هه ژار له تروسکه‌ی چاوی پڕ فرمیسکی خوشکیدا
هه ژار له تروسکه‌ی چاوی پڕ فرمیسکی خوشکیدا

هه ژار له تروسکه‌ی چاوی پڕ فرمیسکی خوشکیدا،زۆر کەس بە توانا و قەڵەم و زمان و نیسبەت و خزمایەتی و نزیکایەتی جۆراوجۆرەوە سەبارەت بە مامۆستا هەژار و ئاسەوار و ئاکار و بیر و هزری قسەیان کردووە و نووسیویانە. ئەو گشتە کارە قەیاسێک مەتن و وتەی زۆر بە نرخ و سەنگی لێ کەوتووەتەوە. بەڵام دەو نێوەدا […]

هه ژار له تروسکه‌ی چاوی پڕ فرمیسکی خوشکیدا،زۆر کەس بە توانا و قەڵەم و زمان و نیسبەت و خزمایەتی و نزیکایەتی جۆراوجۆرەوە سەبارەت بە مامۆستا هەژار و ئاسەوار و ئاکار و بیر و هزری قسەیان کردووە و نووسیویانە. ئەو گشتە کارە قەیاسێک مەتن و وتەی زۆر بە نرخ و سەنگی لێ کەوتووەتەوە. بەڵام دەو نێوەدا جێگای زێنەب خانمی شەڕەفکەندی تاقە خوشکە خۆشەویستەکەی مامۆستا زۆر خاڵی بوو. ئەو خوشکەی کە وا هەژار دە چێشتی مجێوریدا حەسرەتی خواردووە کە بۆچی پێی نەخویندووە. ئەو خوشکەی کە وا لە ئەنگوستەچاوترین شەوەکاندا نەیھێشتووە چرای گەورەماڵێکی ئەو وڵاتە بکووژێتەوە.(هه ژار)

زۆر کەس بە توانا و قەڵەم و زمان و نیسبەت و خزمایەتی و نزیکایەتی جۆراوجۆرەوە سەبارەت بە مامۆستا هەژار و ئاسەوار و ئاکار و بیر و هزری قسەیان کردووە و نووسیویانە. ئەو گشتە کارە قەیاسێک مەتن و وتەی زۆر بە نرخ و سەنگی لێ کەوتووەتەوە. بەڵام دەو نێوەدا جێگای زێنەب خانمی شەڕەفکەندی تاقە خوشکە خۆشەویستەکەی مامۆستا زۆر خاڵی بوو. ئەو خوشکەی کە وا هەژار دە چێشتی مجێوریدا حەسرەتی خواردووە کە بۆچی پێی نەخویندووە. ئەو خوشکەی کە وا لە ئەنگوستەچاوترین شەوەکاندا نەیھێشتووە چرای گەورەماڵێکی ئەو وڵاتە بکووژێتەوە. لە بەرەبەری ساڵەهاتی کۆچی دوایی هەژاردا حەولی پێکهێنانی دیمانەیەکم دا  هەر چەند زۆر لەمێژ بوو نەچووبوومە خزمەت زێنەب خانم، بەڵام ئەو هەر وەک عادەتی مرۆڤی گەوریە، زۆر بە دڵێکی ئاواڵەوە وەریگریتن. خۆی فەرمووی: “لە زۆر جێگایان داوایان لێ کردووم قسە بکەم نەمکردووە، کوتوومە بەڕۆژووم تا مانگی خۆم نەبینم ڕۆژووەکەم ناشکێنم و قسە ناکەم.” ئێمە بووینە مانگی ئەو زاتە مەزنە و تێر نا، بەڵام زۆرمان گوێ هەڵخست و کەلکمان وەرگرت. زۆر بابەتی تەڕ و تازە و نەکوتراو نەبیستراومان سەبارەت بە هەژار و ڕێ و ڕێباز و بیر و باوەڕ و هاوڕێیانی لێ بیست. بە زمانێکی یەکجار شیرین و دڵنشین و و پاراو بۆمان دوا. هەر چی کردمان نەمانتوانی تەواوی ئەو فەساحەت و بەلاغەت و شیرین‌وتاریيە ڕاگوێزينە سەر پەڕی کاغەز. ئەوەی لە بەر دەستدایە پوختەیەك لەو وتووێژەیە کە حەول دراوە بەوپەڕی ئەمانەتەوە دابەزێندرێ. تکا دەکەم کەم‌وکووڕییەکانمان لێ خۆش بن . هەڵبەت بەڵێنی دەدەم ئەو وتووێژە دە دەرفەت و قالبێکی دیکەدا بێ کەم‌وکووڕی بڵاو بکەمەوە.

