غەیبەتنامەی کاسەرۆک و تێچووی ئاڵیبوونی کایۆنس!دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان(مەهاباد) لەیەکەم ڕۆژی چوونە قوتابخانەم، وەک مامۆستای دەرسوێژ، لە ئاوایی “شۆخ-جەل”ـی شارئاوەدان، هاوکارەکانی ساڵی خوێندنی نوێم دۆزینەوە و بەسەرمکردنەوە. پێش ئەوە،ڕوانگەی من زۆر جیاواز بوو بەرانبەر بە قوتابخانە و ساڵی نوێی خوێندن و ئەم باس و بابەتانە. ئەخە هەر وەک ئێستا ئاماژەم پێدا بۆ من ئەم ڕووبەڕووبوونەوە لە […]
غەیبەتنامەی کاسەرۆک و تێچووی ئاڵیبوونی کایۆنس!دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان(مەهاباد) لەیەکەم ڕۆژی چوونە قوتابخانەم، وەک مامۆستای دەرسوێژ، لە ئاوایی “شۆخ-جەل”ـی شارئاوەدان، هاوکارەکانی ساڵی خوێندنی نوێم دۆزینەوە و بەسەرمکردنەوە. پێش ئەوە،ڕوانگەی من زۆر جیاواز بوو بەرانبەر بە قوتابخانە و ساڵی نوێی خوێندن و ئەم باس و بابەتانە. ئەخە هەر وەک ئێستا ئاماژەم پێدا بۆ من ئەم ڕووبەڕووبوونەوە لە هەوەڵین ڕۆژ لە هەوەڵین ساڵی مامۆستایەتیمدا ڕوویدا. سەرۆکی قوتابخانەکەمان، بە وتەی ئەم هاوڕێ نوێباوانەم، دوومانگ لەمەوبەر بەهۆی ڕووداوی پێکدادانی ئوتووبووس لە نێوان شەقامەڕێی “تاران_شارئاوەدان”، جەستەی بەتوندی ئازاری پێگەیبوو و دۆخی تەندروستیی کەوتبوو مەترسییەوە.
لە سەرەتای ڕەزبەر تا کۆتایی وەرزی پاییز بێ سەرۆک بووین و قسەی خۆمان بێ و لەنێوخۆمان دەرنەچێ چ پەکمان بە هەبوون و نەبوونی سەرۆک و مەرۆک نەکەوت و بۆخۆمان گشت ئیشەکانمان تێدەپەڕاند_ببوورن:”ڕادەپەڕاند”_؛دوای ئەو ماوەیە کابرایم ناوێکمان لێ پەیدابوو و لێمان وەژوورکەوت کە گوایە سەرۆکی گۆرینمان ئەم ماممیرزایەیە. بەڕواڵەت هەتا خوا حەز دەکا مرچ و مۆن و نەدوێن و ڕەزاگران و بێ دم و دوو دیاری دەکرد و هەرامەیەکی ئاماڵ-پشتێنبەندیان لە ملی خستبوو، پەرژینێکی بەگوڵ بێ هەر دەتکوت هەرامەی گۆرینە کە دیارە واباشترە بڵێم: ئێستا ناوەکەیم لەبیرنەماوە . کاتی قسەکردن لەگەڵ هەرکەس دەبوو ڕووی تەواو وەرگێڕێ بۆ لای ئەو کەسە ،هەر دەتکوت “فارس وتەنی” ئادەم ئاهەنییە وبە قەوە و باتری کاردەکا و هەڵدەسووڕێ!
جاکەتێکی ڕەشی تاناکۆڕایی گەوەرتر لە جەستە و کێشی خۆیشی لەبەردابوو کە شان و شهپیلکی لای چەپەی بەتەواوی داچۆڕاندبووەخوارێ و دیاربوو ئەو “کۆت”ـە ” جلێک نەبوو کە پڕ بەشانوبەژنی ئەو “کابراماقووڵە”دروابێت و بڕابێت!بەڵام گەر لەحەق لانەدەین،دوایە وردە وردە وەدیارکەوت کە کابرایم کاکڵ و توێکڵ و ڕواڵەت و حاڵەت و لانی ژوورەوە و دەرەوەی_وەک زۆر دیاردەی تر و وەک تاقمێکی زۆر لە بنیادەمەکان_ لێک جیاواز و لەیەکنەچوو و تەنانەت ناتەبا و دژاودژە.مەبەست ئەوەیە کە کابرایم پیاوخاسێک بوو بەڵام پێچەوانە دەهاتە بەرچاوان!
