کوردستان فردا
سه شنبه ۲۶ تیر ۱۳۹۷ ۰۸:۲۳

عێراق بەرەو ﺋﺎﯾﻨﺪەیەﮐﯽ ﺷﮑﺴﺘﺨﻮاردوو

شۆڕش عەزیز سورمێ

لە ۱۲ی ئایاری رابردوو گەلانی عێراق بەرەو سندوقەکانی دەنگدان بەڕێککەوتن بە هیوایی ئەنجامدانی گۆڕانکارییەک لە وڵاتەکە و باشتر کردنی بارودۆخەکە، کەچی بەداخەوە ئەوە زیاتر لە یەک مانگە نەتواندراوە حکومەتێکی فەرمی پێک بهێنرێت، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ململانە تەسکەی نێوان حزبەکان و دەست تێوەردانی وڵاتە ئیقلیمیەکان لە پێش هەمووشییانەوە ئێران.

ئەمە لەلایەک لە لایەکی ترەوە دوای تێپەڕبوونی ۱۵ ساڵ بەسەر رووخانی رژێمی بەعس، زۆربەی زۆری ئەوانەی پێیان دەوترێ سیاسەتمەدار کە لە عێراق گەیشتنە سەر دەسەڵات، تەنیا خەریکی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بوون و هیچ کاتێک بیریان لە میللەت نەکردووه‌تەوە، جگە لەوە رێگە خۆشکەرێکش بوون بۆ هێنانە ناوەوەی یارییە سیاسییەکانی وڵاتانی دەوروبەر بۆ ناو خاکی عێراق.

ئەوەی کە لە دوای رووخانى رژێمی سەدام لە عێراق باسی لێوە نەکرێ دەستوری نوێیە. دەستوور بەمانای یاسای بنەڕەت دێت، کە لە ژمارەیەک ماددە و بەند پێک هاتووە و بەپێی ئەو دەستوورە دەبێت مافی گشت پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و بۆچوونە سیاسییە جیاجیاکان بپارێزرێت.

دەستوور لە هەر وڵاتێک بەیاسای یاساکان دادەنرێت لە هەموو ڕوویەکەوە، هەر لەسەر ئەم بنەمایەیش هاووڵاتیان سستەمی دامودەزگای وڵاتەکەیان ڕێک دەخەن بۆ ئەوەی کاروباری خۆیان بەپێی یاسا و بەشێوەیەکی دادپەروەرانە جێبەجێ بکەن. هەر لە پێناو ئەمەدا پێویستە لە سەرەتای داڕشتنی دەستووردا گشت لایەنە سیاسیەکانی وڵات لەسەری ڕێک بکەون و نابێت لە ویست و خواستی هیچ چینێکی‌ کۆمەڵایەتی گرینگ بەدەر بێت، نەوەک دواتر لە دژی ئەو چینە بەکار بهێنرێت، هەتا گەر بێت و لە هەڵبژاردنێکی ئازادیشدا زۆرینەی دەنگی لەسەر درابێت.

داڕشتنی دەستووری نوێی عێراق تەنیا لەسەر کاغەز دانەڕێژراوە بۆ ئەوەی بڵێین دەستوورمان هەیە و دەبێت لە ژێر سایەیدا بژین، بەڵکو دەبێت ماددە و بەندەکانی ئەم دەستوورە لە پێناو بەرژەوەندی هاووڵاتیانی عێراقدا بەگشت پێکهاتە سیاسی و ئایینی و نەتەوەییە جیاجیاکانەوە بەکار بهێنرێت، هەر وەک چۆن لە بنەڕەتدا بۆ ئەم مەبەستە داڕێژراوە.

دوای تێپەڕبوونی ۱۳ ساڵ ‌بەسەر داڕشتنی دەستووری عێراقدا، کە گەلانی ئەو وڵاتە لە ژێر هەڕەشەی تیرۆرستاندا چوون بەرەو سەندووقەکانی دەنگدان بۆ پەسەندکردنی دەستوورێک کە ئازادی بەگشت پێکهاتە سیاسی و ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانی عێراق دەبەخشێت.

لە ڕاستیدا بەکارهێنانی دەستوور بەشێوە پێچەوانەکەی، هەروەک چۆن (نووری مالیکی) سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق بەبێ گوێدان بە بڕگەکانی دەستور، بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی، هەروەها لە دوای ئەویش (حەیدەر عەبادی) کاتێک کە هێرشی کردە سەر کوردستان و میلیشای لە دژی گەلانی عێراق دروست کرد، ئەمانە هەمووی پێچەوانەی ئەو دەستورە نوێیەیە کە گەلانی عێراق دەنگیان بۆ دا.

ئەوە لە کاتێک دا کە دەستور زۆر بە راشکاوەیی لە بڕگەی (۹)دا رێگری لە پێکهێنانی میلیشا دەکات، هەروەها تیایدا هاتووە کە رۆڵی هێزی سەربازی دەبێ دوور بێت لە سیاسەت. بەڵام عەبادی بێ هیچ گوێ پێدانێک حەشدی شەعبی دروست کردو هێرشی کردە سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم. بەمەش ئاشکرا بوو کە چ مالیکی و چ عەبادی دەیان ویست بارودۆخی سیاسی و ئاسایشی ئەو بەشە هێمنەی هەرێمی کوردستانیش وەکو بەشەکانی تری عێراقی لێ بکەن، لە جیاتی چارەسەرکردنی بارودۆخی ئاسایشی بەشەکانی تر.