کوردستان فردا
جمعه ۰۴ خرداد ۱۳۹۷ ۱۷:۲۳

مام ترامپ ئەو هەموو هات و هاوارەت لە چییە

شورش عه‌زیز سورمی

بڕیارەکەی ئەم دواییەی ترامپ سەبارەت بە لێدانی سوریا، بە هاوپەیمانیێتی فەرەنسا و بەریتانیا، تەنیا بۆ سەرپۆشکردنی کارە نایاساییەکانی (دۆنالد ترامپ)ە کە لەکاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ولاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەگەڵ (ڤلادیمیر پوتین)ی سەرۆکی روسیا ئەنجامی دابوو.

بۆیە لێدانی ئەم دواییەی سوریا لەبەر خۆشەویستی منداڵانی سوریا نەبوو، بەڵکو لە پێناو بەرژەوەندی تاکە کەسی خۆیانە، ئەگەر نا بۆ لە ماوەی ئەو هەموو ساڵەی کە شەڕ لە سوریاوە سەریهەڵداوە تا ئێستا هیچ چارەسەرییەک و هەڵوێستێکیان وەرنەگرتووە بۆ رزگار کردنی گەلی سوریا لە دەست رژێمی ئەسەد.

هەر وەک ئاشکرایە چ رووسیا و چ ئەمەریکا لە پێناو مانەوە و بوونی خۆیان لەو دەڤەرە ئامادەن هەموو کارێک بکەن، با دوور نەچین لە دوای نەمانی داعش لە ناوچەکە لەلایەن هێزەکانی شەرڤانانی کوردەوە، ئەمەریکا و ئەوروپا و روسیا زۆر بە ئاشکرایی پشتیان لە کورد کرد، چونکە چیتر کاریان بە کورد نەما، هەر بۆیە عەفرینیان رادەستی سوڵتانی تورکیا کرد. ئێستاش دەیانەوێ بە رای گشتی جیهان بڵێن کە ئەوان نیگەرانن لەوەی کە لە سوریا روودەدات، کەچی روسیا و ئەمەریکا و دەوڵەتە ئیقلیمیەکانی وەک ئێران و تورکیا و سعودیە دەستێکی باڵایان هەبووە هەیە لە هەڵگیرساندنی شەر و خاپورکردنی سوریا.

لە کاتێکدا وڵاتێکی وەک تورکیا ئەندام لە هاوپەیمانی ئەتلەسی (ناتۆ) و ئەندام لە ئەنجومەنی ئەوروپا هێرشی کردە سەر شاری عەفرین لە کوردستانی رۆژئاوا، کە خۆی لە خۆیدا پێشێلکردنی مافی نیودەوڵەتییە، کە هەر ئەم جۆرە پێشێلکردنە بوو لە ساڵی ۱۹۹۱ هاوپەیمانیێتیەک لە نێوان رۆژئاوا و رۆژهەڵات دروست بوو لە دژی سەدام بە تۆمەتی داگیرکردنی کوەیت، کەچی بۆ عەفرین هەموو لایەک بێ دەنگیان نواند. لە سەرووی هەمووشیانەوە ولاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. بۆیە دەڵێم مام ترامپ ئەو هەموو هات و هاوارەت لە چیە؟