زیندانی ئه‌دیرنه‌و هه‌ر وه‌هاش لێی ده‌رده‌چم”.