به‌یتی مهم و زین برایم پاشای یه‌مه‌نێ و وه‌زیره‌که‌ی، هیچیان مناڵیان نه‌ده‌بوو . شه‌وێک خه‌و دەبینێ که ده‌بێ بچێته باغێک و سێوێک لێکاته‌وه و له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌ی بیخوا، به‌شکم مناڵیان بێ. به‌یانی لەگەڵ وه‌زیره‌که‌ی دچنه ئه‌و باغه‌ی به‌خه‌ون دیبوی. هه‌رچه‌نده وه‌رزی به‌رهه‌م هاتنی باغ نه‌بوو، بەڵام ههرجورێک دەبێ دوو سێ‌و دەبیننه‌وه. سێوی جوان و لاسوره وه‌به‌ر […]
به‌یتی مهم و زین برایم پاشای یه‌مه‌نێ و وه‌زیره‌که‌ی، هیچیان مناڵیان نه‌ده‌بوو . شه‌وێک خه‌و دەبینێ که ده‌بێ بچێته باغێک و سێوێک لێکاته‌وه و له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌ی بیخوا، به‌شکم مناڵیان بێ. به‌یانی لەگەڵ وه‌زیره‌که‌ی دچنه ئه‌و باغه‌ی به‌خه‌ون دیبوی. هه‌رچه‌نده وه‌رزی به‌رهه‌م هاتنی باغ نه‌بوو، بەڵام ههرجورێک دەبێ دوو سێ‌و دەبیننه‌وه. سێوی جوان و لاسوره وه‌به‌ر پاشا ده‌که‌وێ و، سێوی بچوک و کاڵیش دەبێته قسمه‌تی وه‌زیرکه‌ی. دوای نۆ مانگ “مهم” کوڕی شا و “به‌نگین” کوڕی وه‌زیر به دونیا دێن و هه‌ر بەیەکیشهوه گه‌وره ده‌بن.
سێ په‌ری، که خوشک ده‌بن، خۆیان هێناوه‌ته سه‌ر شێوه‌ی کوتره باریکه. خوشکی چکۆله داوا له دوو خوشکه‌کانی ده‌کا، هه‌ر کامیان به‌سه‌ر هاتی خۆیان بگێرنه‌وه.خوشکی گه‌وره دەڵێ: زۆر وڵاتان گەڕاوم، بەڵام که‌س له خاتوو زین خوشکی “میر زیندینی” جزیری بۆتان، جوانترم نه‌دیوه!خوشکی نێونجیش دەڵێ: منیش که‌متر له تو نه‌گه‌ڕاوم، بەڵام نه‌مدیوه که‌س له “مهم”ی کوڕی برایم پاشای یه‌مه‌نێ، لاو چاکتر و جوانتر بێ!خوشکی چکوله داوا ده‌کا دەبێ کارێک بکه‌ن هه‌ر ئه‌و شۆ ئه‌و دوانه به یه‌ک بگه‌ن. دەیجا نیوه شه‌و کاتێک خاتوو زین له خه‌و دایه له سه‌ر باڵان دەیبهنه سه‌ر جێگا و بانی کاکه “مهم”.