سەعدوون مازووجی

زێنەب خانم وەک لە هەر وتووێژێکدا باوە، تکا دەکەم لە سەرەتادا خۆتمان بە وردی پێ بناسێنە. کچی کێی و لە کوێ لە دایک بووی و چەند خوشک و برا بوون و بەرەی چەند دایکانن و … ؟وڵام: من زێنەب شەڕەفکه‌ندیم، بابم ناوی محەممەد و دایکم ناوی مریەم بووە. لەو سابڵاغە و لە گەڕەکی خڕێ لە دایک بووم. بابم لە پەڕاوێزی کتێبێکدا ساڵی لە دایک بوونمی ئاوا نووسیوە 25/12/1305. خوشکی سێ برا بە ناوەکانی عەبدولڕەحمان (هەژار) و عەبدوڵڵا و سادق بووم. مامۆستا لە جێگایەک دەڵێ: «سەرخڕێ زۆرتری هەموان بەشی تۆم – کۆرپەیەکی خڕه‌کەی باوەشی تۆم.» دایکی من بە جێگای دایکی کاک هەژار هاتووە. فاسیلەی تەمەنمان هەیە. بابم لە دایکی کاک هەژاری منداڵی دیکەشی بووە هەموو مردوون بۆیە کاکمی زۆر لە لا نازدار بوو. زۆر تایبەتی ئاگای لێ بوو و بۆ هەموو دەرسەکانی مامۆستای تایبەتی دەگرت. دایکم دەیگوت : هەر چی لە زاری عەبدولڕەحمان دێتە دەر، دوڕ و گەوهەرە، چونکە هەر بابەتێکی فێری بووە بابت لیرەیەکی داوەتێ. مامۆستا بۆخۆشی دەفەرمێ: «ئەم واتایە لە من بە یادگارن – پاک گەوهەر و دوڕی شاهوارن – مەردم دەوێ گەوهەری بناسێ – سەدی نەفرۆشی بە ئەسکیناسێ- من ناسیاوم نیە لە کوردەواری – ئی وا هەیە پێم دەڵێ هەژاری.»

کاک عەبدوڵڵا دوو ساڵ لە من چکۆڵەترە. سادق تەمەنی زۆر لە ئێمە کەمتر بوو، ئەو لە تەرەغە لە دایک بوو. بابم هەرچەند دەرسی مەلایەتی خوێندبوو بەڵام مەلایەتی نەدەکرد.لە تاریکەبازاڕی دووکانی هەبوو و زۆر منەتیشی بە کاسبی شاری نەبوو، لە تەرەغە مڵکمان ھەبوو. دووکانەکەی شوێنی کۆبوونەوەی خەڵکی زانا بوو. ئێستاش جێ دووکانەکەی خۆمانم لە بیر ماوە. لە سەردەمی ڕەزاشادا بە هۆی موخالیفەت دەگەڵ ئاڵ‌وگۆڕی لیباس (کشف حجاب) دە سەرەتادا ئاوارە و دوایە بۆ گوندەکەی خۆمان تەرەغە دوور خرایەوە. هەڵبەت ئەوە نەقڵەکەی دوورە و نامهەوێ هەمووی بگێڕمەوە. ئێمە دوودانگی تەرەغەمان هەبوو. بەداخەوە بابم لەوێ کۆچی دوایی کرد و ئێمەش بێ ئەنوا ماینەوە. کاکم بوو بە بابمان و سێبەری کەوتە سەرمان. دایکم کچی مەزنەپێاوێک بە ناوی محەممەد قەسیمی قازی بوو که خەڵکی سەردەشت بوو. پیاوێکی زۆر عالم و بە دەسەڵات بووە. لەقەبی فەخرولعولەمای هەبووە. لە سەردەمی شەڕی یەکەمی جیهانیدا بە هۆی ڕەتکردنەوەی فتوای جیهادی عوسمانییەکان کوژراوە. ئەو باوەڕی وا بووە شەڕی عوسمانییان بۆ دین نییە و بۆ دونیایە، بۆخاک و قودرەتە، بۆیە پێی شەڕێکی ناڕەوا بووە.(هه ژار)

زێنەب خانم لەگەڵ مامۆستا پێوەندیتان وەک خوشک و برا چۆن بوو؟

پێوەندی ئێمە پێوەندی خوشک و برا نەبوو،بەڵکە پێوەندی باب و فەرزەند بوو. من بابی خۆم چی وا نەدیتووه و هەمیشە سێبەری کاکم بە سەرەوە بووە، تەنانەت ئەو وەختەی لێرە نەبوو. بە ناشوکری نەبێ ئەویش زۆرمان لە کن نەبوو هەتا خوێندی لە تورجان و خانەقایە بوو. دوایەش پاش ڕووخانی کۆمار ڕویشت و 29 ساڵ یەکترمان نەدیتەوە.