ئێستا مانگێک تێنەپەڕیبوو کە کاڕەحیمی هاوکارمان کە مامۆستای ئەدەب بوو_بەهەر دوومانای ئەدەبەوە_دوولەگیانی سووکەهەڵامەتێکی وای پێوەنووسا کە ئەو پیاوە بەبەژنوباهۆیەی لە هەردێ ڕاکێشا و نەهاتەوە بۆ قوتابخانە. کابرایمی سەرۆکمان بەبێیەکودوو نامەی غەیبەتی بۆ بەڕێکردە یانەیپەروەدە .دوای دووڕۆژ کە هاوڕێی هەڵامەت-وێکەوتوومان هاتەوە، نێوچاوانی غەزەبی خودای لێدەباری و زۆری بەسەر سەرۆکمان دا گوڕڕاند و بۆڵاند و گلە و گازندەی توندی خۆی ئاراستەی کرد.کابرایم کە کابرایەکی ساردوگەرمچێشتووی بەئەزموون و لە کڵدەرهاتوو بوو لەسەرەخۆ کوتی: زۆر باشە، زۆرباشە،مەرج بێ لەمەودوا بۆ کەس نامەی غەیبەت بەڕێ نەکەم!بەڵام،بەڵام! بەمەرجێک! لەمەودوا هەرکەس غایب بوو ،کەدیارە پتروپتر بەهۆی ناساغی و نەخۆشییەوەیە،هەر ئەوێ شەوی دادێ بۆ مولاقات و نەخۆشبینین! ڕێک ڕێک لەکاتی شێوخواردندا، گشت هاوکاران یەکتر لەماڵە هاوڕێ خۆشەویستەنەخۆشەکەمان مولاقات دەکەین! هەر کەسیش بەشداربووی ئەو مولاقاتە نەبێ،هەر لەو کاتەدا و هەربەوبۆنەیەشەوە، شەوی دواتر دەچینە مولاقاتی ئەو؛کابرای تاوانبار چ عوزری هەبێ و چ عوزری نەبێ،عوزر و موزر کاتی وا پاکی دەشۆردرێنەوە!
ماوەی دووحەوتوو تێپەڕی و کایۆنس کە پیاوێکی بنەماڵەخۆشەویست و دوورلەگیانی ئاڵی بوو و مامۆستای دەرسی “دین و ژین”بوو لەپڕدا پێڕاهات و نەخۆشی گۆرین وای دۆخی تەندروستییەکەی تێکدا و گۆڕی کە بیری کفن و گۆڕی بەدڵ و زەینی دا دەهات و بیری ختووکە دەدا و هەربەوهۆیە نەهاتەوە بۆ قوتابخانە.کابرایمی سەرۆکمان کوتی:جا کوڕەکان لەمنتانکەوێ بەپێی بەڵین و وادەی بڕیاردراوی پێشوومان ئێوارێ لای بانگی شێوان لە گردی تەنیشت قەبرستانی کۆن چاوەڕێتانم تا لێکڕا بچینە مولاقات و نەخۆشبینین!
ڕێک لە کاتی دیاریکراودا تێکڕای هاوکاران خۆیان گەیاندە کاسەرۆک،بەم تەوفیر و جیاوازییەوە کە کاڕەحیمی زەبر وێکەوتبوو پێش هەموومان،تەنانەت پێش کاسەرۆکیش، خۆی گەیاندبووە ئەم شوێنە و بە ژێست و فیگۆڕێکی لێبڕاو و مافخوازانەوە لەوێندەرێ وێستابوو!
