زام
زام
وشکەساڵ؟ ساڵی قات‌وقڕی؟ گەلێکی ناسک؟ نازانم! بەڵام وەندە دەزانم بە پێویستم زانی، یانی پێویست بوو. شەربەتێکی زۆر بەتام‌وچێژ و دڵخوازم سازکرد،

وشکەساڵ؟ ساڵی قات‌وقڕی؟ گەلێکی ناسک؟ نازانم! بەڵام وەندە دەزانم بە پێویستم زانی، یانی پێویست بوو. شەربەتێکی زۆر بەتام‌وچێژ و دڵخوازم سازکرد، دڵۆپ‌دڵۆپ دەمکردە سەر بەری دەستم. دەستم هەڵدەهێنا، درێژم دەکردە پێشەوە و بەرەو حەوا ڕام‌دەگرت. دیسانەکەش دڵۆپ‌دڵۆپ شەربەتم تێ‌دەکرد و هەر وا ڕام‌دەگرت!

پەپوولەیەکی ڕەنگاوڕەنگی سپی و زەرد و سووری زۆر جوان هات، لە سەر لەپی دەستم نیشتەوە، هات و چوو، مڵ‌ومۆی کرد و بەرەبەرە لە کەناری گۆلی شەربەتە شیرینەکە ڕاوەستا. شفرەیەکی بەرەو شەربەت برد، بڕێ جێ‌گۆڕکەی کرد، ئەمجار تا توانی شەربەتی هەڵمشت، هەڵی‌لووشی و کە تێر بوو، باڵی لێدا، خولێک بە دەوری گۆلی شەربەت‌دا گەڕا و بۆی ڕۆی. گەردەی جوانی زێڕینی بە سەر لەپی دەستم‌دا باراند …

چەند خولەکێ تێپەڕ بوو، دووسێ مێشوولە هاتن، لە قەراغ گۆلی شەربەتی شیرین نیشتنەوە. بە کەناری گۆلەکەدا پیاسەیان کرد و پاشان هاتنە سەر لێواری شەربەتەکە و دەستیان کرد بە شەربەت هەڵلووشین. کە زۆریان خواردەوە و زگیان هەڵماسی، باڵیان گرت و ڕۆیشتن. بە هەرکوێی دەستم‌دا گەڕابوون، پێستەکەی دەستی کرد بە ئێش و خوروو …

بۆ تاوێک لە فیکری ئێش و خورووی بەری دەستم‌دا بووم، تەماشام کرد چەند مێش لە سەر گۆلی شەربەتی بەری دەستم سەرقاڵی شەربەت هەڵقوڕاندنن. کە تێریان هەڵقوڕاند و هەڵلووشی، پیاسەیەکیان بە سەر بەری دەست و پشتە دەستم‌دا کرد و هەڵفڕین و ڕۆیشتن. ئای چەنێکیان بەری دەستم بە ڕشانەوە ڕازاندبۆوە!!

هەر لە زەریای خەیاڵاتی جوانی و ڕازاوەیی دەستم‌دا بوو، لەناکاو زەردەواڵەیەک هات، لە کەناری گۆلی شەربەت نیشتەوە. شفرەیەکی نایە نێو شەربەتەکەوە، هەلیڵووشی و هەڵیلووشی و هەڵیلووشی تا چۆڕەی لێ‌بڕی. زگی لە قەدەر خۆی بە قەرا ڕەشکە کایەک هەڵمسی. بڕێکی دیکەش لە بەری دستم و لە سەر لەپی پەنجەکانم پیاسە کرد، زۆر بە ئیشتیای دڵی خۆی بە چەند خاڵێکی لەپ و بەری دەستمەوەی دا، ژان و ئێشی زاندە دڵ و دەروونمەوە، لە ژان و بڕکی ئەم پێوەدانە، دەستم توند ڕاوەشاند، زەردەواڵە پشتەوقەفار بە عەرزدا کەوت و ئیدی هەڵنەستاوە …

بەرەو ڕووی زەردەواڵە هەڵترووشکامە سەر پەنجەی لاق و چاوم تێ‌بڕی. چەند جارێکی قاچەکانی بەرەو حەوا هەڵسووڕاند، توندی هەڵسووڕاندن، بەرەبەرە هێدی بوونەوە و ئاخری بەبێ جووڵە مان؛ ڕەپ بەرەو حەوا ڕاوەستان و مرد …

فرمێسک لە چاڵاوی چاوەکانمەوە هەڵزنی، فرمێسک بە سەر مەزرای ڕوومەتم‌دا شۆڕاوگەی بەست. دەنکەدەنکە دوڕ و مرواری لە چاوەکانمەوە هەڵدەبەزینە دەرێ و بە سەر ڕوومەتم‌دا دەبوونە ڕووبار و بەرەو چەناگە و گەردنم دادەخوشین!

فرمێسکم دەڕشت و وڕێنەم دەکرد: بۆچی؟ دۆستی بەڕێزم بۆچی؟ بۆ شەربەتی بەری دەستمت هەڵلووشی و تێرتێرت خوارد و ئەمجار پێوەمت دا؟ پێوەت دام!! بەڕاستی بۆ؟ تا لە ئێش و ژان‌دا دەست ڕاوەشێنم و ئاوات بە سەر بێ؟ هەزار بریا دەواودەرمانێک، داڕوویەک، نۆشداڕوویەک، دژەمەرگێک دەبوو، تا دەرمانت کەم و چاک بیەوە! بریا … بریا …

بەڵام کەڵکی چییە؟ ئێش و ژانت هەم لکاندە دڵمەوە هەم دەروون و هەناومەوە. ئێش و ژانی دەستم چاک دەبێ و لە یاد نامێنێ، بەڵام ئێشی دڵ و دەروونم بۆ هەتا هەتایە لەگەڵمایە! ئاخ … زام و بڕکێکی دایم… بۆ ئەبەد؛ تا ئەبەد …

  • نویسنده : حسین شیربگی