کوردستان فردا
پنج شنبه ۳۱ خرداد ۱۳۹۷ ۱۶:۴۲

ڕووناکبیر شۆ

ڕێناس جیهانی

بە منداڵی لەگەڵ باوکم ئەڕۆیشتم بۆ ئەنجومەنی ئەدەبی و ئەمبینی کە هەموویان شتێکیان کردۆتە ملیان. وامئەزانی ملیان دێشێ؛ یەکێک لە هاویندا ملپێچی لە مل بوو و یەکێک لە زستان لەچکێکی ناسک. زۆر سەیر بوو لام بۆ وان؛ ئەموت ئاخۆ بۆ ملیان دێشێ و هەر چاکیش نابنەوە؟ هەنێکیشیان هەموو کاتێ کڵاوێکیان لە سەر بوو. سەرم سوڕ مابوو. کە گەورەتر بووم زانیم ئەوانەی کە خەریکی شت نوسینن یان خەریکی شانۆ و کاروباری هونەرین، هەموو کات ملیان دێشێ، بەڵام چاکەتی درێژ بە بۆنەی ئەوەوە ئەکەنە بەریان چونکوو هەستیان ناسکە و لە هاوینیش تیشکی زۆری خۆر ئازاریان ئەدا.
ئەی تا ئێستا زانیوتانە بۆ کڵاویان لەسەرە؟ ئەمەش من پێتان ئەڵێم، بەڵام لای کەس باسی مەکەن. ئەوەی ڕاستی بێت هێشتا خۆیشم باش نازانم بۆ؟ هەندێکیان لەبەر ئەوەی لوولیی قژیان بشارنەوە، هەندێکیش لەبەر ئەوەی “بێ‌قژی”یان بشارنەوە. زۆربەی تریشیان تەنها لەبەر ئەوەی لێیان جوانە و خۆیان بە موهیم ئەزانن. ئەگەر ئێوە شتێکی‌تریشتان دۆزییەوە، تکایە پێمبڵێن. من لە مناڵیەوە خەریکم ئەم هاوکێشەی ملپێچ و کڵاو و چاکەتە لای خۆم شی ئەکەمەوە و بە هیچ نەگەیشتووم تەنها ئەوە نەبێت کە هەر کەس دەستی دایە قەڵم، ئەبێ ملی بێتە ئێش نەک پشتی، کەسێک کە ئیشی شانۆیشی کرد ئەبێ چاکەتێکی درێژ بکاتە بەری تاکوو قولوقاچی سەرمای نەبێت. هەر کەسێک ئەبینیت لەم بازاڕە یەکێک لەم سێ کەسەیە کە وتم، بەڵام ئەمانە تەنها خۆیان بە موهیم ئەزانن چونکوو وەکو هاوڕێیەکی کەسێک وتی نازانم کەی فریا ئەکەون تۆزێک شت بخوێننەوە یان بنووسن، خۆ هەموو کاتێ لە ناو بازاڕدا ئەیانبینین.
ئێستا ئەگەر کەسێک ملپپێچ بکات و چاکەت و کڵاویش، خەریکی چیە؟ کوێی دێشێ؟ ئاخۆ بزانێت بخوێنێتەوە؟ بزانێ بنووسێ؟ یان بە ڕاستی پێویستی بە دکتۆرە؟ ڕەنگە “ڕووناکبیر شۆ”یەکیشیان ڕێ خستبێ و من نەمزانیبێ.