کوردستان فردا
سه شنبه ۲۶ تیر ۱۳۹۷ ۰۸:۲۶

داعش به‌نیازی هێرشى سه‌رانسه‌رییه‌

رۆژنامه‌ی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”ـی ئه‌مه‌ریکی بڵاویکرده‌وه‌، ئه‌و چه‌کدارانه‌ی رێکخراوی داعش که‌ له‌کاتی شه‌ڕدا به‌ره‌و ناوه‌ڕاستی بیابانه‌کان رایانکردووه‌، ئێستا په‌نایان بردۆته‌وه‌ به‌ر ئه‌و چه‌ک و جبه‌خانانه‌ی له‌ بیابانه‌کان شاردوویانه‌ته‌وه‌، به‌نیازن له‌ڕێگه‌ی شانه‌ نووستووه‌کانیانه‌وه‌ دووباره‌ هێرشی سه‌ر عێراق و سووریا بکه‌نه‌وه‌.

ئه‌و رۆژنامه‌ ئه‌مه‌ریکییه‌ له‌ راپۆرتێکدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ کردووه‌، به‌هۆی زیادبوونی هێرشه‌کانی داعش، پلانی تره‌مپ بۆ کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌و وڵاته‌ ئاسته‌نگی تێکه‌وتووه‌، له‌کاتێکدا ساڵی رابردوو رێکخراوی داعش زۆربه‌ی رووبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی و زۆرترین ژماره‌ی چه‌کداره‌کانی له‌ده‌ستدابوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ژماره‌یه‌کی زۆری چه‌کداره‌کانی به‌ره‌و ناوه‌ڕاستی بیابانه‌کان رایانکردووه‌ و، به‌ر له‌ کشانه‌وه‌یان له‌ مووسڵ و ره‌ققه‌، چه‌کدارانی ئه‌و رێکخراوه‌ ژماره‌یه‌کی زۆری توونێل و حه‌شارگه‌یان به‌درێژایی‌ بیابانه‌کانی نێوان سووریا و عێراق درووست کرد و، چه‌ندین شانه‌ی نووستووشیان له‌و ناوچانه‌ رێکخستووه‌.

هه‌ر به‌گوێره‌ی راپۆرته‌که‌ی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”، ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌که‌ که‌ داعش زۆر له‌وه‌ زیاتر ئاماده‌کاری بۆ شکسته‌ سه‌ربازییه‌کانی کردبوو، که‌ ئه‌مه‌ریکا پێشبینیی ده‌کرد، هه‌روه‌ک ئه‌مه‌ مانای وایه‌ که‌ هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌و ماوه‌یه‌ زیاتر له‌ سووریا ده‌مێننه‌وه که‌ ئیداره‌ی تره‌مپ دیاریکردبوو، چونکه‌ له‌وانه‌یه‌ کشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا له‌و وڵاته‌ ببێته‌ ده‌رفه‌تێکی گه‌وره‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی چه‌کدارانی ئه‌و رێکخراوه‌.

ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ نووسیویه‌تی، ئامانج له‌ به‌رهه‌ڵستیکردنی هێزه‌ بیانییه‌کان له‌ سووریا، له‌گه‌ڵ ئه‌وله‌ویاتی هێزه‌ ناوخۆییه‌کان یه‌کانگیر نین و دۆخی ئه‌و وڵاته‌ش ئاڵۆزتر ده‌که‌ن.