له نیوه شه‌و دا، له خه‌و هه‌ڵده‌ستن، سه‌ریان سوڕ ده‌مێنێ . ئه‌و دەڵێ: تۆ بۆ هاتووی بولای من و ئه‌م دەڵێ: نه‌خێر تۆ هاتووی بۆ لای من! دەبێته شه‌ڕ و “خاتوو زین” مستێک له دمی “کاکه مهم” ده‌دا و پڕی ده‌کا له خوێن.کاکه مهم دەڵێ شەڕی ناوێ. تۆ بانگی قه‌ره‌واشی خۆت بکه و منیش بانگی نۆکه‌ری خۆم ده‌که‌م، با بزانین کاممان هاتوینه لای کێ؟ خاتوو زین هاوار ده‌کا:
هۆ مه‌له‌کی، مه‌له‌ک ڕیحانی/ سه‌رت به‌ریه‌وه سه‌ر کووپەڵهی دهخمخانی
ئه‌تۆ نابێ بزانی، کێیه هاتۆته سه‌رجێ وبانی/ دهمنی بابان وێرانی/ هه‌ر به مه‌به‌ستی دهژوانی
خاتوو زین بێجواب ده‌مێنێ! کاکه مهم هه‌را له “بنگینی” نۆکه‌ری ده‌کات و دەڵێ:
ئه‌ی به‌نگینه/ نۆکەرهکهی خاسه ڕه‌نگینه/ بۆچی ئاگات له ئاغایه خۆ نینه؟
ده‌م و لوتی خوێنینه/ ئافتاوه لەگهنی له‌بۆ بینه/ بەڵام به چاو تو خوا ئه‌م نازداره مه‌بینه!
“به‌نگینه‌ی” نۆکەری به ئافتاوه‌و عه‌ترو سابوون وه‌ژوور ده‌که‌وێ. چرا هه‌ڵده‌کا . مهم و خاتوو زین تا چاویان به یه‌کتر ده‌که‌وێ، ده‌سبه‌جێ عاشقی یه‌کتر ده‌بن.
خۆیان ده‌ناسینن وبه‌ڵێن به یه‌ک ده‌ده‌ن خۆشه‌ویستیان به‌ر ده‌وام بێ. ئه‌نگوستیله و ده‌سره ده‌گۆڕنه‌وه . “زین” دەڵێ: بێ و نه‌بێ، ئه‌وه کاری په‌ریانه! بێتوو ئه‌گه‌ر ئه‌و شۆ نه‌خه‌وین، به یه‌ک ده‌گه‌ین. کاکه “مهم” گوێی ناداتێ و ده‌س له‌گه‌ردنی “زین” ده‌کا و خه‌ویان لێ ده‌که‌وێ!
خوشکی چکۆله، هه‌رچی ده‌پاڕێته‌وه که زین و مهم بۆ یه‌ک بن، بەڵام په‌ریه‌کان “زین” ده‌ستێننه‌وه‌و و دەیبهنهوه ماڵی خۆی.به‌یانی هه‌ردووکیان وه‌ده‌زانن خه‌ونیان دیوه! کاتێک چاویان به ئه‌نگوستیله و دهسرەکهیان ده‌که‌وێ، ده‌زانن که خه‌و نه‌بۆ.
“مهم” به بابی دەڵێ که دەبێ یارمه‌تی بدات. بابی وه‌ده‌زانێ کوره‌که‌ی خه‌ونی دیوه و خه‌یاڵاتی بووە. له‌شکرێکی له‌گه‌ڵ ده‌نێرێ بۆ گه‌ڕان له “زین” بەڵام به دزیه‌وه نێوه نێوه هه‌موویان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه . دەیجا ته‌نیا خۆی و “به‌نگین” ده‌مێننه‌وه.
له ڕێگا تووشی “خدری زینده” ده‌بن. “خدری زینده” ده‌پرسێ: مه‌قسودت حاسڵ که‌م، یان ڕێگات بۆ نزیک که‌مه‌وه؟ مهمی ئه‌ویندار دەڵێ: ڕێگام بۆ که‌م که‌وه! هه‌ر دهسبەجێ ڕێگای حه‌وت ساڵانی بۆ ده‌کاته حه‌وت ڕۆژان.
خاتوو “زین” ناوێرێ هه‌ستی خۆی بۆ “میر زین دێنی” برای، باس بکا، بەڵام ئه‌رخه‌یانه “مهم” به‌دوای دا ده‌گه‌ڕێ.
“مه‌له‌ک ریحان” (قه‌ره‌واشی “زین” )که خوشکی” به‌کره شه‌یتان” دەبێ هه‌موو ڕۆژێ به ده‌ستوری خاتونه‌که‌ی، به دزیه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی شار چاوه‌روانی کاکه “مهم” و”به‌نگین” دەبێ.
