کوردستان فردا
چهارشنبه ۰۲ آبان ۱۳۹۷ ۰۵:۵۰

کۆریای باکوور هه‌ره‌شه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی لوتکه‌ی نێوان کیم و تره‌مپ ده‌کات

ده‌سه‌ڵاتدارانی کۆریای باکوور هه‌ره‌شه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی کۆبوونه‌وه‌ی نێوان هه‌ریه‌ک له‌ کیم جۆن ئۆن سه‌رۆکی وڵاته‌که‌یان و دۆناڵد تره‌مپی هاوتا ئه‌مه‌ریکییه‌که‌ی ده‌کات و، هۆکاری کشانه‌وه‌شیان له‌و لوتکه‌یه‌ بۆ ئه‌و مانۆره‌ سه‌ربازییه‌ ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ که‌ له‌ نیمچه‌ دوورگه‌ی کۆریا له‌نێوان ئه‌مه‌ریکا و کۆریای باشوور به‌ڕێوه‌ ده‌چێت‌.

له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌، پیۆنگ یانگ رایگه‌یاند، به‌ هه‌مان هۆکار له‌ دانوستانه‌کانیان له‌گه‌ڵ کۆریای باشووریش ده‌کشێنه‌وه‌، که‌ بڕیار بوو سبه‌ی چوارشه‌ممه‌ له‌سه‌ر ئاستی باڵای نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌ به‌ڕێوه‌ بچێت.

ئاژانسی ناوه‌ندی هه‌واڵی کۆریای باکوور “یونهاب” ئاماژه‌ی به‌وه‌شکردووه‌، راهێنانه‌ سه‌ربازییه‌کانی نێوان سیئۆل و واشنتۆن تاقیکردنه‌وه‌یه‌ بۆ هێرشکردنه‌ سه‌ر کۆریای باکوور و هه‌راسانکردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ شله‌تێنه‌یه‌ که‌ له‌نێوان هه‌ردوو کۆریادا هه‌یه‌.

ئه‌و ئاژنسه‌ی کۆریای باکوور باسی ئه‌وه‌شی کردووه‌، له‌سه‌روبه‌ندی دانوستانه‌کانی نێوان واشنتۆن و پیۆنگ یانگ، ئه‌مه‌ریکا پرسی مافی مرۆڤ له‌ وڵاته‌که‌یان ده‌وروژێنێت.

هه‌ر به‌گوێره‌ی ئه‌و ئاژانسه‌، پیۆنگ یانگ جه‌ختی کردۆته‌وه‌، “ژاوه‌ژاوی ئه‌مه‌ریکا له‌باره‌ی ئه‌و جۆره‌ پرسانه‌، پێشێلکردنێکی ئاشکرای که‌رامه‌تی کۆریای باکوور و سه‌روه‌رییه‌که‌یه‌تی، هه‌روه‌ها هه‌وڵێکی چه‌په‌ڵی واشنتۆنه‌ بۆئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا له‌ڕێگه‌ی ده‌روازه‌کانی مافی مرۆڤه‌وه‌ له‌ گۆڕه‌پانی دانوستانه‌کاندا ئامانجه‌ قیزه‌وه‌نه‌کانی به‌ده‌ست بهێنێت”.

پیۆنگ یانگ دووپاتیکرده‌وه‌، “واشنتۆن هه‌ڵه‌یکرد کاتێک وایزانی ئه‌و هه‌نگاوه‌ی کۆریا هاوێشتی، له‌ئه‌نجامی فشار و سزاکانی ئه‌مه‌ریکا بووه‌‌، له‌کاتێکدا کۆریای باکوور خواستی بۆ ئه‌و هه‌نگاوه‌ هه‌بوو”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شکردووه‌، “پرسی مافی مرۆڤ پێویسته‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر رێککه‌وتنێکی سیاسی و دوور له‌ هه‌ر هه‌وڵێک باس بکرێت بکرێت، که‌ له‌پێناو سه‌پاندنی هه‌ژموون ده‌درێن” و راشیگه‌یاند‌، “ئه‌مه‌ریکا مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ باسی مافی مرۆڤ بکات، له‌کاتێکدا که‌ خۆی چه‌ندین تاوانی چه‌په‌ڵی دژ به‌ مافه‌کانی مرۆڤ به‌رامبه‌ر به‌ گه‌لی ئێمه‌ ئه‌نجامداوه، له‌وانه‌ش کوشتنی هاووڵاتییه‌کانمان له‌کاتی شه‌ڕی کۆریا‌”.

پیۆنگ یانگ پێداگیریشی کرد، “پێویسته‌ ئه‌مه‌ریکا ده‌سبه‌رداری گه‌مژایه‌تی خۆی بێت، چونکه‌ له‌وانه‌یه‌ به‌پێچه‌وانه‌ به‌سه‌ریدا بشکێته‌وه‌ و هه‌موو ئه‌و رێگایانه‌ به‌ئاسانی به‌ڕوویدا دابخرێنه‌وه‌‌، که‌ به‌ هه‌وڵ و ماندووبوونێکی زۆر به‌ڕوویدا کرابوونه‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی کێشه‌کان تائه‌و ئاسته‌ خاوبکرێنه‌وه‌”.