کوردستان فردا
جمعه ۲۳ آذر ۱۳۹۷ ۱۴:۰۸

دکتۆر به‌رهه‌م و مناره‌ى دیموکراسى

دانا بەهادین

شاخه‌وان ناوێک که‌ پێشتر ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نیشتمانى عێراق بووه‌ له‌سه‌ر لیستى پارتى دیموکراتى کوردستان، به‌بۆنه‌ى سه‌ردانى سه‌رۆکى پارته‌که‌ى بۆ به‌غداد، له‌ باس نیوزدا ئاماژه‌ده‌دات به‌وه‌ی گوایه‌ سه‌رۆک کۆماری عێراق (دکتۆر به‌رهه‌م ساڵح )، له‌ ماوه‌ى ئه‌م سه‌ردانه‌ى سه‌رۆکى پارتیدا بۆ به‌غداد کتوپڕ سه‌ردانى خۆى بۆ ووڵاتى ئیتاڵیا ڕێکخستووه‌، ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ بووه‌ که‌ به‌شداریی نه‌کات له‌ ڕێ و ره‌وسمى پێشوازیکردنى سه‌رۆکى پارتى، وێڕاى ئه‌م تێڕوانینه‌ حزبییه‌ش ده‌یه‌وێت له‌ دیدى پارتییه‌وه‌ پێگه‌ى به‌ڕێز سه‌رۆک کۆمارى عێراق که‌مبکاته‌وه‌. که‌مکردنه‌وه‌ى پێگه‌ى به‌ڕێز سه‌رۆک کۆمار وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ى له‌ ڕووى سیاسییه‌وه‌ شاخه‌وانى بزانێت هه‌ولًبدات له‌ به‌رامبه‌ر شاخێکى سه‌ختتدا بوه‌ستێته‌وه‌. له‌م بۆچون و هه‌ڵوێسته‌ لاوازه‌ى ناوبراوه‌وه‌ ئه‌م ووتاره‌ به‌کورتى خوًى ده‌خزێنێته‌ ناو ڕۆل و پێگه‌ى سیاسى گرنگى به‌ڕێز سه‌رۆک کۆمارى عێراق بۆ قۆناغى سیاسى ئێستاى ناوچه‌که‌ .

له‌ قۆناغى ئێستادا زه‌مه‌نى دوژمنى به‌هێز بۆ کورد نه‌ماوه‌، به‌ڵام کۆى ناوچه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له‌ به‌رده‌م دوژمنى به‌هێزدایه‌، ئه‌و دوژمنه‌ش داعش و عه‌قڵیه‌تی داعشییه‌ که‌ هه‌ڵگرى کۆنسێپتى توندوتیژیی و تیرۆره‌ و ئه‌گه‌رى به‌هێزى هه‌یه‌ ببێته‌ سه‌خترین فاکته‌ر بۆ هه‌ڵگیرسانى وه‌یشومه‌ى جه‌نگى جیهانى، واتا (ئێمه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌گه‌رى جه‌نگداین). بۆ دروستکردنى له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م مه‌ترسییه‌کانى داعش و توندڕه‌وى مه‌زهه‌بى و ئه‌م جه‌نگه‌ش پێویسته‌ له‌برى ئه‌وه‌ى ناکۆکییه‌ مه‌زهه‌بى و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان قوڵبکه‌ینه‌وه‌،په‌نا به‌رینه‌به‌ر دروستکردنى به‌ره‌یه‌کى به‌هێز و لیبراڵ. ئه‌جێنداى دروستکردنى به‌ره‌یه‌کى به‌هێزیش به‌ چه‌په‌کخستنى ده‌مارگیرى نه‌ته‌وه‌یى و مه‌زهه‌بى ده‌بێت. سیاسه‌تى نێوده‌وڵتیش بۆ عێراق و ناوچه‌که‌ و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست هه‌مان سیاسه‌ت ده‌خوازێت.
به‌رجه‌سته‌کردنى ئه‌م مۆدێله‌ سیاسییه‌ نوێیه‌ش وا پێویست ده‌کات کاره‌کته‌رى لیبراڵ و کراوه‌ و بڕوابوو به‌ چه‌مکى یه‌کبه‌ره‌یی به‌رامبه‌ر به‌ توندوتیژیی و هزری داخراو سه‌رکردایه‌تی بکات. یه‌کێک له‌ باشترین و گونجاوترین کاره‌کته‌رى به‌هێزى سیاسیش بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ به‌ڕێز دکتۆر به‌رهه‌م ساڵحه‌، چونکه‌ له‌ مێژووى سیاسى خۆیدا هه‌میشه‌ دژ به‌ شه‌ڕ و توندوتیژیى و ده‌مارگیریى نه‌ته‌وه‌یی بووه‌، سه‌رکرده‌یه‌کى سیاسییه‌ چه‌ندین جار له‌سه‌ر ئه‌سپى خۆى هاتۆته‌ خواره‌وه‌ بۆ گفتوگوًکردن له‌پێناوى به‌رژه‌وه‌ندى گشتى و کاڵکردنه‌وه‌ى ناکۆکییه‌کان و خاوکردنه‌وه‌ى به‌ریه‌ککه‌وتنى توندڕه‌وانه‌.

