مامۆستا ئاسۆ  بۆکان شاعری ناو داری کورد
مامۆستا ئاسۆ  بۆکان شاعری ناو داری کورد

مامۆستا ئاسۆ  بۆکان لە دەیەی حەفتادا چەند کەسێک بوێرانە ڕچەی هەژار و هێمنیان لەگەڵ من بەجێ نەهێشت، کە گەورەترینیان لە باری بیر و توان و تکنیک و دڵسۆزییەوە، ئەمین گەردیگلانی بوو. ئەمین ئەوڕۆ شاعیرێکی ناسراوە و پێویست ناکا من بیناسێنم. بەڵام ناشتوانم ئەم چەند گازندەیەی لێ‌نەکەم. لە شێعردا، زۆر بەدبینە، وشەی ڕەق و نامۆ بەکار […]

مامۆستا ئاسۆ  بۆکان

لە دەیەی حەفتادا چەند کەسێک بوێرانە ڕچەی هەژار و هێمنیان لەگەڵ من بەجێ نەهێشت، کە گەورەترینیان لە باری بیر و توان و تکنیک و دڵسۆزییەوە، ئەمین گەردیگلانی بوو. ئەمین ئەوڕۆ شاعیرێکی ناسراوە و پێویست ناکا من بیناسێنم. بەڵام ناشتوانم ئەم چەند گازندەیەی لێ‌نەکەم. لە شێعردا، زۆر بەدبینە، وشەی ڕەق و نامۆ بەکار دەبا. لە هەموو بوارێک کار دەکا. بریا زۆرتر گرینگیی بە شێعر بدایە؛ چون شیعر گرانە، دەنا لۆغەت‌نامەنووسین و تەرجەمە، زۆر کەس هەیە لە شاعیری باشتر دەکەن؛ بەڵام شێعر ناتوانن وەک ئەمین بڵێن. لە یەک کەلام‌دا، ئەمین شاعیر، دڵسۆز، نیشتمان‌پەروەرە و بێ شیلەیە و من ئاواتی پێگەیەکی لەوەش بەرزترم بۆی هەیە.

سەعادەت سەیدمحەممەدی «ڕۆژان» (سەقز)

قوماشه چەمکی نوێ و دوورینی وەبەر غەزەل کاری خەییاتێکی شارەزای تان‌وپۆی گوڵ و ئەوینه که لەگەڵ دەرزی‌ئاژنی ملیوانی هەر غەزەلێک لە ژێر چەرخی ڕۆژگاردا، فرمێسکی هەڵوەراندووه:شیلەی ژنانیلەیی و جوانییەکانی مەعشووقه، غەزەلەکانی خەمڵاندووه و له پشت کەزیەی تاڤگه شێعرەکانەوە کیژێکی باڵابەرزی سەربەخۆ چاو دادەگرێ؛ بۆی ئەدوێ، ڕێگای جێژوانی پێ ئەبڕێ و جارجارەش دڵی ئەشکێنێ. بەرگ‌دوور به پارێزەوه له جوانییەکانی دەدوێ و به بەرگی ڕازاوه، ئیهامی ڕووت پۆشتەی دەکاتەوە و له گۆڤەندی هەڵبەست‌دا دەست له ناو دەست دێنه سەما.

ئەجەل دڵی ئەمینی دڵناسکی شاعیر بریندار دەکا و به چاوی شێعری تەڕ، ڕۆحە بەهارییەکەی ژیلا دەلاوێنێتەوە و ئەیسەلمێنێ تەنیا مەستووره نییه بۆ کۆچی ئازیزی به شێعر دەگری، بەڵکوو پیاوێکی هەست ناسکیش، ژنه‌ هەڵبەستوانێک دەلاوێنێتەوە، کاتێ گێژەڵووکەی خەم به لرفه و هاژەوه به گژ گوڵباخێکی‌تری گوڵزاری ئەدەب‌دا دەچێ.

پشکۆ یاسینی

پیاوێک لە ڕەگەزی داربەڕوو، ڕووبارێک پڕ لە شەپۆلی ئەوین، ئەوینی ئینسانییەت، نییەتی پاک و بێ خەوش، وشەی گوڵ‌وشەی کەڕنەواڵ و کۆڕ. کوڕی ڕۆژ، ڕۆژنەیەک بۆ دڵ زیندووان. وانەیەک لە مەردایەتی و ڕۆح سووکی، سووکە سواری چیرۆک و شێعر و غەزەل و ڕۆمان. مانای ڕاستەقینەی ئەدیب و دیباچە و دیوانی پڕ سۆڵەی دڵ‌بەسۆیان. سۆزی شنەی پشکووتن و شازی دوو بەیتی و شابەیت و چوارینە. وارینی ڕێژنەی ئومید و تاڵە تیشکی پەلکەزێڕینەی نێو ئاسمان و خاک. خاکی و خۆڵینە، نیگای سەوزتر لە وەرزی بەهار، هاواری زایەڵەی شاخ و قیژەی گوڵەباخ. خەونی ئێستا و داهاتوومان، ماندێلای شۆڕشی شێعر.

