من و ئەدەب ناسر وەحیدی عەبدوڵڵابەگ؛ مسباح دیوان(ئەدەب) کوڕی ئەحمەدبەگە، کە بە وەچە دەچنەوە سەر بداغ سوڵتان حاکمی سابڵاغ. ئەحمەدبەگ باوکی مسباح بە وەکیلوڕڕەعایا ناوبانگی دەرکردووە، ئەحمەد بەگ بە هۆی ڕاپەڕاندنی کاروباری خەڵکی، سەردانی تەورێز، پێتەختی جێنشینی شای کردووە. ئەحمەد بەگ سەروەت و سامانی زۆری بووە و بە هۆی بردنی دیاریی بەنرخ بۆ جێنشینی شا […]
من و ئەدەب ناسر وەحیدی عەبدوڵڵابەگ؛ مسباح دیوان(ئەدەب) کوڕی ئەحمەدبەگە، کە بە وەچە دەچنەوە سەر بداغ سوڵتان حاکمی سابڵاغ. ئەحمەدبەگ باوکی مسباح بە وەکیلوڕڕەعایا ناوبانگی دەرکردووە، ئەحمەد بەگ بە هۆی ڕاپەڕاندنی کاروباری خەڵکی، سەردانی تەورێز، پێتەختی جێنشینی شای کردووە. ئەحمەد بەگ سەروەت و سامانی زۆری بووە و بە هۆی بردنی دیاریی بەنرخ بۆ جێنشینی شا و دەربارییە ڕشوەخۆرەکانی سیستمی گەندەڵی قەجەر، زوو جێ پێی خۆی خۆش دەکات له ناو کۆڕ و کۆبوونەوەکانی تایبەتی و مەجلیسی بەزم و شێعر خوێندنەوە. ئەحمەدبەگ هەر لە میرمنداڵییەوە پێێ عەبدوڵڵا بەگی کوڕی بۆ ناو ئەو کۆڕە تایبەتانە دەکاتەوە. ئەدەب دەبێ لەو کۆڕانەدا قەریحە، زەوق و دەسەڵاتی شێعری خۆی نیشان دابێ و لە لاین محەممەد عەلیشاوە نازناوی مسباحوددیوانی پێ بەخشرابێ.
تا ئەمڕۆ سەرجەمی شێعرە فارسییەکانی ئەدەب، لە دە غەزەل زیاتر تێناپەڕێ. تۆ بڵێی شاعیرێکی کوردی پڕکاری وەک ئەدەب، تەنیا بەو دە شێعرە توانیبێتێ لە ناو ئەو هەموو شاعیر و ناشاعیرانەی غەیرە کوردی ئەو کاتە، جێی خۆی لە لای جێنشینی شا کردبێتەوە و ئەو نازناوەی وەرگرتبێ؟ ئەدەب پێاوێکی خەتخۆش بووە و من دڵنیام بۆ نیشاندانی لیاقەت و توانایی و دەسەڵاتی شێعری خۆشی بووبێ، حەتمەن دیوانە شێعری بە خەتی خۆی بۆ محەممەد عەلیشا و نزیکەکانی نووسیوەتەوە. ڕەنگە لە ئاڕشیوی کتێبخانەی تەورێز یا شوێنی پارازتنی بەیازەکان، شێعری دەسخەتی ئەدەب دەست بکەوێ. کەسی زیرەکی دەوێ سەر بکا بەو شوێنانە و سەروەت و سامانی نەتەوەیی و کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەندتر بکا.
سەرەتای ناسینی من دەگەڕیتەوە زەمانی شاە و بەرنامەی شێعر و گۆرانیی کوردیی ڕادیۆ کرماشان و تاران کە ڕەحمەتی شوکروڵڵا بابان بڵاوی دەکردەوە. چەند جارێک لەو بەرنامانەدا، گوێم لە ناوی میسباحوددیوان (ئەدەب) شاعیری پایەبەرزی موکریان بوو.