وه‌ک ده‌بینین له‌ ده‌ستپێکى پۆستى سه‌رۆکایه‌تى عێراقدا قوًڵى په‌یوه‌ندییه‌ دیبلۆماسییه‌کانى لێهه‌ڵماڵى و سه‌ردانى ووڵاتانى ناوچه‌که‌ و ئیتاڵیایى کرد و به‌گه‌رمی پێشوازیی کرا.
عێراق مێژوویه‌کی ترسناکی هه‌بووه‌ له‌ دیکتاتۆرییه‌ت و داخستنى ده‌رگاکانى به‌ڕووى کرانه‌وه‌ى سیاسه‌تى ده‌ره‌کیدا و مه‌ترسى هه‌میشه‌یی سه‌ربازیش بووه‌ بۆ ده‌وڵه‌تانى دراوسێ. ئه‌م مێژووه‌ کاریگه‌رى خراپى له‌سه‌ر متمانه‌ى سیاسى و دیموکراسى عێراق له‌ دونیادا داناوه‌، تا ئه‌و ئاسته‌ى به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى خه‌ڵکى عێراق به‌ کوردیشه‌وه‌ له‌ مه‌ترسى گه‌وره‌دابوون. ئیستا بوونى دکتۆر به‌رهه‌م مناره‌یه‌کى به‌رزى دیموکراسییه‌ و کرانه‌وه‌ى عێراقى کردووه‌ به‌ یه‌کێک له‌ به‌رنامه‌ سه‌ره‌کییه‌کانى خۆى به‌مه‌به‌ستى ئه‌وه‌ى به‌شداربێت له‌ دروستکردنی وێنه‌یه‌کی نوێ که‌ مانای دیموکراسى به‌م ده‌وڵه‌ته‌ى که‌ سه‌رۆکایه‌تى ده‌کات ببه‌خشێت، له‌ رێگه‌ى مۆدێلى دیموکراسیشه‌وه‌ سه‌رله‌نوێ ڕه‌نگڕێژێکى مۆدێرنى سیاسه‌تى عێراقى بکات به‌شێوه‌یه‌ک گونجاو بێت له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى کورد و خه‌ڵکى عێراق و هاوته‌ریبیش بێت به‌ سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تى.

له‌لایه‌ک سه‌ردانى ووڵاتانى که‌نداوى عه‌ره‌بى کرد، له‌لایه‌کى دیکه‌ش سه‌ردانى ده‌وڵه‌تى شیعه‌ مه‌زهه‌بى ئێرانى کرد، له‌ کاتێکدا ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌ به‌رژه‌وه‌ندى دژ به‌یه‌کى ڕه‌گ و ڕیشه‌دارییان هه‌یه‌، ده‌وڵه‌تى عێراقیش به‌ ڕاسته‌وخۆ تاکو ئیستاش گلاوه‌ته‌ ناو ئه‌م دژایه‌تى و ناکۆکیانه‌وه‌. ئامانجه‌ سه‌ره‌کییه‌که‌ى سه‌ردانه‌کانى سه‌رۆک به‌رهه‌م ساڵحیش له‌م ئاڵۆزیانه‌دا ڕوون و ئاشکرایه‌ که‌ ده‌یه‌وێت عێراق و هه‌رێمى کوردستان بهێنێته‌ ده‌ره‌وه‌ى ئه‌م ناکۆکیانه‌ و هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م هاوکێشه‌ دژ به‌یه‌که‌کانى ناوچه‌که‌ش له‌یه‌ک نزیک بکاته‌وه‌ بۆ دروستکردنى به‌ره‌یه‌کى به‌هێزى ناوچه‌یى به‌مه‌به‌ستى وه‌ستانه‌وه‌ به‌ رووى مه‌ترسییه‌کانى تیرۆر و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى سیاسه‌تى داخراوى ناوچه‌که‌ و رزگاربون له‌ قه‌یرانی ئابوری و سیاسی.

ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ پرسى دروستکردنى یه‌کبه‌ره‌یى. سیاسه‌تمه‌دارى فه‌ره‌نسى ( دۆمینیک) ده‌ڵێت:- ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست لێوان لێوه‌ له‌ گرفتى گه‌نده‌ڵى و بیرۆکراسى و ده‌سته‌ڵاتى بۆماوه‌یى و ناکۆکى تائیفى و نه‌ته‌وه‌یى و مه‌زهه‌بى، ئه‌م گرفتانه‌ش بۆشاییه‌کى گه‌وره‌ى دروستکردووه‌ بۆ سه‌رهه‌ڵدانى داعش که‌ سه‌رجه‌م جیهانی خستۆته‌ دڵه‌راوکێوه‌. له‌م دۆخه‌دا ئه‌گه‌ر پروژه‌ى یه‌کبه‌ره‌یى نه‌بێت که‌ هه‌ڵگری فکری سیاسی کراوه‌ و مه‌ده‌نی بێت و به‌رگری له‌ دیموکراسی و دادپه‌روه‌ری بکات، ئه‌وا ڕێگه‌ى به‌گژداچونه‌وه‌ى سه‌ربازیی ئامرازێکی ناته‌واو ده‌بێت و ناتوانێت کۆتایی به‌ داعش و فکری داخراو بهێنێت، بگره‌ ووزه‌یه‌کى زۆرى مرۆیى و دارایى خه‌رج ده‌کرێت و به‌فیڕۆ ده‌ڕوات.

له‌ عێراقدا هه‌ڵبژاردنى سیاسه‌تمه‌دارى گونجاو بۆ پێکهێنانى به‌ره‌ی دژ به‌ تیرۆر و توندوتیژى پێویستی به‌ کاره‌کته‌رێکه‌ به‌ سروشتى سیاسى خۆى و خۆڕسکانه‌ هه‌م دیموکراتخواز بێت هه‌م بڕواى ته‌واوى به‌ چه‌مکى ئاشتى و پێکه‌وه‌ژیان بێت له‌ ناوچه‌که‌دا، له‌م رووه‌وه‌ که‌م سیاسه‌تمه‌دار هه‌یه‌ شان بدات له‌ شانی ڕێزدار دکتۆر به‌رهه‌م ساڵح. سه‌رۆک کۆمار له‌ پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نیشتمانى عێراقدا پۆستى سه‌رۆکایه‌تى به‌ده‌ستهێنا، له‌هه‌مانکاتیشدا هه‌ڵبژێردراوى سیاسه‌تى ئه‌م سه‌رده‌مه‌ نوێیه‌شه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌جێندا دیموکراسیه‌کان به‌ره‌و پێش به‌رێت له‌م ناوچه‌ ئاڵۆزه‌دا.

ئه‌گه‌ر مێژووی دیکتاتۆریه‌ت له‌ عێراق و دۆخی ناوچه‌که‌ و کارامه‌ییه‌ سیاسییه‌کانی د.به‌رهه‌م ساڵح ڕه‌چاوبکه‌ین، تێده‌گه‌ین له‌ پشتى قسه‌که‌ى شاخه‌وان عه‌بدوڵاوه‌ کاڵفامى و ساده‌یی و ساکارییه‌کى به‌رچاو هه‌یه‌ که‌ به‌و شێوه‌یه‌ بۆ باس نیوزى ده‌رپه‌ڕاندووه‌، جۆرێکه‌ له‌ خستنه‌ڕووى مۆراڵى دۆگمى حزبایه‌تی ته‌قلیدیی که‌ بۆ قۆناغى نوێى سیاسه‌تکردن به‌سه‌رچووه‌ و پوکاوه‌ته‌وه‌ و نه‌خوازراوه‌.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و کردستان فردا لێی بەرپرسیار نییە