بەرپرسێکی باڵای پارتی دێموکڕاتی کوردستان بە دەنگی ئامریکای ڕاگەیاند کە بە زوویی دەگەڕێنەوە کەرکوک. بە پێی زانیارییەکانی كردستان فردا، کەماڵ کەرکوکی بەرپرسی باڵای پارتی دێموکراتی کوردستان لە وت و وێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئامریکا ڕایگەیاند کە پارتەکەی بەزوویی دەگەڕێتەوە شاری کەرکوک. کەماڵ کەرکوکی گووتی ئۆڕگانە ئەمنییەتییەکانی عێراق لەحاڵی کارکردنن بۆ چۆڵکردنی دەفتەر و بارەگاکانی پارتی […]
بەرپرسێکی باڵای پارتی دێموکڕاتی کوردستان بە دەنگی ئامریکای ڕاگەیاند کە بە زوویی دەگەڕێنەوە کەرکوک.
بە پێی زانیارییەکانی كردستان فردا، کەماڵ کەرکوکی بەرپرسی باڵای پارتی دێموکراتی کوردستان لە وت و وێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئامریکا ڕایگەیاند کە پارتەکەی بەزوویی دەگەڕێتەوە شاری کەرکوک.
کەماڵ کەرکوکی گووتی ئۆڕگانە ئەمنییەتییەکانی عێراق لەحاڵی کارکردنن بۆ چۆڵکردنی دەفتەر و بارەگاکانی پارتی لە کەرکوک. ئەو سەبارەت بە جەریانی فاشیست و نژادپەرەستی بەشێک لە حیزبە تورکمان و عەڕەبەکان لە کەرکوک هۆشداری دا و ئەوانی تاوانبار کرد کە بەشێک لە لایەنی عەڕەبی و تورکمانی دژ بە هەر کەس و لایەنێکی کوردین و فکری بەشێک لەو لایەنانە فاشیستییە؛ و پارتی دێموکڕات پێوەندییەکی باشی لەگەڵ حیزبە تورکمان و عەڕەبەکانی کەرکوک هەیە.
پارتی دێموکڕاتی کوردستان لە دوای ڕووداوەکانی ۱٦ی ئۆکتۆبری ۲۰۱۷ و هێرشکردنە سەر کەرکوک لە لایەن هێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و کۆنتڕۆڵکردنی، ئەوشارەیان بەجێهێشت و ڕایگەیاند کە کەرکوک داگیرکراوە و هەربۆیەش لە دۆخێکی ئاوادا ناگەڕێنەوە سەر بنکە و بارگاکانیان. هەر بۆیەش لە هیچ دانیشتنێکی پارێزگاری کەرکوکدا بەشدار نەبوون و لایەنی کوردیش نەیتوانی پارێزگارێکی کورد بۆو شارە دەسنیشانکا.

بە نزیکبوونەی هەڵبژاردنەکانی شۆڕای پارێزگاکان کە بڕیارە ۱ی ئاوریلی ساڵی ۲۰۲۰ بەڕێوەچێ، لایەنی کوردی و لەسەرووی ئەوانیشەوە پارتی دێمۆکڕات بە سەرکردایەتی مەسعوود بارزانی، لە هەوڵی ئەوەدان کە بتوانن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا جێگە و پێگەیەکی قایم بۆ کورد و حیزبەکانیان دەستەبەر کەن.
ناکۆکییەکانی نێوان دوو حیزبی سەرەکی هەرێمی کوردستان ــ پارتی و یەکێتی ــ پێشینەیەکی بە درێژایی تەمەنی ئەو دوو حیزبە هەیە و ئەو ناکۆکییانە خۆی لە پرسی ڕێفڕاندۆمدا نیشاندا و ئەگەرچی ڕێفڕاندۆمیان بە سەرکەوتوویی ئەنجامدا، بەڵام لە کۆتاییدا، بوو بە هۆی کشانەوەیان لە کەرکوک و بەرتەسکبوونەوەی ژئێۆپۆلیتیکی و جوغڕافیای سیاسی کورد لە عێراق.
پارتی پاش کشانەوەی لە کەرکوک و بەجێهێشتنی بارەگاکانی لەو شارە، بە تاوانبارکردنی حکومەتی و سوپای عێراق بە داگیرکاری، خۆی لە پرس و گرینگی و گرفت و کێشەکانی کەرکوک بێبەری کرد و هەربۆیەش “یەکێتی نیشتمانی کوردستان”، نەیتوانی بە تەنیا پارێزگارێکی کورد بۆ ئەوشارە دەسنیشان کا.
کورد پێی وایە کە عەڕەب و تورکمانی کەرکوک بەشێوەیەکی سیستماتیک دەیانهەوێ بۆ جارێکیدی کەرکوک تەعڕیب بکەن و عەڕەبە هاوردە و ئاوارەکان لەو شارەدا نیشتەجێ کەن.
بەهاتنە سەرکاری عادڵ عەبدولمەهدی بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی بەغدا، پێوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا بەرەو باشتربوون ڕۆی و چەن پرسێکی گرینگ لە نێوان دوو لایەندا ڕووی لە چارەسەری کرد.
یەکێک لە هەرە پرسە گرینگەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان پرسی مادەی ۱۴۰ و ناوچە کوردستانییە کێشە لەسەرەکانە.
بەپێی مادەی ۱۴۰ی یاسای عێراق، دەبێ کەرکوک و باقی ناوچە کێشە لەسەرەکان بگەڕێنەوە سەر ڕەسەنایەتی خۆیان و هەر بۆیەش ئەو مادەیە پێویستە لە سێ قۆناخدا ( گەڕانەوەی ئەو کوردانەی لەکاتی سەددام حسێندا کۆچدراون و ناردنەوەی عەڕەبە هاوردەکان، سەرژمێریکردن و ڕێفڕاندۆم)، بێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هرووژمی داعش بۆ موسڵ و پاشەکشەی سوپای عێراق لەو ناوچەیە تێکشکانی داعش بە دەس کورد و کۆنتڕۆڵی کەرکوک و ناوچە کوردستانییە کێشەلەسەرەکان لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە بوو بەهۆی بەرفراوانبوونی جوغرافیای سیاسی هەرێمی کوردستان و هەر ئەوەش وایکرد کە، مەسعوود بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی فەڕمی جێبەجێبوونی مادەی ۱۴۰ ڕابگەیێنێ و پاشانیش ڕێفڕاندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبەرێ. بەڵام ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی بوو بە برینێک بۆ خەونی سەد ساڵەی کورد لە عێراق و لاوازبوونی سیاسەت و هێزی کورد لە عێراق و ناوچەکەدا.
بە کشانەوەی هێزەکانی پارتی و یەکێتی لە کەرکوک، ئەو شارە لە لایەن سوپای عێراق و حەشدی شەعبییەوە کۆنتڕۆڵ کراوە و جوغڕافیای کورد گەڕاوە سەر ساڵی ۱۹۹۱.

ئێستاش دوای دووساڵ، پارتی دێموکڕاتی کوردستان دەیهەوێ بگەڕێتەوە کەرکوک و لە هەڵبژاردنەکانی ۱ی ئاوریلی ۲۰۲۰ بەشداری بکا.
- نویسنده : میکاییل سانیار

























