ڕۆژئاوای کوردستان و سەقامگیری جۆرێک لە دەسەڵاتدارێتی بە ئیدئۆلۆژیەکی سیاسی تایبەتەوە لە دەورەی کۆتایی ئیدئۆلۆژیدا (بە تەعبیری لیبڕاڵەکانی چاخی شەڕی سارد)، کە تواناییەکی بەھێزی ڕێکخستنی کۆمەڵگا و تاکی کورد لەم جوغرافیا سیاسیەیدا ھەیە، ئەگەر لە ڕوانگەی جیھانی ڕۆژئاوایی و ئاکادێمیسیەنەکانی دنیای ئازاد کەیسێکێ گرینگ و جێی تێڕامانە، بۆ ئەو وڵاتانەی کە دەستەویەخەی کێشەیەکن بە ناوی […]
ڕۆژئاوای کوردستان و سەقامگیری جۆرێک لە دەسەڵاتدارێتی بە ئیدئۆلۆژیەکی سیاسی تایبەتەوە لە دەورەی کۆتایی ئیدئۆلۆژیدا (بە تەعبیری لیبڕاڵەکانی چاخی شەڕی سارد)، کە تواناییەکی بەھێزی ڕێکخستنی کۆمەڵگا و تاکی کورد لەم جوغرافیا سیاسیەیدا ھەیە، ئەگەر لە ڕوانگەی جیھانی ڕۆژئاوایی و ئاکادێمیسیەنەکانی دنیای ئازاد کەیسێکێ گرینگ و جێی تێڕامانە، بۆ ئەو وڵاتانەی کە دەستەویەخەی کێشەیەکن بە ناوی پرسی کورد مەترسیەکی مەزنە کە لە ئەگەری پەرەسەندنی ئەم ئیدئۆلۆژیەدا دەتوانێ ببێتە ھۆی لە دەستدانی بەشێک لە دەسەڵاتداریەکەیان. ئەگەر ئەو وڵاتە تورکیەیەک بێت کە ڕێبەرەکەی ئۆردۆغانێکە کە خۆی وەک سوڵتانێکی عوسمانی پێناسە بکات و بە دووی ئەوەوە بێت کە سنووەەکانی خەلافەتەکەی ھەراوتر بکات دیارە ڕۆژئاوا مەترسیەکی چەند قاتتر دەبێت.
ئۆردۆغان وەک نوێنەری ئیخوانی تورکی لە سەر بنەمای دوو بیرۆکەی خەلیفەگەری ئیسلامی و ناسیۆنالیسمی ڕدیکاڵی تورک و دوو پێش فەڕزی؛ کورد وەک ھێزێکی سێکۆلار و پێکھاتەیەکی جیاواز ئەویتری بە ھێزی گوتارە ناسیۆنالە مەزھەبیەکەیەتی و دوو ئەوەیکە تورکیە و ئۆردوغان رەسەڵاتی پەرەدان بەم خەلافەتەی پێ ئەسپێردراوە، خەریکە سیاسەت دەکات و ھەموو کردەوەکانی ئۆردۆغان چ لە پێوەندی لە گەڵ سیاسەتی ناوخۆ بە نیسبەت کورد و لایەنە سێکۆلارەکان و چ لە پێوەندی لە گەڵ سیاسەتی دەرەوە دا بە نیسبەت کورد و وڵاتەکانی دیکە بە تایبەت ئیسڕائیل وەک دژبەری سەرەکی ئیسلامی بنەماژۆخواز، لە خزمەت بە کردەوە کردنی ئەم بیرۆکانەدا بووە. ناسیۆنالیسمی مەزھەبی ئۆردوغان بە جۆرێک خەریکە خۆی پێناسە دەکات کە بە کەڵک وەرگرتن لە ئامرازی «زۆر»، واتە چەک خەریکە دەموچاوی دەسەڵاتدارێکی فاشیست کە بۆ سەپاندنی نیزامی فیکری خۆی پەلاماری نەتەوەکانی دیکە دەدات و تەنانەت بیر لە پاکتاو و تێکدانی دێمۆگرافی ناوچەکانیش دەکاتەوە، بەخۆوە دەگرێت.
لە ڕاستیدا پێناسەی دەسەڵاتدارێتی ڕۆژئاوا لە ڕوانگەی ئیدئۆلۆژی ناسیۆنال-مەزھەبی ئۆردۆغاندا تەنیا مەترسیەکی ئەمنی نیە بەڵکو ئەو لەمپەڕەیە کە دەتوانێ خولیای زیندو کردنەوەی خەلافەت بە خوێندەنەوەی ئیخوانی تورکی پوچەڵ بکاتەوە. بۆیە ئۆردۆغان بە کەمتر لە داگیر کردنی ڕۆژئاوا و پەلاماری سەربازی ڕازی نیە و دەیھەوێ بە دەست بە سەرداگرتنی ئەم بەشەی کوردستان ڕێگایەک بکاتەوە بۆ پێنانە نێو حەوزەی نفوزی ئێران، تا بتوانێ لەم ڕێگایەوە دوژمنی مێژووی خەلافەتی عوسمانی بخاتە پەراوێزەوە، چون لەم ڕوانگەیەوە ئەوە ئێرانە پێی بۆ سنوورەکانی خەلافەتی تورکی واتە سوریە درێژ کردوە. کەواتە ئەم شەڕەی ئۆردۆغان دژ بە ڕۆژئاوا دەتوانێ سەرەتای دامەزرانی کێشەیەکی دیکە بێت، کێشەیەک کە لە ئەگەری ڕووبەڕووبونەووی دوو جۆر ناسیۆنالیسمی مەزھەبیەوە دێتە ئاراوە؛ ناسیۆنالیزمی مەزھەبی ئێرانی شیعە کە بە دووی سازکردنی ھیلالی شیعەوەیە و سوریە یەکێک لە ئامانجەکانێتی کە زۆریشی کار بۆ کردوە و ناسیۆنالیزمی مەزھەبی سونە کە ئۆردوغانی تورک بۆ گەورەکردنەوەی لانی کەم ھێژمۆنی خۆی سوریە ئامانجی سەرەکیەتی و کورد گەورەترین لەمپەڕ. بۆیە دەتوانین بڵێین کە بێ خەم بوونی کۆمەڵگای نێو نەتەویی و وڵاتانی ناوچە بە نیسبەت ئەم شەڕە، ئیزن دانە بە ساز بوون و بەھێزتربوونی جۆرێک فاشیسمی مەترسیداری مەزھەبی کە ھەم چەکی ھەیە ھەم جۆرێک لە شەرعیەتی ئەمنی و ناوخۆیی و دەرەکی بە ھاوڕابوونی بەشێکی زۆر لە مەزھەبیە نوێیەکان لە چوارچێوەی ئیخواندا ھەیە.
- نویسنده : آزاد محمدیانی

