چۆنیەتی ڕۆیشتنەکەت لە بیرە؟

بەڵێ کاکم لە بۆکانێ نەخۆش بوو. بۆ دەرمان کردنی لە سەقزی‌ڕا دوکتورێکی ئەفسەری ئەڕتەشی شایان ناردبوو،نازانم کێ ئەوکارەی ڕێک‌خستبوو. ئەفسەرەکە چووبۆوە لە لای سەرتیپ پاکدامەن تاریفی زانایی و بلیمەتی کاکمی کردبوو. ئەویش پێشنیاری موزاکرەی دابوو. وابوو جمهووری ئازەربایجانیش گیر و گرفتی بۆ هاتبووه پێشێ و خەڵک و پێشەوا نیگەران بوون. هەر بۆیە هەیئەتێک سازدرا بۆ موزاکرە، کاکم و عەبدولڕەحمان زەبیحی و حاجی حەمەدئاغای حیسامی. هەڵبەت پێش چوونی ئەو هەیئەتە بۆ سەقز، بارزانییەکان کە هەستیان بە خەتەر کردبوو، بە ماڵەوه و پێچایانینەوە هێنایانینەوە مەهاباد. ئەو دەم سێ نەفەر لە ئەفسەرە کوردەکانی گەرمێنی لەماڵە مە بوون، میرحەج و بەکر و مستەفا خۆشناو. بارزانی لە شەڕی سەقز و سەراوێدا دەوری باشیان هەبوو. دەگەڵ کاکیشم پێوەندییان خۆش بوو.(هه ژار)

بە شوێن چوونی هەیئەتەکەدا وەزعی ئازەربایجان شێوا. کاکم و ئەوانی تریان لە سەقز دەست‌بەسەر کردبوو. لێرە لە سابڵاغێ حەمەدەمین‌ئاغای حەسەن‌خاڵی هەبوو، کارمەندی سەبتێ بوو. پێشەوا زۆری خۆش دەویست، پیاوێکی وێچوو بوو. ناردبووی بە شوێن کاکمدا و ڕایسپاردبوو بە هەر شێوەیەک بێ کاکم بهێنێتەوە. بەڵام بەداخەوە ئەڕتەشییەکان ئەویشیان گێڕابووە. جوان لە بیرمە ماڵ و منداڵەکەی دەهاتنە لای دایکم دەگریان، ماڵە حەسەن‌خاڵی خزممان بوون. هێندەی نەخایاند شەوێکی زەبیحی بە کۆت و شاڵواری کاکمەوە هاتەوە. دایکم شاڵاوی بۆ برد و کوتی ئەدی ڕۆڵە هەژار کوا؟! نەماوە؟ کوتی: “نا ھەژار ماوە و چی لێ نەھاتووە. دایە بارزانی هاتبوون بماندزنەوە، ئەو دەگەڵ نەکەوت و من بە جل و بەرگی ئەوەوە وەدەر کەوتم و دەگەڵیان هاتمەوە.” دواتر حاجی حەمەدئاغا و حەمەدەمین‌ئاغاش هاتنەوە هەر یەک بە لایەکدا. بەڵام کاکم نەهاتەوە و ئێمەی بۆ ماوەی 29 ساڵ بەجێ هێشت. ساڵەوەختێك هەر هیچ خەبەرێکمان لێی نەبوو. دایکم هێندی بۆ گریا چاوی ئاومروای هێنا. دوای ساڵێک بە قادر بابانزادەدا نامەیەکی ناردبوو کە وا من ساغ و سڵامەتم و لە «کانی مارانم». هەڵبەت بۆخۆی ئەوەی گێڕاوەتەوە چۆن ڕۆیشتووە.(هه ژار)

مامۆستا هه ژار لە چەند جێگای چێشتی مجێوردا باسی جەنابت دەکا. خۆی بە تاوانبار زانیوە کە بۆچی پێی نەخوێندووی! بەڕاستی دەو پێوەندییەدا مامۆستا تا چ ڕادەیەك تاوانبار بوو؟