ڕۆژێک دوو سواران ده‌گه‌نێ. خۆیانن! سواره‌کان ڕوو له ماڵی “قه‌ره تاژدین” ده‌که‌ن . (قه‌ره‌تاژدین مێردی “خاتوو ئه‌ستی” خوشکه گه‌وره‌ی خاتوو “زینه”.)
میر” زیندینی” بۆتان ” (یانی برای خاتوو زین)، قه‌ره‌تاژدین” به میوانه‌کانیه‌وه(مهم و به‌نگین) بانگێشتن ده‌کا بۆ کۆشکی خۆی. میر، تا چاوی به “مهم” ده‌که‌وێ، خۆشی له جوان چاکی و قسهزانیهکهی دێ. له دڵیدا زۆری پێی خۆش دەبێ “زینی” پێشکه‌ش کا، بەڵام به سووکایه‌تی خۆی داده‌نێ و له بیانوویک ده‌گه‌ڕێ بۆ پێشکه‌ش کردنی.
ڕۆژێک میرزیندین(برای زین)، قه‌راری کایه‌ی ته‌خته نه‌رد، لەگەڵ “مهم” داده‌نێ. “به‌کره شوفار” ده‌زانێ مه‌به‌ستی میر ئه‌وه‌یه که پێی بدورێنێ و “زینی” خوشکی پێشکه‌ش بکات . دەیجا “به‌کره” ده‌چێته بن مه‌مه‌وه و دەڵێ: ئاگات له خۆت بێ، میر خوشکێکی گول و نه‌خۆشی هه‌یه، ده‌یه‌وێ به زۆر بیدات به که‌سێک! نه‌چی فریو بخۆی!
شه‌وێ، میر سێ جاری پێدهدۆڕێنێ و زینی خوشکی، پێشکه‌ش ده‌کا! پێداگری میر و قسه‌کانی به‌کره، دەبێته هۆی وه شک که‌وتنی” کاکه مه‌مێک” که هێشتا نازانێ ئه‌و “زینه” زینی خۆیه‌تی یان نا ؟ هه‌ر بۆیه‌ش، داواکاری شا قه‌بوڵ ناکا. میریش زۆری پێتێک ده‌چێ.”به‌کر” به میر دەڵێ: جا چۆن تۆ کچی دهدهیەی و ئه‌ویش قه‌بوڵی ناکا؟ له‌و لاوه به‌کره، به”زینیش” ده‌ڵی: خۆ کاکه “مهم” تۆی نه‌ویست!
“زینی” دڵشکاو هه‌ر جۆرێک دەبێ هه‌لێک بۆ دیداری” مهم” ده‌دۆزێته. زین له کاکه مهم توڕه‌یه که بۆ کاتێک کاکی پێشکه‌شی ده‌کا نایه‌وێ؟ کاکه مه‌میش به ناڕەحهتیهوه دەڵێ: هاتووم دیاریه‌کانی ئه‌و شه‌وه وه‌رگرمه‌وه . زین دەیداته‌وه و مهم ده‌سبه‌جێ ده‌گه‌ڕێته‌وه به دواوه.
ئه‌گه‌ر ئاغا میره مهم ده‌گه‌ڕاوه بۆ دواوه/ خاتوو زین به‌ندی جه‌رگ و دڵانی دهپساوه
“زین” ده‌پاڕێته‌وه و “مه‌میش” ئاشت دەبێته‌وه…
“به‌کره” ئه‌و ئاشتیه به میر ڕاده‌گه‌ێنێ ومیریش “مهم” دهردهکاو ده‌نێرێته‌وه ماڵی “قه‌ره تاژدین”. شه‌وێک “مهم” له خودا ده‌پاڕێته‌وه به‌فر ببارێ و میر بچێته ڕاو. به‌یانی به‌فرێکی زۆر ده‌بارێ! “به‌کره” زۆر له “میر” ده‌کا تا مه‌میش بەرن بۆ ڕاو. بەڵام “مهم” خۆی له نه‌خۆشی ده‌دا و ناچێ. به‌یانی ڕاوچی له شار دوور ده‌که‌ونه‌وه. مهم خۆی ده‌گه‌یەنێته ژوانی “زین ” و پێکه‌وه ده‌بن . ئێوارێ میر ده‌گه‌ڕێته‌وه . “قه‌ره تاژدین”(زاوای میر) ده‌زانی چ باسه! به خێزانی(“ئه‌ستی” خوشکی زین) دەڵێ: لانکه و مناڵم بێنه ده‌رێ و ماڵم ئاور ده، با میر نه‌چیته‌وه کۆشکی و ئاگای له ژوانی زین و مهم نه‌بێ!