دواتر لە ساڵەکانی حەفتادا، بەهۆی هاوڕێی بەرێز و خۆشەویستم، کاکە حەمەی حەمەباقی کە ئەودەم لە سەقز دەژیا، ئاگادار کرام کە دەستخەتێکی شێعری ئەدەبی لە لایەن خوالێخۆشبوو، کاک موحسینی سەدیقەوە وەدەست کەوتووە و داویە بە هاوڕێی خۆشەویستم ئاسۆ کە بیخوێنێتەوە، بیهێنێتە سەر ڕێنووسی کوردیی ئەمڕۆیی. پێش ئاسۆ، دیوانی ئەدەب، لە لایەن گیوی موکریانی، دوکتۆر مارف خەزنەدار، دەزگای چاپ و پەخشی سەیدیدیان لە ڕۆژهەڵات چاپ کرابوو؛ بەڵام بەداخەوە ئەو جۆرەی کە شیاوی ئەدەبە، بەبێ هەڵەوپەڵە چاپ نەبوون. زۆر جار کاکە حەمە دەیفەرموو بە ئاسۆ بڵێ دیوانەکەی ئەدەبی چی لێکردووە. ئاسۆش هەموو جارێک هەر دەیگوت عەرزی بکە کاری لەسەر دەکەم. ئاسۆ شاعیرێکی گەورە و بەتوانایە، بەڵام تا خوا حەز بکا، تەمبەڵ و کارنەکەرە. سەرەنجام دیوانی ئەدەب پاش دەیان کۆبوونەوە و مشتومڕ و بیروڕاگۆڕینەوە لەماڵی من و زەحمەتی یۆنس ڕەزایی لەبارەی دیاری کردنی بەحرەکانی عەرووز و وەزن و کێشەی شێعری، ماوەی دە ساڵێکی خایاند و لە ساڵی 8113ی هەتاوی لە لایەن ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی سەلاحەددین بێ ئەوەی ئاسۆ ناوێک لە من بێنێ، چاپ و بڵاو کراوە.
دواتر هەر بە هۆی کاکە حەمەوە ئاگادار کرام فەرمووی سازبە دێم بۆ بۆکان پێکەوە دەچینە ئەرمەنی بڵاغی. خەبەرم زانیوە جەند شێعرێکی بڵاو نەکراوەی ئەدەب لەلای مەلای دێیەکەیە، قەولی داوینێ بمانداتێ. تەشریفی هێنا و لەخزمەتیدا لەگەڵ کاک مەولوود حەیدەری نەوەی مسباح و یۆنس رەزایی شاعیر بە دیارییەوە چووینە خزمەت مەلا و زۆرمان بە شان و باهۆی مامۆستا و خزمەتگوزاری بەئەدەب و زمانی کوردی هەڵگوت. گوتمان ناوی مامۆستاش وەک کەسێکی خزمەتگوزاری ئەدەبی کوردی دەچێتە ناو مێژووە. مامۆستا لە بەرابەر پووڵێک کە کاک مەولوود داییە، چەند غەزلێکی داینێ کە دوای کۆپیکردن، نوسخەکەی خۆی بدهینەوە. پاش پاڕانەوەی ئێمە کە ئەگەر شتی تری لە لایە، بمانداتێ، سوێند و قوڕئانی خوارد کە هیچی تری لە لا نییە. دواتر لە سەفەرێکی تردا کاکە حەمە لەگەڵ ڕەحمەتی، ڕەحمان ئابازەڕی فەرمانداری بۆکان و ئاغای فیرووزی فەرمانداری سەقز کە هەر دووکیان حەزیان بە خزمەتی فەرهەنگی بوو، دەچنە لای مەلا و دەیترسێنن کە ئەو شێعرانە سامانی نەتەوەیییە و کەس بۆی نییە لای خۆی ڕایانگرێ، چەند غەزەلێکی تری لێدەستێنن. دواتریش دۆستی شاعیرم یۆنس ئەمینپوور خەڵکی ڕەحیمخان زۆر غەزەڵ و نامەی نایابی مسباح کە بۆ باوکی مەلای لە ئەستامبووڵ نووسیبوو و لەگەڵ دوو نەقاشی و نوسخەی دەرمان کە بۆ نەخۆشیی خەڵکی دێیەکەی نووسیبوو، لە مەلا دەستێنێ.