نەوەڵڵا من ئەو بە تاوانبار نازانم. من ڕژیمی ئەودەم بە تاوانبار دەزانم. سەردەمەکە ئاوا بوو، بۆ ژن ئیمکانی خوێندن کەم بوو. سەرەڕای ئەوەش کاکم بۆخۆشی نەیتوانی بخوێنێ. ئەو ئەگەر چووبا دانیشگایە پیاوێکی دیکەی لێ ساز دەبوو. ئەو ئێسانێکی زۆر گەورە بوو، هەر کەس نەیدیبێ نازانێ چ کەسێک بوو. لە پشتە سەر نەفەری دەدیت. چاوی بە چاوی هەر کەس کەوتبا دەروونی دەخوێندەوە. بۆ خۆشم بێ تاوان نەبووم. دوای ئەوەی چووینە بۆکان من بەرپرسایەتی ماڵێم وە عۆدە گرت. لەبەر عەبدوڵڵا و سادق نەدەکرا من بخوێنم . دواتریش هەر جێ‌بەجێ نەبوو.

لە جێگایەکی دیکەش باست دەکا. دەفەرمێ: “جارێکی زێنەب بێ لیباس بوو، 20 تمەنم دراو هەبوو قەرار بوو بۆی بدەم بە کراس. چوومە سابڵاغێ و سەرێکی دەفتەری کۆمەڵەی ژێکافم دا، یارمەتیان کۆ دەکردەوە، داواشیان لە من کرد، منیش 20 تمەنەکەم دا بە یارمەتی. کە هاتمەوە زێنەب داوای کراسەکەی کرد، منیش گوتم لە قومارێ دراوێ کراسەکەم دۆڕاندووە.” گوایە ئێوەش فەرمووتانە: “نا کاکە پێم وا نییە تۆ پیاوی قومارێ بی، دەبێ دابێتت بە شتێکی پێوستتر.” ئەوە ڕاستە یای زێنەب؟

بەڵێ ئەوە ڕاستە. منیش منداڵێکی زیت بووم، ئەو شتانەم دەزانی و دایکم دە دڵی هاویشتبووم. ئەو لە بنەماڵەی قازییەکانی سەردەشتێ بوو، لە جەریانی شۆڕشی مەلا خەلیلی گۆڕه‌مەڕێدا دوور خرابوونەوە بۆ بناوێ و زۆریان ناڕەحەتی له دەستی زاڵمان چێشتبوو. دایکم دێوی دزێوی زوڵمی چاك پێ ناساندبووم. دوای ئەوەش بڕە سەوادێکم هەبوو، نووسراوەم بۆ دەخۆیندراوە و موتالەعەم دەکرد. من ناڕەحەتیم زۆر دیوە و لە ژیان دەرسم وەرگرتووە. ڕەنج بە خەساریش نیم شکور برا و عەولاد سەربڵیندیان کردووم. دەنا هەر کەس بەقەد منی بەڵا بە سەر هاتبا، هۆش و حەواسی نەدەما. ئێستاش هەر دەخوێنمەوە، ئەوەتا دیوەکەی خۆم پڕە لە کتێب، هەر دەم لە بەر چاو و زەینمن. کتێب و سەنەدی مێژوویی و زۆر یادگاری نەتەوەییم لایە کە بە ھیچ لەونێك پێم خۆش نییە لە خۆمیان دوور کەمەوە. ئەوانە بەشێک لە میراتی منن بۆ پاشماوەکانم بەجێیان دەهێڵم.

فەرمووت بابی دایکت کوژراوە. بۆ چی و کێ کوشتوویەتی؟!

