شەنگەبێری و مەڕدۆشین کامیل یاغیان
شەنگەبێری و مەڕدۆشین کامیل یاغیان

شەنگەبێری و مەڕدۆشینکامیل یاغیان،نیوەشەوە و ئاسمان کراسی پووڵەکەڕێزی کردۆتە زێڕوەشانی بەژنی زڕاڤی چیا و پێدەشت.ئەوە پۆل پۆل ئەستێرەش ڕادەبن بە ترووسکەی حەز و هیوا لە سینگی ئاسمانی بێ‌بن‌دا.شەوە و بەڵام چاوی ژیان هەر بەخەبەرە، لە نێو دڵی شەوا هەن و بەخەبەرن، ڕێ دەبڕن و ناهێڵن چاوی هیوا، چاوی حەز و تاسە، چاوی ژیان و ئەوین، […]

شەنگەبێری و مەڕدۆشینکامیل یاغیان،نیوەشەوە و ئاسمان کراسی پووڵەکەڕێزی کردۆتە زێڕوەشانی بەژنی زڕاڤی چیا و پێدەشت.ئەوە پۆل پۆل ئەستێرەش ڕادەبن بە ترووسکەی حەز و هیوا لە سینگی ئاسمانی بێ‌بن‌دا.شەوە و بەڵام چاوی ژیان هەر بەخەبەرە، لە نێو دڵی شەوا هەن و بەخەبەرن، ڕێ دەبڕن و ناهێڵن چاوی هیوا، چاوی حەز و تاسە، چاوی ژیان و ئەوین، بهێڵن کە چاوی سرەوتی ژیان بچێتە خەو. ئەوە مامە شوانەی گڕاوی شەنگەبێریش ڕانەمەڕی لە حەوشە ڕاداوە و بە نەوای دەنگی بلاوێن و مۆسیقای زەگ و زەنگوڵە و پیرە شمشاڵ، مەڕ بەرەو شەوێن لە نێو بژوێن دەبا و گیانی زیندووی وەبەر خەوی شەو ناوە، لەو سرووشتە بە دایم زیندووەی کە نەمری، دەبەخشێ بە گیان و ژیان.

ڕانەمەڕ وەرگەڕاوەتەوە بەرەو پەرچە و لە نێو دڵی سرووشت‌دا و مامە شوانەش کتریی ڕەشی لە گوڵاوی کانیاوی ڕوونی بن بنار هەڵینجاوە و بە هێندێ پڕ و پووش و لاسکی گوێنە ڕەش و گوێنە سپیلکە و گوێنە جەباری و لاسکی توێسی و کیفار مەشغەڵی ئاگری ژیانی سەربەستی بە دەم لووتکەی چیاوە هەڵکردووە . ڕانەمەڕیش تێرتێر لە گوڵی بێژان و ڕێحانە کێویلە و جاترخاسە، زڕە جاترە و لۆسوو و لۆگەنە و کەما و هەڵاڵە و گوێنی و کیفار و تەڕەزەن و بنچک و بزنەڕیشە و تەڕە گیای نواڵ و تیرەگ و لاپاڵ و زاخێڕ و نسار و بە ڕۆژ و لاخر و زەڵاوی دەم لێوی سەوزی کانی، تێری خواردووە و وردە وردە بە کاوێژی نەرم و پوخت دەیهێنێتە بن شەویلکەی و خەست خەست دەیجوێ و شیری شیرەی ژیان دەزێنێتە نێو گوانی گڕاوی پەنجەی نەرمۆڵکەی شەنگەبێری. وەک بارانێکی کەسکی پەڵە، کە کانی پڕ دەکاتەوە و سەرچاوەکان دەتەقن.

ئەو شەنگەبێرییەش لە شیرین خەوی خۆی‌دا، خەون بە مامە شوانە و گەڕی دیلانی ئێواران لەگەڵ پۆلی پەری و ڕەش‌ئەسمەران و چاو بەکلان و کوڕە حەیران و کچە حەیرانی ئاواییەوە دەبینێ.

لە بابەت مەڕدۆشین و بێرییەوە دەبێ بڵێم:

ئەوان ساڵان و زەمانان کە مەڕ و ماڵات لە دوای سێزدەبەدەر تا سەرەتای مانگی گوڵان شەو بەکێو دەکرا، بەتایبەت لە لادێکانی گەورکایەتیی بۆکان، دەستە مەڕی هەر تاوایەک بە یەک یا دوو، سێ کەرتە دابەش دەکرا، کە هەر دەستەیەکیش بە ڕێژەی زۆری و کەمیی ماڵات تا چوار شوانی لە خۆ دەگرت، کە ئەویش شوانی شەگەل و مەڕزا و لە وەرزی بەهاردا جیا بوو.