دوای کاتژمێرێکونیو ، بەهۆی بەڵەدنەبوونمان،ماڵە کایۆنسمان دۆزییەوە و کە دەقولبابمان کرد کایۆنس لە نهۆمی سێهەمی ئەو قەڵاوباڵاخانەخواروخێچ وچەپرەک و چووکەڵەیە کە لەسەر تەپۆڵکەیەکیڕا دەیڕوانییە کۆڵانی خوارەوە و دەتکوت “ماڵە کایۆنسانە” کە بە تەنیا لە ئاوەدانی دوورخراوەتەوە،ئەلەوسەرە ڕا خەریکی خۆتوندکردنەوە و پاتۆڵبەستنەوەبوو؛ کە لە دەلاقەی نیوەکراوەی پەنجەرەکەڕا ئەو حەشیمەتە دوازدە نەفەرییەی بینی ،دوای ئەوەی لەجێی خۆی ویشک ویشک هەڵگڕا و چاوی وەک تای تەورداس و وەک لاتەرازووی لاسەنگ بەمۆلەقوەستا،هەوەڵ شتێکی وەبیریهاتەوە نەحسایەتی ڕەقەمی سێزدەبوو کە ئەو حەشیمەتە بە خۆیەوە _وەک “هۆکاری کۆتای پێهێنەر”واتە:”علت تامّە”_دەبوونە سێزدە و ئەو نەحسبوونە، وەک هەمیشەی خودا نەحەساوەیی بۆ ئەو بەدیاری هێنابوو. کاتێک بەلارولەنجەوە بە پەیژە خێچ و چەپرەک و چەواشە هەڵبەستراوەکانی ئەم قەڵاوباڵاخانە ئاماڵ-تاراوگەیە دا سەرکەوتین و چوینە نهۆمی سێهەم،کابرایم پێش سڵاو و مەرحەبا و چاکوخۆشی بە دەنگێکی بەرز و نێرانەوە کوتی:
جا براژن گیان خۆت دەزانی کە ڕۆژەکان زۆر قوڵەن و بەخوا زۆر دەمێک نییە کە لەسەر نان و خوانی نیوەڕۆ هەستاوین و جارێ تا ماوەیەکی دیش برسیمان نییە و چ پەلەوهەلەیەکمان نییە، …..کابرایم ئەلێرەدا بەهۆی پشووسواری لە ئاکامی کەژەوانییەکەی کاتێک لەمەوبەر_ببوورن:”لەئاکامی پەیژەوانییەکەی کاتێک لەمەوبەر”_ پشوویەکی دا و کایۆنس و خێزانیشی پشوویەکیان وەبەرخۆهاتەوە و ئاوا تێگەیشتن کە کاسەرۆک و هاوڕێیەکانی بە نان و پەنیر و کەرە یان هێلکەوڕۆنێکی ئاسایی یان ئەوپەڕەکەی بە هەردووی ئەم بژاردانە دادەمرکێن و هەرچی بێ مەترسییەکە لەناوچووە و ئاوری کێشەکە ڕۆمرکاوە، هەتا ئەوکاتی کە کاسەرۆک ئاوای درێژە بە قسەکانی خۆی دا و کوتی:
…جا براژن گیان گەر فڕووج و مڕووج و گۆشت و مۆشت و کەل و پەلی پێویست لە ماڵێ دانییە،چ نابێ و چ نەبووە خۆ کافرستانی نییە…..دیسان خەریک بوو کایۆنس و خێزانی شاییان لە دڵی دا بگەڕێ کە کاسەرۆک بەبێ پسانەوە و وەستان گوریسەکەی لێ کردنەوە خوری و درێژەی پێدا و کوتی:….نا،نا جێی چ دڵەڕاوکێ و نیگەرانی نییە، هەر ئێستا کا یۆنس دەنێرین و جارێ لانی کەم تا کاتژمێریکی دیش دوکان و بازار هەرکراوەیە….کایۆنس هاوکات لەگەڵ ئەوەی لەبن خۆیەوە ویرەویرێکی ئاماڵ-ئازایانە و ناڕازیانەی لێ هات و من کە زۆری لێ نزیک بووم گوێم لێ بوو کە دەیکوت: وەڵڵا ئەگە دەمزانی ئەو غەزەبانە شۆخی و مۆخی نازانن و هەرچی دەێڵێن لەسەری سوورن و وەڕاست دەگەڕێ، بە بڕانکاردیش بایە خۆم دەگەیاندەوە قوتابخانە، …دوای ئەو ویرەویرە و دوای ئەوەی باجە خەراجاتی خێزانی ڕایسپارد و لیستی پێداویستییەکانی پێ سپارد، بەهەڵەداوان و بەبێ ماڵاوایی لە ماڵێ دەرپەڕییە دەرێ و دوای کاتژمێرێک بە هانکەهانک و پشووسواریی و بە کۆڵێک کەل و پەل و هەرامەوە و لەدیمەن و ڕواڵەتی لۆرییەکی کە لە ڕادەی یاسایی و ئاسایی خۆی پتریان بارلێناوە، وەژوورکەوت!