پێشتریش کوتم باپیرم قازیی سەردەشت بووە. عەشیرەتی  دەوروبەری سەردەشت لە قسەی دەرنەده‌چوون. لە سەردەمی شەڕی یەکەمی جیهانیدا کە وا سابڵاغ خەڵکەکەی قەتڵ‌وعام کرا، زۆر کەس پەنایان بو سەردەشت بردووە. باپیرم ئەو مەڵبەندەی ڕاگرتبوو. ڕووس دەچنە سەردەشت و باپیرم دەگەڵیان پێک دێ  بۆ ئەوەی خەڵکی بپارێزێ، کە چی خەڵکی ساویلکەی مەزھەبی دەنگۆ ساز دەکەن کە قازی قەسیم کافر بووە. خەبەر دەچێتە لای باپیرئاغا کە بابی دایکی قازی قەسیم بووە و دەڵێن نەوەکەت کافر بووە. هەڵڵا ساز دەبێ و دە شەڕی نێوان عەشیرەت و ڕووساندا باپیرم لە لایەن ڕووسەکانەوە دەکوژرێ. پیاوێکی دەگەڵ دەبێ بە ناوی قادرئاغا کە تاقەکورەی باپیرمی بە باوەشەوە دەبی که ئەو دووانەشیان دە وەختی هەڵاتنێدا کوشتووە. دوای ئەو ڕووداوە هاتوونە ناو شاری سەردەشت و خەڵکێکی زۆریان کوشتووە. 5 مامی دایکمیان کوشتووە. میرزا مەحموودی شابەندەر کە باپیری ئەو شەریف‌زادانەی ئێرەیە و سەعید حەسەنیانی بابی کاک عەلی حەسەنیانیی شاعیریش ئەوەیان وەبیر دەهات. دەهاتنە لای دایکم و نەقڵی ئەو ڕۆژە تاڵانەیان بۆ دەکرا. ماڵە باپیرمیان دەو ڕووداوانەدا ڕووسەکان ئاور تێبەردا و وێرانیان کرد.(هه ژار)

پاش زەماوەند ماڵتان چووه سەردەشت؟

بەڵێ من دوای زەماوەند چوومە سەردەشت، ئاغای حەسەن‌خاڵی مێردم کارمەندی دوخانیات بوو. بۆ کاری ئیداری ڕەوانەی ئەوەێ کرا. من دەگەڵ مێردەکەم خزمایەتی پشتێمان هەبوو و لە مڵکی شەڕەفکەندیدا شەریک بووین. گەورەکانی ئێمە لە سەر ئەو موڵکە ھەڵڵایان لێ پەیدا ببوو. ئێمە 17 ساڵ ماڵمان له سەردەشت بوو. لە ماڵە پاشماوەکانی باپیری خۆم بووم. لە سەردەشت‌ڕا بۆ ماوەی 5 مانگ چووینە ساینقەڵا و دوایە لە ساڵی 1354 هاتینەوە مەهاباد.

لە ساڵانی پەنجاکان نێوانی ئێران و شۆڕشی بارزانی زۆر خۆش بوو. ئەو دەم هیچ پەیوەندییەکتان دەگەڵ مامۆستا هه ژار بۆ نەگیرا؟

ناوەڵڵا هات‌وچۆمان نەبوو بەڵام نامە و عەکسی خۆی و منداڵەکانی دەهات.

لەو یادگارانە هیچت ماون؟

جا کوا دەمێنێ! من سێ جارم ماڵ لێ شێواوە.

سالی 54 مامۆستا هه ژار هاتەوە ئیران، لە کوێ نیشتەجێ بوو؟

لە ماڵە سەید عەبدوڵڵا کولیجی، ئەو خانووەی ئێستا سەید حەسەنی تێدایە. ئەو دەم سەید حەسەن لێرە نەبوو. بۆ ماوەی ساڵێک دە ماڵە ئه‌واندا بوو. دوایە بارزانی کە هاتەوە مامۆستاش چووە کەرەجێ و لە عەزیمیە نیشتەجێ بوو.

تۆ چۆنی دەگەڵ بەرەوڕوو بووی؟

من لە سەردەشت بووم. کوڕێکی  سابڵاغی هەبوو نێویم لە بیر نەماوە، کارمەندی ئیدارەی بەرق بوو. بە ماشێنی ئیدارەی بەرق هات بە شوێنمدا، کوتی وەرە کاک هەژار هاتۆتەوە. نازانم چۆن گەیشتمەوە شاری. بەڵام کە لە ماڵێ وەژوور کەوتم لە پەنجەرە‌ڕا کاکم دیت و ناسیمەوە. لە حەسارێ ئامێزمان بە یەکدا کرد. من کە قەت نابوورێمەوە، دە باوەشی کاکمدا بوورامەوە.

ڕواڵەتی زۆر گۆڕابوو؟!

بەڵێ زۆرگۆڕا بوو، قەڵەو ببوو. بەڵام من عەکسەکانیم پێشتر دیبوو. عەزیزی ژیان و ئاغای نانەوازادە عەکس و خەبەریان بۆ دەهێنام.

تۆ دوای ئەو دیدارە نەتدیتەوە؟!

با! چەند جارم سەر دا. جارێک بە سەر شتێکی ناخۆشیشدا کەوتم. فەرهاد شاکەلی لە ماڵە کاکمدا لە حەمامێ لە حەیفی مەلا مستەفا خەریک بوو خۆی بکوژێ من نەجاتم دا.