بە پێی بەران تێکردن، یا نێری تێ‌کردن لە وەرزی پاییزدا، خاوەن ماڵ کاتی زاوزێی مەڕی دیاری دەکرد، کە زیاتریش دەکەوتە سەرەتای مانگی خاکەلێوە بە هۆی زستانە سەخڵەت و تووشەکانی ئەو کاتی. تا ئەوەیکە شینکە و سەوزاییی بەهار گیانیان وەبەر خۆدا بێتەوە و مەڕدار تووشی کارەساتی قڕان نەبێ. ئەو وەختانە مەڕ، مەڕەبێرەی پێ دەکرا، واتە هەم پێش نیوەڕۆ و هەم دوانیوەڕۆ، لەبەر خاتری ساواییی بەرخ و کاژیلە مەڕ دەهاتەوە ماڵێ.

تا نێوەڕاستی مانگی جۆزەردان، ئەم ڕەوتە بەردەوام بوو. ئەوکات مەڕ، یەک‌دان دەکرا، واتە هەر دانی پێش‪نیوەڕۆ دەهاتەوە ماڵێ. دوانیوەڕۆش واتە سەعات چوار تا پێنج،  مەڕ لە شوێنێک دوور لە ئاوایی، نزیک لە کوێستان و لەوەڕ مۆڵ دەدرا و شەنگەبێریی قۆڵ بەبازن و مەچەک گۆشتن و مل بە مووروو، پێ بە خڕخاڵ و پاوانە و گوێ بە گوارە و کەمەک دەچوونە مەڕدۆشین، تا سەرەتای مانگی پووشپەڕ. دواتر مەڕ دوودان دەکردرا؛ واتە: نیوەڕۆ و ئێوارێ شەدەشل و چاو بەکلان دڵی سرووشت و جوانیان بە سەما دێنا و دڵی کوڕە حەیران و مامە شوانیان بە جۆلانەی برژانگ و کەزی پەلکە شۆڕان هەڵدەواسی و چاوبڕکێیان لەگەڵ ڕۆحی هەتاودا دەکرد.

دیلانی ئێوارانی پاڵە سێبەر لە گوێ چەمە و سەراوان باڵ و دەستی کۆترە ئاشقەکانی لێک گرێ دەدا و دەستی لێک گرێ‌دراوی شوان و بێری تێکەڵ بە بیری سەربەخۆیی و ژین و ئەوین و جوانی و پاکی دەبوو.

کەرەسەکانی مەڕدۆشین:

1- زیاتر سەتڵی ڕۆح بۆ مەڕدۆشین بەکار دەهات؛ چونکە خاوێن بوو، قەتیش ژەنگی نەدەهێنا

2- پارچەیەکی تەنک یا دەسماڵێک بە سەر زاری سەتڵەکەیان دادەدا بۆ پاک و خاوێنی

3-  شیر پاڵۆک: بریتی بوو لە پارچەیەک خامی سپیی سێ گۆشە، هەڵیان دەدووری بۆ پاڵاوتنی شیر لە سەتڵەوە بۆ شیر مەشک

4- شیرمەشک: زیاتر پێستی مەڕ یان بزن بوو؛ وەک مەشکە و مەشکۆڵە دۆ

پاش ئەوەی مەڕ یا بزن کەوڵ دەکرا، دواتر هەڵاڵیان بۆ دەگرتەوە کە ئەویش پێکهاتەکەی دۆی خۆماڵی بوو و پنگەشیان تێدەکرد تا چەن ڕۆژێک تێی‌دا دەبوو تا مووی پێستەکە هەڵدەوەری. ئەوەی کە پێشیەوە مابا چەقۆتاشیان دەکرد و دواتریش تاڵ و خوێیان دەکرد تا خۆش دەبوو. تاڵ بەری داری بەڕووم بوو یەک لە حەوت بەری بەڕوو کە بریتین لە: مازوو، گزگل، قجی، بەرە گەڵا، پاڵەوان، تووستل و بەڕوو. تاڵ لە گزگل پەیدا دەبوو دوای ئەوەی کە دەیان‌هاڕی و وردیان دەکرد و مەشکەیان پێ تاڵ دەکرد و لە شەڕی موور و مۆریانە دەیپاراست تا خۆش دەبوو.ئیدی ئەوە ئێمە ماوینەوە خۆلیای گیپەڕۆن و دۆی خۆماڵی و پەنیری کووپە و ڕۆنەکەرە و ڕۆنە زەنگە و ماست و دەڵەمە و مەیلە و پەنیری سەلک و لۆرک و شیرێژ و کەشک و ئاش بەتاڵ.