نان وخوانی ئەوێ شەوێ دەورووبەری کاتژمێر 12ـی نیوەشەو ئامادەبوو وچون هاوڕێکان دوای چاوەڕوانێکی زۆر گەلێکیان برسی ببوو، تێر تێریان خوارد و کایۆنس کە لە گشتمان ماندووترببوو، هاوڕێ لەگەڵ ئەوەی کە لێگدا لێگدا ئهوڕستە حەکیمانەی دووپات دەکردەوە:”گەر نەخۆی ماڵە خۆت ، بۆت دەخۆن خەنیمی خۆت!”، دەست و مەچەکی لێ هەڵ کرد و پارووی لێ بادا و بێدڵی خۆی نەکرد و تا عارەقی ڕەش و شینی کرد هەرگەدە و مەدەی ئاخنی و خواردی و نەکشاوە دواوە و بەرەگە و مەتەرێزی چۆڵ نەکرد و ورەی بەرنەدا، پاساویشی ئەوەبوو کە جیا لە خواردن و شێوەکە کە ئی خۆی بوون مەدە و گەدەکەش هەر ئێ خۆی بوو!
ئەوێ شەوێ بە قسەی نەستەق و فشە و پێکەنین و گێڕانەوە و وەبیرهێنانەوەی سەرلەنوێی ڕووداوەکان و چیڕۆکەکانی ئەو چەند مانگەی قوتابخانە شەومان شەق و شڕ کرد و ڕامانبوارد.
کاتژمێر دووونیوی شەو بوو کە لەو ماڵە ئاماڵ_تاراوگەیەڕا گەڕاینەوە و بەرەو ماڵەخۆ بووینەوە و تا قاوەڵتوونی ڕۆژی دواتر کە هەینی بوو تخێڵ بووین.
پتر لە مانگ و نیوێک لە میوانی _ببوورن لە مولاقات و نەخۆشبینینی_ئەوێشەوێ ڕانەبردبوو کە لە پڕێکی بەرەبەیانەی ڕۆژی شەممۆی هەوەڵی ڕەشەمە دیتمان کایۆنس بە کۆخە و پشمین و نکە و ناڵە و هاوار و ئاخ و ئۆفەوە و لە کاتێکدا کە ئاوی لووتی هەر دەتکوت شێرەی لەڕەسمەچوو و بەڕەڵڵای قوتابخانەیە و دووچاوی سوورهەڵگەڕاوی هەر دەتکوت گۆمی خوێنێیە، سەروپۆتەڵاکی وەدیارکەوت.
بڕواتان بێ تێکڕای هاوکاران لێکڕا و هاوڕالەگەڵ یەک و بەبێ هاوئاهەنگی پێشووبەدەنگی بەرز کوتمان:
“کائاڵی! ئەوە بۆ دەهاتێوە گەر ئاوا دەناڵی؟!”