لەو ماوەیەدا کە ھەژار لە مەهاباد بوو کێ بە دەورییه‌وە بوو؟

خەڵکی دێهاتی دەهاتن، هی مەهاباد کەمتر. مەلا عەوڵا حەسار و هەمزەی سڵێمان‌ئاغای و زۆر کەسی دیکە. ڕەفیقەکانی شاری وه‌ک زەبیحی و قزڵجی، خۆیان وەک هەژار ئاوارە بوون. لە نێو شار ناسیاوی زۆر نەبوو.

مامۆستا چۆن باسی شکستی شۆڕشی مەلامستەفای دەکرد؟ خەڵک زۆر ناڕەحەت بوون، ئەوەتا بۆخۆت دەفەرمووی یەکێکی وەک فەرهاد شاکەلی قەستی خۆکوشتنی هەبوو. خەڵک چیان دەگوت، هەژار چۆنی جواب دەدانه‌وە؟

بەڵێ خەڵک زۆر ناڕەحەت بوون، کوڕی گەورەی مامۆستا واتا محەممەد، لەو جەریانەدا هەر شێت بوو. بەڵام مامۆستا پێی خۆش نەبوو باسی ئەوەی دەگەڵ بکرێ. جارێکی من دەو بوارەدا دواندم هەر ئەوەندی کوت: “خەیانەت نەکراوە خەتا کراوە. خەیانەت و خەتا فەرقیان زۆرە.”

کە وا بوو هەژار زۆر گوێی نەدەدا قسەی ڕەخنەگران؟

نا گوێی نەدەدایە. محه‌ببەت و خۆشەویستی بەرامبەر بە بارزانی ماوەڕای ئەو شتانە بوو. بارزانیش زۆری خۆش دەویست. کاتێک لە بۆکان نەخۆش بوو، بە خۆی و 60 نەفەر پێشمەرگەوە هاتە سەردانی کاکم.

یانی پێوەندی هەژار و بارزانی لە سەردەمی کۆمارڕا دەستی پێکردبوو؟

لە سەروبەندی ھاتنەوەی ئەڕتەش مەلامستەفا لە تاران‌ڕا هاتەوە مەهاباد و لە ماڵە میرزا ڕەحمەتی شافعی میوان بوو. ئاگای لەوە نەبوو کاکم لە لایەن پێشەواڕا نێردراوە بۆ سەقز. کوتبووی “سابڵاغی! من ئەمانەتێکم لای ئێوەیە، خودای نەخواستە شتێکی لێ بێ ئێوە بەرپرسن، هەژار ئەمانەتی منە، ئاگاتان لێی بێ.”

زێنەب خانم ئێستا بە تەواوی ئەو بەسەرهاتە خۆش و ناخۆشانەوە کە تەجرەبەتان کردووە، کاک هەژاری برات چۆن دەبینی و لە ڕوانگەی خوشک و برایەتییەوە چۆنی هەڵدەسەنگێنی؟

وڵام: من ئەوم زۆر خۆش دەویست و ئێستاش زۆرم خوش دەوێ. هەر بۆیە ئیرادەکانیم نەدەدیت. ئەگەر ئێرادیش هەبایە نەمدەتوانی بیڵێم، دەنا هیچ کەس بێ هەڵە نییە. ڕەخنەشی لێ دە

 

گیرا! ئەو دەم کە کتێبی شەریعەتی وەردەگێڕاوە، دەیانگوت بۆ بە قسەی کەسێکی منداڵکارە چووە ئەو کارەی کردووە. منیش ڕەخنەکەم گەیانده خزمەتی. فەرمووی: “پێم سەیرە تۆ ئەوەی دەڵێی مەبەستم لەو وەرگێڕانە دروست کردنی حەڕفی کوردییە خۆ ئێستا لێرە هیچ کەلیمەیەک نییە، با ئەمن بە هەر وەسیلەیەک بێ ئەو حڕووفە سازکەم دوایە بابەتی دیکەی پێ دەنووسین.” ڕاستیشی دەکرد، کتێبی کوردی وەگیر نەدەکەوت. «بۆ کوردستان»ی کاکم تەنیا بەرگێک مابوو ئەویش لە کن من بوو. ئەو دەم زەمانی شای بوو خۆ هیچ نووسراوەیەکی کوردی دە گۆڕێدا نەبوو. دەو ئاخرییانەدا زۆر شتم دە دڵدا بوو بەڵام پێم خۆش نەبوو دڵی بشکێنم و پێی بڵێم.