هەر ئەو ڕۆژە کاکە حەمە ئاغای ئەبازەڕی و فیروزی دەباتە باغچەی فەیزوڵڵابەگی نزیک تیکانتەپە، کە پێشتر من بردبووم، بۆ سەر گۆڕی مسباح کە لە قەبرستانی مەرقەدان نێژراوە.لەوێ ئاغای ئەبازەڕی بە کاک یۆنس دەڵێ لەسەر پووڵی ئێمە، دوو بەردەکێلی جوان کە لایقی ئەدەب بێ، ساز بکات. یۆنس ئەرکی نووسین و سازکردنی بەردەکێلەکانی وەئەستۆ گرت و کاری هەڵبەستن و چەقاندن و بەنناییەکەی وەبەر من کەوت. دواتر لە ئێوارەی ڕۆژی١٦/٥/٢٠٠٥ بەبێ ئەوەی بانگەوازێک بۆ ڕێوڕەسمی پەردەلادان لە سەر گلکۆی مسباح، لە هیچ میدیایەکەوە بکرێ، زیاتر لە دوو هەزار کەس لە شاعیران، نووسەران و لایهنگرانی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی لە شارەکانی بۆکان، سابڵاغ و سەقز و بنەماڵەی ئەدەب و خەڵکی ئەرمەنی بڵاغی و باغچە و گوندەکانی دەور و بەر بەڕێوەچوو. گۆڕی مسباح تا ئەو ڕۆژە لەو دێیە دوورەپەرێز، بەبێ نازی کەوتبوو، هاتەدەر ومەزارێکی لە حەددی شاعیری پایەبەرزی کلاسیکی موکریان بۆ ساز کرا.
من ئەوەندەی بۆم بکرێ خۆ لە قسەکردنی کۆڕ و کۆبوونەوە گشتییەکان دەپارێزم، مەگەر ئەوەی ناهەقی و زوڵمێک دەرحەقی کەسێکی نزیکم بکرێ. یان گوێبیستی شتێکی نادروست و هەڵە بم، بۆ ڕاستکردنەوەی مەوزووعەکە ئەگەر زانیاریم هەبێ، ناچار دەبم هەڵبدەمێ. ڕۆژی ڕێوڕەسمی پەردەلادانەکەش خورپەیەک کەوتە دڵم، ڕەنگە بە هۆی کۆبوونەوەی ئەو خەڵکەوە بووبێ کە ڕەنگە دوای کۆڕەکە گیڕەیەکمان تێهاڵێنن و گێچەڵێکمان بۆ ساز کەن. بۆیە من بوومە کۆڕگێڕی کۆڕەکە وبەر لەهەموو قسەم کرد. کۆی قسەکانم ئەوە بوو کە ئێمە دەستەیەک ئەدیب و نووسەر و ئەدەبدۆستین کە کاری سازکردنی ئەم مەزارە و پێکهێنانی ئەو کۆڕەین. سەر بە هیچ شوێن و دەمودەزگا و ئەنجومەن و لایهنێک نیین، تەنیا مەبەستمان کاری فەهەنگی وخزمەتی ئەدەب و کولتووری کوردییە. ئێمە دەروێشی وشە و زمانی کوردین.