ئافه‌رین له‌به‌ر “قه‌ره‌تاژدینی” لوری/ به ترکی ده‌ژنی وهخوری/بێنه ده‌رێ لانکی کوڕی
میر و هه‌واڵانی ڕوو ده‌که‌نه ماڵی “قه‌ره تاژدین” بۆ ئاور کوژاندنه‌وه، بەڵام “به‌کره” ناچێ و ده‌چێته‌وه کۆشک و گه‌رده‌نبه‌ندی “زین” که له به‌ر به‌په‌له بوون، به جێی هێشتو،ده‌بینێته‌وه! و به میر ده‌ڵی که چی ڕویداوه! میر و به‌کره، له‌ترسی “قه‌ره‌تاژدین”(زاواکه‌ی) نا‌وێرن “مهم” بکوژن. کارێک ده‌که‌ن یارانی “مهم” به بیانوی باج و خه‌راج ساندن، له شار دوور بنه‌وه. میر و به‌کره که چاوی دۆستانی مهم دوور دەبێنن، شه‌وێک “مهم” ده‌گرن و دەیخه‌نه نێو چاڵێکه‌وه. “زین” هه‌ست به گرفتاری “مهم” ده‌کا، بەڵام “میر” دەڵێ: چۆ بۆ باج و خه‌راج ساندن.
ڕۆژێک زین دەبینێ که تاژیکانی مهم، ڕۆژ له ڕۆژ کزتر ده‌بن. وه‌دوویان ده‌که‌وێ! دەبینێ که تاژیهکان به‌شێک له خواردنی خۆیان، ده‌خه‌نه نێو چاڵێکه‌وه! زین، مهمی نیوه گیان، له‌و چاڵه دا دەبینێتهو . سه‌ری “مهم” ده‌خاته سه‌ر ڕانی خۆی و پێی هه‌ڵ دەڵێ . مهم له سه‌ر کۆشی زین گیان ده‌دا.
زین له‌سه‌ر قه‌بری مهم له خودا داوای مردن ده‌کا و خودا‌ش دوعاکه‌ی قه‌بوول ده‌کا. کاتێک ده‌یانه‌وێ زین به خاک بسپێرن، هیچ کۆیان بۆ هه‌ڵ ناکهندرێ. “قه‌ره‌تاژدین”(زاوای میر) له په‌نا قه‌بری “کاکه مهم” ده‌ست به هه‌ڵ که‌ندنی قه‌برێک ده‌کا و، له نه‌کاو گۆڕیان تێکه‌ڵ دەبێ . میر خه‌نجه‌ره‌که‌ی ده‌ردێنێ و “به‌کره‌ی شه‌یتانی” پی ده‌کوژێ. دڵۆپێک خوێنی “به‌کره‌ی شوفار” ده‌که‌وێته نێوان باوه‌شی مهم و زینه‌وه! خه‌ڵک ده‌بینن که دڕویەکی ناحه‌زی لێشین دەبێ. ئێستاش هه‌رچه‌ندی هه‌ڵی دهقهنن، دیسان هه‌ر شین دەبێته‌وه….
- نویسنده : وه رگێر:ئه‌میر حه‌قیقی
























