‍ ” هه‌موو شتێک له په‌نجه‌رە‌وە”
‍ ” هه‌موو شتێک له په‌نجه‌رە‌وە”

که له په‌نجه‌رە‌وە دە‌ڕوانم دە‌زانم جه‌نگ هه‌رگیز ته‌واو نابێـت و ته‌واو نه‌بووە له په‌نجه‌رە‌وە دە‌ڕوانم و سه‌یری گوللەی ئه‌به‌دی جه‌نگه‌کان دە‌که‌م بە ئاسمانه‌وە سه‌یری بریندارە‌کانی دوێنێ و ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێ دە‌که‌م، به خوێن و به زام و به هه‌توانه‌وە   له په‌نجه‌رە‌وە دە‌ڕوانم و دە‌زانم ژیان چ تۆپبارانێکی گه‌ورە‌یه جه‌نگ له حه‌وشه‌وە دە‌ست پێدە‌کات و […]

که له په‌نجه‌رە‌وە دە‌ڕوانم دە‌زانم جه‌نگ هه‌رگیز ته‌واو نابێـت و ته‌واو نه‌بووە

له په‌نجه‌رە‌وە دە‌ڕوانم و سه‌یری گوللەی ئه‌به‌دی جه‌نگه‌کان دە‌که‌م بە ئاسمانه‌وە

سه‌یری بریندارە‌کانی دوێنێ و ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێ دە‌که‌م، به خوێن و به زام و به هه‌توانه‌وە

 

له په‌نجه‌رە‌وە دە‌ڕوانم و دە‌زانم ژیان چ تۆپبارانێکی گه‌ورە‌یه

جه‌نگ له حه‌وشه‌وە دە‌ست پێدە‌کات و دە‌ڕوات تا دە‌گاته ئاسمان

من سه‌یری مردوە‌کان دە‌که‌م دێن و دە‌ڕۆن به به‌ر بارانه‌وە

سه‌یری گوڵه کوژراوە‌کان دە‌که‌م… به غونچه و به دڕک و به خه‌زانه‌وە

 

له پەنجەرەوە دەڕوانم و تێدەگەم که سوپاکان بێپشوو له شەڕدان

لەشکره کۆنەکان دێن و لێرەدا دەجەنگن، به سۆزی جارانەوە

تەپوتۆزی ئەسپ و دەنگی شمشێران دەگاته بەر دەرگام

به قریوەی جەنگ، بە هەلهەلەی ڕەش، به هاواری خودا، به ڕەزمی یارانەوە

 

له پەنجەرەوە دەڕوانم، خوێن دەبارێت لەسەر سەرتاپای لالەزار

کەس نییه لێرەدا هەستێت و بێت به فریای شکۆفەی ناو باغانەوە

شەڕ له دوای شەڕ هەڵدەگیرسێت و دەبینم

مرۆڤ مرۆڤ دەکوژێت، گوڵ گوڵ دەسووتێنێت . . . به عەشقی دەروێشانەوە

 

له پەنجەرەوە دەڕوانم، شەقام پڕه له لێزان و پسپۆڕ و له فەیلەسوفانی جەنگ

هەموو هاتوون به پێکی ڕەش، به جلی ڕەش، به خەندەی وەحشیانەوە

بۆنی باروت و هەوای خوێنینیان دەگاته ناو خوێنم

سوژده بۆ ئێسک و برین دەبەن، به حەسرەتی سوخته، به جۆشی هەوادارانەوە

 

له پەنجەرەوە دەبینم، تاریکه گۆزەر و ڕوو له وێرانەیە کۆڵان

سەعاتی مەرگه لێدەدات، لەبەر ماڵ و له ناو باغ و به لقی دارانەوە

کوچه سەراپای سواران و زرێپۆشان و سەربازانی دڵڕقه

هەموو سەداکوژن بۆ نەغمەی بولبول، نیشانەپێکن به دڵی گوڵستانەوە

 

له پەنجەرەوە دەڕوانم، پادشاکان دەبینم، وان له مەعدەنی شەیتان

حەزیان له زەوی وێران و ڕەنگی ئاسمانه به وێنەی ئاگربارانەوە

شەیدای بۆکڕوزی ڕۆحن و شیفتەی ئالودەبوونی خاکن

شوکرن به ئەتکی خەرامان و مەستن به خوێناو و شادن به ناڵەی بریندارانەوە

 

له پەنجەرەوە دەبینم، دەسووتێت کێڵگه و دەخنکێن پاساری و گەنم و میوەکان

ئەهریمەن دەگەڕێت بۆ بزەی گوڵەباخ، به نیگای تاریک و به خوێنی سەر دەستانەوە

کۆتر دەبینم دەفڕێت و عەشقی خۆی لەگەڵ باڵیدا دەبات

درەخت دەبینم دەسووتێت و ناکەوێت و دەمرێت به وەستانەوە

 

“به‌ختیار عه‌لی”

له دیوانه شێعری” ئەی بەندەری دۆست، ئەی کەشتی دوژمن”

  • نویسنده : کردستان فردا