کوردستان فردا
شنبه ۲۶ آبان ۱۳۹۷ ۲۰:۱۹

بێوەژنە سپیەکەی داعش لە ژیاندا ماوە

رەمەزان شێخانی

سایتی (برنگهام لایف) ی بەریتانی ئاشکرایکردوە هەرچەندە پێشتر بڵاوکرابوەو کە لەهێرشێکی ئاسمانیدا لە ساڵی ۲۰۱۷ لە سوریا کوژراوە ، بەڵام بێوەژنە بەریتانیەکەی داعش کە بە بێوەژنە سپییەکە ناسراوە نەکوژراوەو تا ئێستا لەژیانداماوە وبەهەرەشەیەکی گەورەش دادەنرێت بۆ سەر بەریتانیا.
سایتەکە لە زاری سەرکردەیەکی داعشەوە کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە لەشاری رەئس العین لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریا دەستگیرکراوە بڵاویکردەوە ،جۆنز لە ژیاندا ماوەو لە رێزەکانی داعش دەجەنگێت.
سایتەکە چەند لایەنێکی لە ژیانی بێوەژنە سپییەکە بڵاوکردوەتەوە کە بەگەورەترین داواکراو لە جیهاندا دادەنرێت پاش ئەوەی لە ساڵی ۲۰۱۳ پەیوەندی کردوە بە ریزەکانی داعشەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکە سالی جۆنز ، بەهۆی جیابونەوەی دایک و باوکییەوە لە باشوری خۆرهەڵاتی لەندەن تەمەنی منداڵی بەسەرگەردانی بەسەر بردوە ، پاشان باوکی بەهۆی مادەی هۆشبەرەوە خۆی کوشتوە
جۆنز پاش ئەوە دەبێتە یەکێک لە شۆینکەوتوانی ئاینی کاسۆلیکی و باوەری پێدەهێنێت لە تەمەنی لاوێتیدا هەوڵی دەدا بەدوای مانای ژیاندا بگەڕێت، پاشان پەیوەندی دەکات بە گروپێکی لاوانی کریستانەوە، بەڵام زۆری پێناچێت واز لە خوێندن دەهێنێت و دەبێتە گۆرانی بێژی رۆک و لە تیپێکی میوزیک بەناوی کرۆنیش دەبێتە گیتار ژەن، هەروەک بایەخی زۆری دەدا بە جادووی رەش.
پاشان جۆنز لەیەکێک لە لقەکانی کۆمپانیایەکی جیهانی جوانکاری دەبێتە بۆن فرۆش، ساڵی ۲۰۱۳ و لەتەمەنی ۴۶ ساڵیدا دەبێتە موسوڵمان و کۆچ بۆ سوریا دەکات.
بەر لەکۆچکردنی بۆ سوریا لە رێگەی ئەنتەرنێتەوە حوسێن جونێدی تەمەن ۲۰ ساڵ کە تێرۆریستێکی توندڕەوە دەناسێت کە دەبێتە هاوسەری و داوا لە جۆنز دەکات لە شاری رەقە پەیوەندی پیوەبکات لە ریزەکانی داعش ئەویش لەگەڵ کوڕە ۱۰ ساڵەکەیدا پەیوەندی بە تێرۆریستانی داعشەوەو دەکات.
کاتێک دەگاتە سوریا لەگەڵ مێردەکەی لەرێگەی هێڵی ئەنتەرنێتەوە کاردەکەن بۆ رێکخستنی بیانیەکان بۆ ریزی چەکدارانی داعش بەمەبەستی هەرەشە درووستکردن بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی ئەوروپا.
ساڵی ۲۰۱۵ مێردەکەی لەهێرشێکی ئاسمانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکادا لە رەقە دەکوژرێت پاش کوشتنی مێردەکەی جۆنز بە بێوەژنە سپییەکە دەناسرێت و ئەو نازناوی پێدەبەخشرێت.
جۆنز شانازی بە مێردەکەیەوە دەکات و دەڵێت پاش حسێن جونێد هیچ کەسێکی دیکەی خۆش ناوێت و ئەو لە پێناوی خودادا شەهیدبوە.
جۆنز بەشداری کردوە لە مەشق پێکردنی ژنە ئەوروپییەکانی نێوریزەکانی داعش بەمەبەستی رەوانەکردنیان بۆ کیشورە پیرەکە تا کاری تێرۆریستی و خۆکوژی ئەنجام بدەن، دەوترێت ئەو بەرپرسی باڵی ژنانی کەتیبەی ئەنوەر عەولەقی بوە کە لە چەکدارانی بیانی پێکهاتوەو لەلایەن مێردەکەی جۆنزەوە پێکهێنرابوو.
جۆنز بەوەشەوە نەوەستاوە بەڵکوو جوجوی کوڕی کە بە حەمزە ناسرابوو پەیوەندی کردوە بە ریزەکانی ” ئەشبال خەلیفەوە” و بەشداریکردوە لە کوشتنی دیلەکان لەکاتێکدا جوجو تەمەنی تەنها ۱۲ ساڵ بوە.
هەروەک جۆنز لەرێگەی هێڵی ئەنتەرنێتەوە چەندین ژنی بەریتانی قایلکردبوو پەیوەندی بکەن بەریزەکانی داعشەوە.
سەرچاوە/ سایتی روسیا الیوم