ئەمن هەمیشە گەورەیی ویم لە بەر چاو بوو. ئەو تەواوی ژیانی لەسەر کورد دانا. نە ڕەگەزپەرست بوو نە بەرچاوتەنگ. پێی خۆش بوو هەموو عالەم شتی بزانێ، هەموو عالەم  شاعیر بێ، ئەدیب بێ، نووسەر بێ. عەلاقەی زۆر بە هونەرمەندان بوو. ئەو هاوارەکەی بەتەنێ بۆ خۆی نەبوو، بۆ کورد نەبوو، بۆ تەواوی دونیایە بوو. زۆری حەز لە حیزبایەتی نەبوو، دەیگوت حیزبایەتی مەحدوودم دەکاتەوە.

خۆ عیشقی بارزانی نەبایە قەت دەگەڵ پاڕتیش نەدەبوو. ئەوانە هەموو نیشانەی گەورەیی ئەو بوون و من لەبەر ئەو سفەتە بەرزانە قەت ئیزنم بە خۆم نەدەدا هیچ شتێک بڵێم.

زێنەب خانم وەسێت‌نامەی هەیە؟ لە سەر شوێنی ناشتنەکەی قسە زۆر بوو.

وڵام: نەخێر وەسێت‌نامەی نییە. بە ڕاشکاویش لە هیچ جێگایەکدا ئیشاڕەی بە شوینی ناشتنی خۆی نه‌کردووە. کاک فرانسوا حەریری بەپێی ئەو بەیتە شێعرە وای بیر دەکردەوە کەدەبێ لە تەنیشت بارزانی لە شنۆیە بنێژرێ. دەشێعرێکدا ڕوو لە ئیدریس بارزانی دەکا و دەڵێ: «ئەتۆ ئێرەیت برد پێشم کەوتی – زووتر چووی لای بابت خەوتی».

بەڵام من وا بیر دەکەمەوە بەپێی هێندێک شێعر و ئەو قسانەی لێم بیستبوو، پێی خۆش بوو لە مەهاباد بنێژرێ.

«سەرخڕێ زۆرتری هەموان بەشی تۆم – کۆرپەیێکی خڕەکەی باوەشی تۆم

هەوەڵین جێیه‌کی لێم دانا پێم  – کورڕی خۆتم بتەوێم یا نەته‌وێم.»(هه ژار)

بەپێی ئەو شێعره هەژار دەبوو لە پاڕکی مامۆستا مەجدی نێژرابا. لە سەرەخۆشی مامۆستا ھێمندا من زۆر بە پارێزەوە لێم پرسی ئەرێ کاکە لەگەڵ مامۆستا ھێمن بەڵێنیتان دا بە یەک کە لە خانەقا لە پەنا یەکتری بنێژرێن؟. فەرمووی: “نا، شتی وا نییە. پیاو نازانێ لە کوێ دەمرێ. بەڵام من لە مه ھاباد لە دایک بووم.” بە هەموو ئەو ئیشاڕانەڕا هەژار پێی خۆش بوو لە مەهاباد بنێژرێ. مەلا مستەفا قەبرەکەی لە شنۆیە دایمی نەبوو، چاک بوو کاکمیان نەبردە ئەو شوێنە دەنا ئێستا بە تەنیا دەمایەوە، ھەر چەند ئەو شتانە بۆ وی گرینگ نەبوون و کاکم لە ھیچ شوێنێکی ئەو دونیایە گۆڕغەریب نەدەبوو.