پێشتر بە ئاغای ئەبازەڕیم گوت کە لە کۆبوونەوەکەدا بوو، دەتەوێ قسە بکەی. وتی من وەک هۆگری ئەدەب بەشداریم کردووە، نە شاعیرم و نە نووسەر، حەددی ئەوەم نییە لە کۆڕی ئەوانەدا قسە بکەم. دوای دەسپێکی قسەکانم داوام لە کاکە حەمەی حەمەباقی کرد تەشریفی هێنا و لەسەر جێگە و پێگەی ئەدەب لە ناو شاعیرانی کڵاسیکی کوردی، وتارێکی پێشکەش کرد. دواتر یۆنس ڕەزایی لەسەر ڕەوتی شێعری ئەدەب شێعری موکریان و خالق یەعقووبی لەسەر کەسایەتیی ئەدەب قسەیان کرد. دوای ئەوانە برادەرێک گوتی کاک حەسەن سوهرابیی شاعیر کە قەدیم خەڵکی باغچەیە دەیەوێ قسە بکا. کاک حەسەن وێنەیەکی نوسرەت خانمی لە لا بوو، عالەممان کردە تکاکار ئەو وێنەیەمان بە ئەمانت بداتی، وێنەیەکی لەبەر هەڵبگرینەوە، نەیداینێ. منیش وتم دەیەوێ چی بڵێ بۆم بنووسێ، بەسەرچاو -لەسەر قسەی خۆم هەر چیم لێبکەن، زۆر لە لام گران نییە، بەڵام لەسەر قسەی خەڵکی تر، بێ حورمەتیم پێبکەن، زۆرم پێ گرانە –کاک حەسەن گوتی من قسە ناکەم و ئەو برادەرە پەڕییە ناو قسەکان، وتی کاکە سانسۆڕ هەیە کاک حەسهن خەڵکی باغچەیە و مسباحی دیوەتەوە، ناهێڵن قسە بکا. پێی وا بوو مسباح منداڵە و گوم بووە. لە بڵینگۆی مزگەوتەوە بانگەوازیان کردووە و کاک حەسەن دیویەتەوە. من ماڵی پوورم ماوەی سی ساڵ لە باغچە بوو، زۆربەی هاوینان یەک دوو حەوتوو دەچوومە باغچە و زۆر جاریش سەردانی مەرقەدانم دەکرد.
کۆڕەکە تا تاریکانی ئێوارەی خایاند و بە خۆشی تەواو بوو. شەوێ ئاغای ئەبازەری زەنگی لێدا و وتی سەبارەت بە کۆبوونەوەی باغچە لە منیان پرسیوە، ئەگەر لە ئێوەشیان پرسی، بڵێن ئیزنمان لە فەرمانداری وەرگرتووە. نامەردێک تا بەیانی ڕانەوەستابوو، هەر ئەو شەوە فیلمی کۆبوونەوەکەی گەیاندبوو دەست دۆستان بۆ ئەوەی گۆنگەڵێکمان بۆ ساز بکات.
دوای هەموو ئەوانەش ناوە ناوە خەبەری دۆزینەوەی تازەی نووسراوە و بەرهەمی ئەدەبمان پێدەگەیشت، چەند جارێکی کە هاتوچۆی ئەرمەنیبڵاغی، سەراو و ڕەحیمخان و لای مەلامان کرد. سەردانی نەوەکانی مسباح و نەوەی براکانیمان کرد کە هەر کام لەو کەسانە بە قسەی خۆیان، دوو سێ تەلیس کاغەز و نووسراوەی «ئەدەب»یان لە لا بووە و بە تەمای ئەوەی کە سەنهد و قەباڵەی مڵک و ماڵی تێدا بێ، هەڵیان گرتبوو، پاشان کە زانیبویان هیچیان تێدا بەستە نییە، سووتاندبوویان. تەنیا چەند کاغەزێکیان هەڵگرتبوو.
