کوردستان فردا
چهارشنبه ۰۴ مهر ۱۳۹۷ ۰۲:۲۰

گرێ کوێرەکەی عێراق ناکرێتەوە

زیاتر لە مانگێک بەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا تێپەڕ بووە، […]

زیاتر لە مانگێک بەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا تێپەڕ بووە، بەڵام تا ئێستا لایەنەکان بۆ پێکھێنانی کابینەی داھاتوو یەکلا نەبوونەتەوە، حەیدەر عەبادییش داوای رزگاربوون لەو دۆخە چەقبووە سیاسییەی عێراق دەکات.

حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە رێگەی بەیاننامەیەکدا لەبارەی دۆخی چەقبەستووی عێراق دوای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی، داوا لە ھێزو لایەنە سیاسییەکان دەکات پاش جەژن کۆبونەوەیەکی باڵا رێکبخەن، داواکەی عەبادی لەلایەن چەند لایەنێکی سیاسییەوە پێشوازی لێکرا، کە ئەوانیش نوری مالیکی، سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانە، یەکگرتوی ئیسلامیش رایوایە ئەو دەسپێشخەریانە گرنگن بە مەرجێک خۆدزینەوە نەبێت لە یاساکەی پەرلەمان.

موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان۲۴ راگەیاند: “دەستپێشخەریەکە جێگای دەست خۆشییە، بەڵام ھێشتا ئەجندای ئەو دانیشتنە لای ئێمە روون نییە، لەسەر بنەمای ئەجندای دانیشتنەکە ھەڵوێستی خۆمان رادەگەیەنین، پێویستە عێراق جارێکی دیکە بکەوێتەوە سەر پێی خۆی، بە کەمترین زیان لەو قەیرانە دەرچێت و بتوانین دەنگی خەڵک بگێڕینەوە و یاساکەی پەرلەمان جێبەجێ بکەین، کە دەبێتە ھۆی سەقامگیری لە عێراق، دەبێ ھەموو لایەنەکان پاڵپشتی خۆیان بۆ سەروەری یاسا دەربڕن”.

لایەنێکی دیکەی ناڕازی کە لە ھەرێمی کوردستان رەخنەی توندی لە ئەنجامی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ھەیە، ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و داد پەروەریە، ئەو لایەنە دەڵێت، تا ئەو کاتەی بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ دووبارە ھەژمارکردنەوەی دەنگەکان یەکلانەبێتەوە، پێشوازی لە ھیچ جۆرە دەسپێشخەریەک یاخود کۆبونەوەیەک ناکەن.

لەوبارەوە ئالان بەرزنجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گشتی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و داد پەروەری دەڵێت: “ئێمە کە بڕوامان بە بنەماکانی دیموکراسی و دادپەروەرییە، دەبێ پێش ھەموو لایەنێک دانیشتنەکە رەتبکەینەوە، تا ئەنجامی ھەڵبژاردن یەکلایی نەکرێتەوە ھیچ گفتوگۆیەک بۆ پێکھێنانی حکوومەت ناکەین”.

حەیدەر عەبادی لەو دەسپێشخەرییەدا چەند رێگایەک بۆ رزگار بوونی عێراق لە دۆخی ئێستای عێراق دەخاتە بەردەم لایەنەکان، کە لە یەکێکیاندا داوا دەکات پێویستە رێگای یاسایی بگیرێتە بەرو پەنا بۆ دەستوورو یاسا ببرێت، چونکە تاکە سەرچاوەیە بۆ چارەسەری کێشەکان و پێکھێنانی حکوومەت و پەرلەمانی داھاتوو.