سەبارەت بە کۆچی دوایی و ناشتنی مامۆستا هه ژار پێت خۆشە بدوێی؟

وڵام: بەڵێ من دەمێک بوو لە کنی بووم. یانی لە کەرەج لە ماڵە کاکم بووم. کوێراییم دایە بۆ فەڕانسە دەگەڵی نەچووم. بۆ عەمەلی قەلبی ڕوانەی وێ کرا. پاشان کە هاتەوە من هەر نیگەرانی بووم، بۆی دەگریام. دکتور یۆسفی نێوێک هەبوو، پسپۆڕی قەلب بوو، گوتی: “خوشکم مەگری بە خۆشییەوە باترییه‌کی باشیان بۆ داناوە بۆ 20 ساڵی دیکە بیمەیە، ئیشەڵڵا چی لێ نایە. حەیفە ئەوە شتێکی لێ بێ، ئەوە پیاوێکی گەورەیە.” بەڵام هەژار زۆر ناڕەحەت بوو و دوای ئەو عەمەلە هەر نەهاتەوە سەر خۆ. بەیانییەکی زوو ماپەرەی خێزانی خانم و من لە ماڵێ بووین. حاڵی تێکچوو. تەلەفوونمان بۆ دکتور شەوکەت کرد و پیمان ڕاگەیاند. ئەویش زۆر زوو هات و گەیاندییە نەخۆشخانە. من دەگەڵی نەکەوتم. هێندی نەخایاند سەید حەسەنی کولیجی هاتەوە، پەشۆکابوو، لێم پرسی چ بووە؟ فەرمووی: “ئەوەی نەدەبوو ببێ بوو. هەژار لە دەست چوو.” من زیڕاندم و بەربوومەوە. ئەگەر وەهۆش هاتمەوە میرزا عەلی خوسرەوی و حەسەنی حیسامی لە ژوور سەرم بوون. تەرمی کاکمیان برد بۆ مقەڕی پارتی و وردە وردە هاتمەوە سەر خۆ، بە تایبەتی بە قسەکانی ڕەشیدخانی کە لە بن سەری کاکم دانیشتبوو و کفنی بۆ دەدروو. کە چاوی بە من کەوت کوتی: “ئەگەر خوشکی هەژاری، بێ غیرەت نابی! هەژار لە بارزانی و ئیدریس زیاتر نییە، مەرگ بۆ هەموومانە. نەچی به هات‌وهاوار خۆت سووک و دوژمنانمان پێ خۆش کەی.” ئەو ئامۆژگارییه‌م زۆر بە دڵەوە نووساو ئارام بوومەوە.

بۆ شەوێ هاتینەوە. کە گەیشتنە بناوێ لەو فەلەکەی کە بۆ لای مەهاباد دێتەوە، خەڵکێکی یەکجار زۆر بە پیر تەرمی کاکمەوە هاتبوون. نەمدەزانی ڕوو دە کێ کەم. هەموو هاتبوون ئه‌لێرەدا من مەمنوونی سابڵاغییانم. لە میاندواوێ، لە کەڵکی بەگزادان لە درێژەی ئەو ڕێیەدا هەر خەڵک بوون ڕاوەستابوون و چاوەڕوانی گەڕانەوەی تەرمی هەژار بوون. بە چاوی بە فرمێسک و دڵی غەمبارەوە خەلک زۆریان محیببەت نواند و بە شێوەیەکی شیاویش بەخاکیان سپارد.

 

زێنەب خانم ئەگەر فەرمایشێکی نەکوتراوت هەیە کە پێت خۆشە باسی بکەی دە خزمەتداین. پێمان خۆش نییە زیاتر لە وە عەزیەتت کەین. هەر چەند ئێمە پرسیارمان لە جەنابت زۆر ماوە ئیشەڵڵا ئەگەر بڕەخ  سێ دە دەرفەتێکی شیاودا دێینەوە خزمەتتان.

وڵام: دوو بابەتتان عەرز دەکەم. یەک ئەوەی کە بەداخەوە ژیان و ئەرکە قورسەکانم نەیانهێشت زۆر لە خزمەت کاکمدا شت فێر بم. دووهەم ئەوەی کە هەر بابەتێکی دەینووسن باشی هەڵسەنگێنن لە خۆڕا و بێ لێ‌ وردبوونەوە هیچ نووسراوەیەک بڵاو مەکەنەوە. ئەوەتا تەنانەت لە نووسراوەکانی ئەو دواییانەی کاکمدا هەڵە و پەڵەی زۆر ناخۆش هەیە. بە من  بایە قەت نەمدەهێشت «چێشتی مجێور» بەو شێوەیە بڵاو بێتەوە. دەبوو هێندیک بابەتی لێ دەرهاویشترابا. هەموو کەس ئەو کارە دەکا. هەموو بابەتێک پێویست نییە بڵاو بێتەوە، تەنانەت ئەگەر ڕاستیش بێ. ئەو کارەی ئێوە دەیکەن خزمەتێکی گەورەیە خودا تۆفیقتان بدا. بە هیچ جۆرێک ڕێگا مەدەن زەحمەتەکانتان بشه‌مزێ و بە خەسار بچی؟

یای زێنەب تەمەن‌درێژی و عاقیبەت‌بەخێری بە لەشی ساغەوەتان بۆ بە ئاوات دەخوارین. دەوڵه‌ت زیاد و ماڵ ئاوا.