لە ناو ئەو کاغەزە پەڕپووتانە ١- کارتی ئەندامەتی کتێبخانەی گشتیی شاری تەورێزی «ئەدەب»مان دۆزییەوە. سەت ساڵ لەمەو پێش کابرایەکی گوندنشینی دەوروبەری میاندواو ئەندامی کتێبخانەی گشتی تەورێز پێتەختی جێنشینی شای ئێران بووە. هاتوچۆ تا پەنجا ساڵ لەمەو بەریش لە میاندواو و بۆکانەوە بۆ تەورێز بە دوو سێ رۆژ ماشێنێک بووە. ٢-لیستی تازەی کتێبفرۆشی تەورێزمان دۆزییەوە، لەگەڵ نامەیەک بە حورمەتەوە ناردبوویان بۆ ئەدەب، کە ئەوە لیستی کتێبی چاپکراوی تازەی ئەم مانگەیە، دەینێرینە خزمەتتان لەگەڵ لیستی مانگی پێشووی ئەوەی پێویستتانە بفەرموو تا بینێرینە خزمەت. ٣-نوسخەیەکی دوکتوری، کە دەرمانی نووسیبوو بۆ باپیرەی ئەحمەد ئاغابیگپوور کە هاوکلاسیی من بوو. ٤-دوو نەقاشی ناسرەددین شا و محەممەد عەلیشا کە بە قەڵەم کێشابوویەوە. ٥- بلیتی ماشێن کە لەگەڵ سێ کەسی تر لە میاندواوەو چووبوون بۆ تەورێز، دەڵێی تازە چاپکراوە –ئەوڕۆ ئێمە کە سواری ماشێن دەبین، خێرا بلیتەکەمان دەخەینە نێو ژێر سیگاری کورسی بەردەممان. ٦-نامە شەخسیەکانی، کە بۆ خەڵکی کەی ناردبوو، هەمووی دوو نوسخەی نووسیبوو. یەکی ناردبوو و ئەوی تری وەک ئاڕشیو لە لای خۆی ڕاگرتبوو، هەر کات کە تەڕەفەکەی بینیبوو، هەواڵی نامەکەی پرسیبوو، کە زانیبووی گەیشتووە ژێر ئیمزای نوسخەکەی لای خۆی بە مقەست وەک هەشت بڕیبوو.
ڕۆژێک کاکە حەمە لە سەقزەوە تەشریفیان هێنا بۆ بۆکان، دوانیوەڕۆ فەرمووی با سەردانی کاک سەید مستەفا سەیادەت بکەین کە نێوانیان خۆش بوو. منیش چەند جارێک بە هۆی کاکە حەمەوە سەرم دابوو و ناسیاویمان بوو. دوای ماوەیەک باسی مسباح هاتە ئاراوە، کاک سەید مستەفا گوتی عیسمەت خانم خێزانی مسباح موریدی خانەقای ئێمە بووە و پاش جیابوونەوە لە ئەدەب ماوەیەکی زۆر لە خانەقا ماوەتەوە. عیسمەت خانم نوسخەیەکی دیوانی شێعری مسباحی پێ بوو کە بە خەتی خۆی بۆی نووسیبوو. هەر دووکمان شاگەشکە بووین و خێرا پێکەوە پرسیمان ئێستا دیوانەکە لە کوێیە؟ سەید مستەفا گوتی دیوانەکە دوای عیسمەت جانمیش هەر لە خانەقا بوو. مەلا عومەری قزڵجی کە ئەو کات مامۆستای قوتابخانەی تورجان بوو، بە ئەمانت لێی وەرگرتم بیخوێنێتەوە، پاشان زۆری پێچوو، نەیدامەوە لە لای ئەوە. پاش دیدارەکە دەمویست کاکە حەمە بەرمەوە بۆ سەقز، خواو ڕاستان دیتم مەلا عومەر کە لە سنە قازی مەحکەمەیە، لە فەلەکەی کولتەپەی بۆکان بۆ ماشێن ڕاوەستاوە بچێتەوە بۆ سنە. خێرا ماشێنەکەم لە سووچێک ڕاگرت و چووینە پێشێ. ئێمە لەگەڵ بنەماڵەی قزڵجێ خزمایەتی و دۆستایەتیی لەمێژینەمان هەیە و مەلا عومەرم دەناسی. لەگەڵ کاکە حەمە بە یەکترم ناساندن. هەواڵی دیوانەکەی مسباحم لێ پرسی، وتم سەید مستەفا وا دەڵێ. گوتی ڕاست دەکا! تا ئەو ساڵانە لە لای من بوو، بە ئەمانەت داومە بە کاک ڕەسووڵی ئیلخانیزادە کە پێاوێکی خەتخۆشە، وتوویە لە ڕووی دەنووسێتەوە. دوای ئەوە کەوتمە سەنگ و سۆراغکردنی کاک ڕەسووڵ لە بنەماڵەی ئیلخانیزادە بەتایبەتی کاک هەباس کە پیاوێکی خەتخۆش و خوێندەوارە و باوکی خوسرەو و فاڕووقە و هەر دووکیان لە دۆستانی نزیکمن. دوای ماوەیەک، شومارە تەلەفوون و ئادرەسیان پێدام، کە کاک ڕەسووڵ ئێستا لە شاری ساری لە شومالی ئێرانە. من بە هۆی ئەوەی ئەو کاتە لە ئیدارە کارم دەکرد و بۆم نەدهکرا بچم بۆ ساری، کاکە حەمە لەگەڵ کاک قادر عەبدی چوون بۆ ساری. ڕەسووڵ ئاغا بە ڕوویەکی خۆشەوە وەریگرتبوون و میوانداریی شاهانەی لێکردەبوون . کۆپییەکی دیوانەکە و خودی دیوانەکەشی بۆ ئیسکەن کردبوون.
