کوردستان فردا
سه شنبه ۲۶ تیر ۱۳۹۷ ۰۸:۰۸

بۆ خانمان دەبنە قوربانی تەکنەلۆژیا

ئاڤێستا محەمەد

لەگەڵ شۆڕشی تەکنۆلۆژیای زانیاری‌و دیاردەی بەجیهانی بوون، بەکارهێنەرانی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان‌و بەتایبەتیش فەیسبوک لەزیادبووندان کە چەندین لایەنی باش‌و خراپی هەیە، بەشێکی زۆریشیان لە کچان‌و ژنان پێکدێن.
بەڵام لە کوردستان تەکنەلۆژیا زیاتر بووەتە ئامرازێک بۆ نانەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان بۆ گەنجان‌و بەتایبەت خانمان کە باجەکەی دەدەن‌و کێشەکانی زۆرتر بووە وەک لەسودەکانی.
وتەیەک هەیە کە هەمیشە دەوترێت (بەهۆی تەکنەلۆژیاوە هەموو جیهان بەقەد گوندێکی لێهاتووە)، دیارە بەهەموو پێوەرێک ئەو وتەیە لەجێگەی خۆیدایە، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانی‌و کەسەرە ئەوەیە کۆمەڵگەی کوردی لەگەڵ ئەوەی یەکێکە لەو کۆمەڵگەیانەی کە هەمیشە خاوەن پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە پتەوەکان بووە، لەئێستا بەداخەوە بەهۆی تەکنەلۆژیاوە بەرەو لێک هەڵوەشانەوەو سەرگەردان بوونی تاکەکانی دەچێت.
بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستدان، بەشێکی زۆری حاڵەتەکانی هەڵوەشاندنەوەی خێزان لەنێو دادگاکاندا راستەوخۆ پەیوەندی بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیاوە هەیە، یەکێک لەسەرەکیترین هۆکارەکانیشی خراپ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیایەو هەمیشەش لەو خراپ بەکارهێنانەدا خانمان‌و مێینەکانی ئەم کۆمەڵگەیە دەبنە قوربانی‌و دواجار کەسێکیش نییە خاوەنداریەتی لەو قوربانیدانە بکات.
خانمێک باسی ئەوەی بۆکردم، لەکاتێکدا هەموو خەونەکانی ئەو پێکهێنانی خێزانێک بووە، کە تێیدا ژیانێکی ئاسودە بژی، بەڵام بەهۆی خانمێکەوە خەونەکەی لەباربرا، چۆن؟ ئەو وتی “ماوەی دوو ساڵێک دەبوو هاوسەرگیرم کردبوو، خاوەنی تەنها منداڵێک بووم‌و لەگەڵ هاوسەرەکەمدا ژیانێکی ئاسایی پڕ خۆشەویستیمان بەڕێدەکرد، بەڵام بەهۆی کچێکەوە کە لەڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوکەوە خۆی خزاندە مێشک‌و دڵی هاوسەرەکەمەوە، ئەو خەون‌و خۆشیانەی لەماوەی دوو ساڵداو لەژێر سەقفی ماڵێکدا لەگەڵ هاوسەرەکەم بەڕێمان کرد، نەما، من‌و هاوسەرەکەم جیابوینەوەو منداڵەکەشمان بوە یەکەم قوربانی ئەو جیابونەوەیە، منیش وەک مێینەیەک بومە قوربانی، هەرچەندە هاوسەرەکەم ئێمەی بەجێهێشت، بەڵام پاش ئێمەش هیچ شتێکی لەگەڵ ئەو کچە نەما”.
بەخوێندنەوەیەکی کورت لەو چیرۆکە، دەردەکەوێت کە لە هەردوو حاڵەتەکەدا خانمان بونە قوربانی، جگەلەوەی دوو خێزانی گەورەش بەهۆی هەڵە بەکاهێنانی تەکنەلۆژیاو کار پێکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕووبەڕوی کێشەو ناتەبایی بونەوە.
ئەوەی دەمەوێت بیڵێم، بەداخەوە لە کۆمەڵگەی کوردییدا بەهۆی نەبوونی باکگراوندێکی پێشوەختەی رۆشنبیری لەئاست تەکنەلۆژیاو بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، کاردانەوە خراپەکان روو لەزیادبون دەکات، ئەگەرچی لە واقیعدا بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان‌و بەرەو پێشچوونی تەکنەلۆژیا لەگەڵ ئەوەی سود بینین لێیان مافێکی سەرەتایی هەرکەسێکە، هاوکات خزمەتێکی گەورەش بەمرۆڤایەتی دەکات، بەڵام ئەوەی کە دەمێنێتەوە چۆنیەتی‌و شێوازی کارکردنی تاکەکانە لەگەڵ ئەو دنیا فراوانەی کە وەک لەسەرەتادا ئاماژەمان پێدا (تەواوی جیهانی کردوە بە گوندێک).