کوردستان فردا
پنج شنبه ۳۱ خرداد ۱۳۹۷ ۱۶:۴۱

بەرەو دیموکراسی

شۆڕش خالید ئاژگەیی

هەموومان کەم تا زۆر ئەزانین روحیەتی مناڵ بە جۆرێکە هێمای پرسیار لە سەر هەموو شت دائەنێ و هیچ شتێک لای پیرۆز نیە.

هەمیشەش بە دوای وەڵامی ڕاست و درووستدا دەگەڕێ و عەوداڵی دۆزینەوەی بەرسڤە لۆژیکی و قەناعەت پێکەرو سەلمێنەرەکانەوەیە و بە وەڵامی ” کوڕە لاچۆ” یا ” جارێ نازانم” یا ” دواتر وەڵامت دەدەمەوە”، دڵی ئاو ناخواتەوە و واز لە پرسیارکردن ناهێنێ.

جگە لەمەش وڵامی پرسیارەکان گەرەکە بە زمانێکی زۆر سادە و دوور لە دەستەواژەو چەمکە سیاسی و فەلسەفی و کۆمەڵناسیەکانەوە بن و جێگەی هەڵە تێگەیشتن نەهێڵنەوە. نموونە هێنانەوە یەکێکە لەو ڕێکارانەی پێدڤیە مرۆڤ لە کاتی وەڵام دانەوەی پرسیارەکان سوودیان لێ وەرگرێت و لە وەڵامی پڕ لە پێچ و پەناوە خۆی بە دوور بگرێت و وانەکات مناڵ لەوە زیاتر سەری لێ بشێوێت.

مناڵێک لە باوکی پرسی، باوکە سیاسەت لە وڵاتانی دواکەوتوو بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی یانی چی؟
باوک بەمجۆرە وەڵامی دایەوە:

کورم نمونەیەکت لە بنەماڵەی خۆمان بۆ دەهێنمەوە.

من حکومەتم، چونکە هەموو بڕیارەکان بە باش و خراپیانەوە بە دەست منەوەن و من بڕیار دەردەکەم و من خەرجیەکانی ماڵەوەم لە ئەستۆ گرتووە.
دایکت کۆمەڵگایە، چونکە ئیدارەکردنی هەموو کاروبارەکانی ماڵەوە لە سەر شانی ئەوە.

خزمەتکاری ماڵەوەمان، لە چەشنی هاونیشتیمانیانی هەژارو نەدار و دەست کورت و ڕووت و ڕەجاڵە، چونکە شەو ڕۆژ سەرقاڵی ڕاکەڕاکەو ئەنجام دانی ئیش و کارەکانی خزمەتگوزاری ماڵەوەیە و زۆر هیلاک و ماندوو و کەمخەوە ، بەڵام خاوەنی هیچ نیە و بە نان زگ ئیش ئەکات.

تۆ روناکبیری، چونکە کورێکی ئاقڵ و تێگەیشتوو پێگەیشتوو و چاوکراوەو هۆشمەند و بلیمەتی و خەریکی خوێندنی.
برا بچووکە تەمەن دوو ساڵەکەشت، نەوەی داهاتووە…..

کورەکە دوای ئەوەی قەناعەتی بە وەڵامەکانی باوکیەوە کرد، چوو خەوت…بەڵام نیوە شەو بە دەنگی گریانی برا بچوکەکەی لە خەو رائەچڵەکێ و سەیر ئەکات برا تەمەن دوو ساڵانە کەی خۆی پیس کردووەو بۆنێکی زۆر ناخۆش هەموو ژوورەکەی تەنیوەتەوەو پێویستی بە گۆڕینی حەفازەو پاک کردنەوەو چاودێری و لاواندنەوەیە….

بۆیە ئەچێتە ژووری نووستنی دایک و باوکی….ئەبینێ باوکی لای دایکی نیە و دایکیشی چۆتە خەوێکی زۆر قوڵەوەو هەرچی هەوڵ ئەدات لە خەو هەڵیسێنێ، ئەو خەبەری نابێتەوە..

کورە ژیرەکە بریار ئەدات بچێ خزمەتکاری ماڵەوە لە ژوورەکەی خەبەر کاتەوە…کەچی ئەبینێ باوکی لای خزمەتکارەکەیان خەوتووەو….!!!!!
بۆ بەیانی باوکی لێی ئەپرسێ:

کورەکەم زانیت مانای سیاسەت چیە؟

کورەکە وەڵامێکی تا بڵێی ژیرانە و هۆشمەندانەی باوکی ئەداتەوە کەوا جێی تێڕامانە:
بەڵێ باوکە زۆر باش تێگەیشتم و هەموو شتێکم بۆ رون بووەوە….

حکومەت بە هەزاران بڕۆو بیانووەوە سەرقاڵی ( تەرتیب) کردنی چینی هەژارو نەدار و ماڵوێران و برسی و تینوو ماندوو و بەش مەینەتە، لە کاتێکا کۆمەڵگا چۆتە خەوێکی یەجگار قووڵی بێ ئاگاییەوە ودەستەبژێری ڕۆناکبیریش هەرچی هەوڵ ئەدات کۆمەڵگا لە و خەوە قورسە خەبەر کاتەوە، هیچ سوودێکی نیە….. ئەمەش لە کاتێکدایە نەوەی نوێ تا بن هەنگڵی کەوتۆتە نێو پیسایی و کێشەوە و بەم حاڵەیەوە دواڕۆژێکی زۆر خراپ چاوەرێی ئەکات….

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و کردستان فردا لێی بەرپرسیار نییە