ک.د.ئازاد (کەریم دافعی) بانە

ئەمین گەردیگلانی قەڵەمێکی  هەست‌ناسک  و بوێرە لە مەڵبەندی موکریان. شالوورێکی باخچەی ئەدەب و شاعیرێکی پڕ لە سۆز و هیوا. خامەیەکی ڕەنگینی سرووشت و نیشتمان. کەسێک کە بە درێژاییی تەمەنی، کۆڵنەدرانە و بە هەڵوێست نووسیویەتی و ساتێک وچانی نەگرتووە. لە شێعردا، ئەزموونێکی تایبەت بە خۆی هەیە و لە مەیدانی ناسک‌خەیاڵی‌دا، سوارچاکێکی ئازایە. کاتێک چاو لە تەرجەمەکانی دەکەی، شارەزایەکی نوکتەزان و ئاگا بەسەر وشەکانی زمان و کارامە لە نووسین و تەرجەمەیە. کە بە ناو چیرۆکەکانی‌دا سەفەر دەکەین، دونیایەکی جیاواز دەخوڵقێنێ کە خوێنەر سەری سووڕ دەمێنێ. ئەو هەموو لێهاتوویی و شارەزایییە، هی ئەمین گەردیگلانی‌یە کە ڕەنگە تەنیا کەسێکە لە ناو ئەدەبی کوردی‌دا، خۆی توانیویەتی بوارەکانی جۆراجۆر و چەڵەمەکانی ژیان ببڕێ و ببێتە خاوەن سەبک و شێوازی خۆی.

ئەدەبی کوردی، منەتبار و قەرزداری ئەو قەڵەمە ڕەزا سووک و بوێر و خاوەن ئەزموونەیە! ئەگەر لە هەر سەد شاعیر و نووسەر و وەرگێڕمان، تەنیا کەسایەتییەکی وەک ئەمین گەردیلانی هەڵکەوێ، بە دڵنیایی‌یەوە، ئاسۆی ئەدەبی کورد، ڕوونتر و کتێبخانەی کوردان، سەد ئەوەندە دەوڵەمەندتر دەبێ!

محەممەد  ئەدیبی- بۆكان

هونەرمەند كەسایەتییەكە کە دەتوانێ سرتەی «با» لەگەڵ گیا هەست پێ بكا و تەزووی كۆمەڵ دایچڵەكێنێ و ئەمین شاعیرێكی ئەم سەردەمەیە کە بەشێک لە شێعرەکانی دەلالەت لە ئازارێكی كۆمەڵگاكەی دەكا. لە خسڵەتە دیارەكانی ئەمین گەردیگلانی، ئەوەیە كە نەیویستووە پشت لە ئەدەبی زارەكی ‌و ئەدەبی كلاسیكی نەتەوەكەی خۆی بكا و نەیخواستووە لەپڕێك ببێتە كوڕێك. هەتا بەرەو پێشەوە و ئێستا هەنگاو دەنێین پوختی ‌و ڕێك‌وپێكییەكی زۆرتری پێوە دیارە و دەیان نموونەی لەو چەشنە دەكەوێتە بەر چاو.ئەمین سەرەتا بە شێعری كلاسیكەوە دەستی پێكردووە و زۆرتر لەگەڵ بەژنی زراڤی غەزەل‌دا دەستەملان بووە و ئێستاشی لەگەڵ‌دابێ، بەگشتی بە شاعیری غەزەل دەناسرێت ‌و بەرەبەرە باڵی كێشاوەتە سەر شێعری نوێ.

سیمین چایچی

لەم بیست ساڵەی ڕابردوو، ناوی ئەمین گردیگلانی وەکوو شاعیر، بەتایبەت غەزەل‌نووس زۆرتر لە ڕۆژهەڵات‌دا ناسراوە؛ هەرچەن کتێبی تاپۆی وەرزێکی سەوز، وەکوو یەکەم بەرهەمی ئەدەبیی چاپکراو لە ئەمین گردیگلانی، زیاتر لە شێوازی نوێ‌دا خۆی دەرخست، بەڵام گردیگلانی داوتر هەوڵی دا وەکوو غەزەل‌نووسێکی زۆر کارامە خۆی نیشان بدا و زۆر غەزەلی جوانیشی نووسی کە لە نێو غەزەلی نووسراوی ئەم بیست ساڵەی دوایی‌دا بەرچاون.

بەڵام ئەمین گەردیگلانی دوایی و لەناکاو بەرەو وەرگێڕان چوو! ئەویش وەرگێڕانی دەقی فارسی بۆ کوردی و زۆرتر بۆ چاپ لە باشوور یان ئەکرێ بڵێین بە سفارشی بڵاوکراوەکانی باشوور. ئێستا ئەگەر پێناسەیەک لە ئەمین گردیگلانی بەدەستەوە بدەین دەبێ غەزەلەکانی بە جیا و وەرگێڕانی بە جیا باس بکەین و بیخەینە بەر باس و لێکدانەوە. هەر چەن بۆ من وەک کەسێکی ئەردەڵانی و شارەزای زمان و ئەدەبی کوردیی ڕۆژهەڵات، زۆر کەم لە وەرگێڕانەکانیم لەبەردەست بووە، بەڵام ئەو ڕەخنانەی کە لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان‌دا ئاراستەی کاری وەرگێڕانی ئەمین گەردیگلانی کراوە، نیشان ئەدا نەیتوانیوە وەکوو غەزەلەکانی ناوبانگیان پێ‌ببەخشێ.