کایۆنس دوای چەند چرکەیەک و بێ دەنگێکی مانادار ڕێک وەک مناڵێکی کە کوڵی گریانی هەستابێ کوتی:
وەڵڵا گەر ڕاستیتان دەوێ من خۆم لێبڕام کە نەیەمەوە بەڵام ئەو زیڕووحە گورگنەخۆرە _خەراجات ـی دەڵێم، ببوورن شۆخ-لەیلای دەڵێم ،لەبیرم چووبووە کە ڕایسپاردم کە لەمەبەولاوە لە لای خەڵکی بە نێوی نوێی نێوی بێنم بۆئەوەی لەلایەکەوە نێودێربێ و لەلایەکی تریشەوە خەڵک وردەوردە ئاگاداربن کە خاتخەراجات نێوی گۆڕیوە و بۆتە شۆخ-لەیلا،…ئەرێ ئەوەم دەمکوت هەر شۆخ-لەیلا _کە زانی ئێجگار سوورم لەسەر ئەو بڕیارەم و لێبڕاوم کە نەچمەوە قوتابخانە، هەر دوابەدوای ئەوەی زمانم سووتاو و بەڕاشکاوی ئەو بڕیارەم بەسەر زمانان داهات، هاوڕێ دەگەڵ ئەوەی کە گسکەکەشی پێ بوو و لە قولی گرتبوو و وڵاتی گسک دەدا، هەڕای کردمێ و لەماڵ وەدەرینام و شارەودەری کردم و لێگدا لێگداش بە دەنگی بەرز دەینەڕڕاند:
بڕۆ،بڕۆ،بڕۆ……بڕۆ،بڕۆ،بڕۆ………زووبەزووبە هەڕاکە! بەهیچ کلۆجێک ڕانەوەستی و نەکەی بوەستی…هەڕاکەو هەرچی زووتر خۆت بگەیێنەوەقوتابخانە! دەنا ئەم حەشیمەتە ورگزلە مفتەخۆرە بێچاوڕوویەی وا بەخۆتەوە دەبنە سێزدەینەحس هەربینا هاتنەوە و وەژوورکەوتن و سەروسەکوت و سەروپۆتەڵاکی ناممبارەکیان لەئاسۆی ژوورەکەمان وەدیارخست و بیرگە و مێشکیان شڵەژاندین و ورگ و زگیان شێلاین وماڵیان ڕماندین….بڕۆ،بڕۆ،بڕۆ…..بڕۆ،بڕۆ،بڕۆ………ببڕا و ببڕا نەخەڵەتابی لەمەوبەدوا بیری پشوودان و مانەوە لەماڵت بەبیری دابێ و بیرگەت ختووکە بکا…نا،نا….هەڕاکە هەڕاکە! هەربینا ئەو گەلحۆگەلحۆیانە هاتنەوە و سەرلەنوێ هێمنایەتی ژیانی ئاساییان شێواندین و سوکنایی وهێوری ناوماڵیان ڕفاندین و ماڵ و حاڵیان ڕماندین و تەنانەت ئاڵاوواڵای زارۆکانیان ژاکاندین و مناڵ و زارۆکانیان تۆقاندین، ئەو تۆقی نەعڵەتانە! ،ڕەببی ماڵیان بەسێچەپەی قوڕێ گیرێ!….بڕۆ،بڕۆ،بڕۆ تا ئەوبەڵالابەلایانە و ئەو کوندە ماڵکاول کەرانە نههاتوونەتەوە …….بڕۆ ،بڕۆ،بڕۆ….بڕۆ،بڕۆ،بڕۆ…….
من کە تا ئەو کاتە بە هۆی کەم ئەزموونی و کەم تەمەنیم و پاراستنی مەرجی باوی گەورە و چکۆلەیی چم نەدەکوت و هەر گوێم ڕادەگرت و خۆم دەخواردەوە و خۆم دەبوارد لەوەی قسەیەکی ناجایز بکەم ، خۆم پێ ڕانەگیرا و له پڕێکدا کوتم:
” کائاڵی گیان! یۆنسبوون تێچووی هەیە!”_ببوورن:”کایۆنس گیان، ئاڵیبوون تێچووی هەیە!”خوا کاسەرۆکمان وەحەسێنێ کە بەو پیلانەی_ببوورن: “بەو پلانەی”_چ توخم و تۆوی غەیبەت و مەیبەتی نەهێشتن و ئەم پەتا ناکۆکیهێنەرەی بنەبڕ و خاشەبڕ کرد……هەربژی کاسەرۆکی خۆمان بۆ پیلانی_ببوورن: “بۆ پلانی”_بێ وێنەی و چارەسەری حاکمانەی_ببوورن :”چارەسەری حەکیمانەی”_! 13ـی خاکەلێوەی 1397ـی هەتاوی _مەهاباد
- نویسنده : دکتر احمدیان


