دوای ئەوە ئەوجار لە ڕووی دیوانەکەی ئاسۆ کە پێشتر خوێندبوومانەوە، کەوتینە خوێندنەوە و ساغ کردنەوەی ئەو شێعرانەی کە تازە بوون. زەمانی مسباح خەتنووسی وەک ئەمڕۆ ئوسلووب و شێوازی تایبەت و زانستی نەبوو، هەر کەس بە سەلیقە و زەوقی خۆی دەینووسی. مسباحیش زۆرتر بە شێوەی نەستەعلیقی شکستە نووسیویە و خوێندنەوەی هاسان نەبوو. لە هەر جێیەک بەشک دهبووین، هانام دەبرد بۆ کاک سولهیمان سالمی کە ئوستادی خەتنووسیە و پلەی فەوقه مومتازی یەکی هەیە، بڕێک جار ئەویش کە دڵنیا نەدەبوو، دەچوومە لای کاک جەعفەر عەباسی کە یەکێکی تر لە خەتخۆشانی بۆکانە و تەجرەبەیەکی زۆری لەم بوارەدا هەیە. ئەرکی گرانی کارەکە کەوتە سەرشانی یۆنس ڕەزایی، شاعیر، کە شارەزایییەکی تەواوی لە بەحرەکانی عەروزدا هەیە و دۆزینەوەی شێعری شاعیرانی تر کە بەو بەحرانە شێعریان نووسیوە، یۆنس ڕازی نەبوو. کاکە حەمە ڕووی لە من نا، کە بە وێنس بڵێم ئەم کارە بکا. یۆنس وەک هەمیشە گەورەییی لە حاند من نواند. بە ماندوو بوونێکی زۆرەوە کارەکەی ڕاپەڕاند. بەڵام بەداخەوە کاکە حەمە لە هەولێر کارەکەی دابوو بە دوکتورێک کارەکەی نوقستان کرد و لە تایپکردنیشدا هەڵی زۆری تێکەوتووە. پاش چاپی کتێبەکە، بەم کارەمان زانی. یۆنس زۆر تووڕە و ناڕەحەت بوو، وتی لەبەر تۆ نهبایە، ئەو کارەم بۆ هیچکەس نەدەکرد. کاکە حەمە کە تەشریفی هێناوە بۆ ڕۆژهەڵات، گلەییم لێکرد. گوتی ئەگەر ئەوەی ئێوە دەڵێن، وا بێ خەتا ناکەوێتە بەر من، دەکەوێتە بەر ئەو دوکتورە. من گوتم کاکە کتێبەکە کتێبی تۆیە، نە دوکتور. پاش ئەو کارە زۆر کەس یۆنسیان هان دا کە لەسەر کتێبەکە بنووسێ و هەڵە و نوقسانەکانی دەربخا. تەنانەت پێشنیاری ئەوەشیان کرد ئەو کە شارەزاییی لەسەر عەرووز هەیە، وتارێک بنووسێ و کەسی زۆر نێوبەدەرەوە بەناوی خۆیەوە بڵاوی کاتەوە. بەڵام یۆنس زۆر لەوانە بەئەخلاقترە و کاری وای لێناوەشێتەوە.
- نویسنده : ناصر وحیدی
























